بۆ ناوەڕۆک بازبدە

یەکسانیی جێندەری

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ھێمای یەکسانیی جێندەری

یەکسانیی جێندەری یان یەکسانیی زایەندی بریتییە لە ھەبوونی بارودۆخێکی ئاسان و گوونجاو بۆ گەیشتن بە سەرچاوە و دەرفەتەکان بەبێ گوێدانە جێندەر. ھەروەھا ئەمانەش دەگرێتەوە: بەشداریکردنی ئابووری، بڕیاردان، بایەخدان بە ھەڵسوکەوت، ئاوات و پێویستییە جیاوازەکان بەبێ گوێدان و گەڕانەوە بۆ جۆری جێندەر یان زایەند.

ڕێکخراوەی کاری نێودەوڵەتی لە وتاری مافەکانی کرێکارانی ژن و یەکسانیی جێندەری، چاپکراوی ساڵی ٢٠٠٠، لاپەڕە ٤٨ ئاماژەی پێ کردووە و دەڵێت:

یەکسانیی جێندەری، یەکسانی لەنێوان ژن و پیاو، ھەڵدەستێت بە چەسپاندنی ئەو چەمکەی کە ھەموو مرۆڤەکان، ھەم ژنان و ھەم پیاوان، ئازادن لە پەرەپێدانی توانا تایبەتییەکانی خۆیان و بڕیار بدەن بەبێ دیاریکردنی سنوور بۆیان بەپێی ڕای پێشینە، پێشداوەری و لەخۆڕایی بڕیاردان. یەکسانیی جێندەری بە واتای ئەوە دێت کە ھەڵسوکەوتی جیاواز، ویست و بەرپرسیاری ژنان و پیاوان ڕەچاو و بەھادار دەکرێت بە یەکسانی و بە بێ جیاوازی کردن. ئەمە واتای ئەوە ناگەیەنێت کە ژن و پیاو ھاوشێوە و چوونیەک بن، بەڵکوو نابێت کە مافەکانیان، ئەرکەکانیان و دەرفەتەکانیان بەند بێت لەسەر ئەوەی ئایا بە ژن یان پیاو لە دایکبوون. یەکسانیی جێندەری ئاماژەیە بۆ مامەڵەیەکی یەکسانانە بەرامبەر بە ژن و پیاو بەپێی پێویستی ھەر یەکێکیان. و دەکرێت مامەڵەی یەکسان یان جیاواز لەخۆبگرێت کە بە یەکسان دابنرێت لەڕووی ماف، سوود، ئەرک و دەرفەت.

لە جەنگی جیھانیی دووەمەوە، جوڵانەوەی ئازادیی ژنان و ڕێبازی یەکسانیی ژن و پیاو (فێمێنیزم) ھەستاون بە دامەزراندنی جوڵانەوەیەکی گشتی بۆ ناساندنی مافەکانی ژنان. نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان چەندەھا پەیماننامە و کۆبوونەوەیان ئەنجام داوە سەبارەت بە بانگەشە و بەرەوپێشبردنی یەکسانیی جێندەری، ھەرچەندە ئەو پەیماننامە و کۆبوونەوانە لەلایەن ھەموو وڵاتانی جیھانەوە نەناسێنراوە و دانی پێدانەنراوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان

[دەستکاری]

دیدگە و خەونی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەیە کە ژن و پیاو بە یەکسانی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت لە کۆمەڵگە، ئابوور و ھەموو بەشەکانی تری کۆمەڵگە و جیاکارییان بەرامبەر نەکرێت بەپێی جۆری جێندەریان. یەکسانیی جێندەری یەکێکە لە ئامانجەکانی ڕاگەیاندنی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.[١] دامەزراوە جیھانییەکان یەکسانیی جێندەرییان پێناسە کردووە بە دەستەواژەکانی وەک (مافەکانی مرۆڤ، مافەکانی ئافرەت و گەشەسەندنی ئابووری.)[٢] بڵاوکراوەی ئامانجی گەشەسەندنی ھەزارەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت کە ئامانجەکەیان بریتییە لە «بەدیھێنانی یەکسانیی جێندەریی و بەھێزکردنی ژنان». سەرەڕای ململانێ ئابوورییەکان لە وڵاتانی تازە پەرەسەندوو، نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام لە ھەوڵی بەرەوپێش بردنی یەکسانیی جێندەرییە و ھەروەھا یارمەتی دان بەمەبەستی دامەزراندنی ژینگەیەکی سەقامگیر و لەبار بۆ ھەموو نەتەوەکان. ھەروەھا پێدانی ماف و مووچەی ھاوشێوەی پیاوان بە ژنان کە ھەمان کار دەکەن.

ھەوڵەکانی بەرەنگاربووەنەی نایەکسانی

[دەستکاری]

لە ساڵی ٢٠١٠، یەکێتیی ئەورووپا ھەستا بە کردنەوەی دامەزراوەی ئەورووپی بۆ یەکسانیی جێندەری (EIGE) لە ڤێلنیوس، پایتەختی لیتوانیا بۆ بەرەوپێش بردنی یەکسانیی جێندەری و بەرەنگاربووەنەی جیاکاریی جێندەری. لە ٢٠١٥ یەکێتیی ئەورووپا ڕێشوێنی کرداری جێندەری ٢٠١٦-٢٠٢٠ بڵاوکردەوە.

یەکسانیی جێندەری بەشێکە لە پەیڕەوی نەتەوەیی بەڕیتانیای مەزن و چەندەھا دەوڵەتی تری ئەورووپی. بە فەرمانی سەرۆک کۆماری کازاخستان ھەستا بە نووسینی و دامەزراندنی ڕێشوێنی یەکسانیی جێندەری ٢٠٠٦-٢٠١٦ بەمەبەستی دیارکردنی ھەوڵ و ئامانجەکانی یەکسانی لەنێوان جێندەرەکان.[٣] ڕێشوێنە تاکەکەسی، کۆمەڵایەتی، پەروەردەی تەندروستی، لێکۆڵینەوەی ئایینی و دەستکەوتی زمانەوانییەکان ھەڵدەستن بە وروژاندن و باسکردنی کێشەکانی یەکسانیی جێندەری وەک بابەتێکی زۆر بایەخدار بۆ مشتومڕ و شیکارکردنی کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگە.

بۆ زاڵ بوون بەسەر نایەکسانیی جێندەری، سندوقی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە دەکات کە «بەرەوپێشبردنی ژنان و یەکسانیی جێندەری پێویستی بە چوونەناوەوە ھەیە لەسەر ھەموو ئاستەکانی ئامادەکاری و سیاسەت دانان. تەندروستیی جێندەری، گەشەسەندنی ئابووری، گەشەسەندنی پەروەردە و گەشەسەندنی سیاسی بەشێکی سەرەکین لەم ئاستانە.[٤] سندووقی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت کە «لێکۆڵینەوەکان پیشانی دەدەن کە چۆن ئیش کردن لەگەڵ ژنان و کچان بۆ بەرەوپێش بردنی یەکسانیی جێندەری بۆتە ھۆی بەدەستھێنانی ئامانجە تەندروستی و پێشکەوتنەکان بەھەمان شێوە ئیشکردن لەگەڵ پیاون و کوڕانیش ھەمان سوود و دەستکەوتی ھەیە.»[٥]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ^ LeMoyne، Roger (٢٠١١). «Promoting Gender Equality: An Equity-based Approach to Programming» (PDF). Operational Guidance Overview in Brief. UNICEF. لە ڕەسەنەکە (PDF) لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠١١ ھێنراوە.
  2. ^ «Gender equality». United Nations Population Fund. UNFPA. لە ڕەسەنەکە لە ٢٠ی ئایاری ٢٠١٩ ئەرشیڤ کراوە. لە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠١٥ ھێنراوە.
  3. ^ Riane Eisler (٢٠٠٧). The Real Wealth of Nations: Creating a Caring Economics. p. ٧٢.
  4. ^ Evans، Frederick William (١٨٥٩). Shakers: Compendium of the Origin, History, Principles, Rules and Regulations, Government, and Doctrines of the United Society of Believers in Christ's Second Appearing. New York: D. Appleton & Co. p. ٣٤.
  5. ^ Glendyne R. Wergland, Sisters in the Faith: Shaker Women and Equality of the Sexes (Amherst: University of Massachusetts Press, 2011).

بەستەرە دەرەکییەکان

[دەستکاری]