جۆن ڕۆڵز

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

جۆن ڕاوڵز (John Bordley Rawls (1921–2002 فەیلەسووفێکی ئەمریکاییە و یەکیکە لە نووسەرە گەورەکانی سەر بە ڕشتەی «لیبەڕالیزمی جڤاکی». ڕاوڵز خاوەنی چەندین بەرھەمی گرنگە لەم بوارەدا، بۆ نموونە «تیۆرییەک دەربارەی دادگەری» (A Theory of Justice (1971 و «لیبەڕالیزمی سیاسی» (Political Liberalism (1993.

پەیمانی جڤاکی[دەستکاری]

ڕاوڵز بۆ چەمکی «داد» ئاوڕ لە نەرێتی بیرمەندانی وەک جۆن لۆک (John Locke (1632-1704، ژان ژاک ڕوسۆ (Jean-Jacques Rousseau (1712–1778 و ئیمانۆئێل کانت (Immanuel Kant (1724-1804 دەداتەوە.

لە کتێبی «تیۆرییەک دەربارەی دادگەری» ـدا، لە ‌بیرۆکەی «پەیمانی جڤاکی» دەدوێ. لە ‌سەردەمی ڕۆشنگەریدا فەیلەسووفان تیۆریی «مافی مرۆڤ» و «سەروەریی گەل» - یان دەبردەوە بۆ پەیمانێکی خەیاڵزادەی نێوان تاکەکەسان دەربارەی چۆنیەتی دامەزراندنی جڤات و چۆنیەتیی دەزگەی فەرمانڕەوا. «پەیمانی جڤاکی» دەڵێ ‌دەوڵەت لەلایەن تاکەکەسانە بەو مەبەستە دێتە دامەزراندن کە ببێتە دەستەبەری «مافی سروشتەکی»ی خۆیان. ئەم مافانە بە بۆچوونی لۆک بۆ نموونە بریتییە لە مافی ‌«‌ژیان، ئازادی و موڵکایەتی‌».

وەنەبێ ڕاوڵز پێی وا بووبێ جڤات لە ڕاستیدا ڕۆژێک لە ڕۆژان لەسەر پەیمانی نێوان تاکەکەسان ھەڵنرابێ، بەڵکوو ئەم پەیمانە‌ وەک مۆدێلێکی ھزری بەکار دەھێنێ: داخوا ئەو پرنسیپانە چی بن لە دۆخێکی بیرکرددا چەند تاکەکەسێک ‌«‌لە پشت پەردەی نەزانینەوە»‌ ڕێک بکەون لەسەری؟ واتە ئەم تاکەکەسانە لەو کاتەدا دوور بن، ھەم لە بەرژەوەندی کەسەکی و ھەم لە زۆرەملێی دەرەکی. ئەم کەسانە نازانن چ جێیەک، لەو جڤاتەدا کە دایدەمەزرێنن، بەر خۆیان دەکەوێ.

دوو پرنسیپ[دەستکاری]

ڕاوڵز پێی وایە تاکەکەسان لە دۆخی وەھادا دوو پرنسیپ دەسەلمێنن:[١]

- یەکەم: ھەر ھەموو، بێ ئەوەی ھیچ دەستەیەک‌ کە‌مبەش بێ، ھەمان ئازادی و مافی بنەڕەتییان ھەبێ.

- دووەم: جیاوازی جڤاکی و ئابووری تەنھا ئەگەر لە ‌بەرژەوەندی کەسانی ھەرە بێدەرامەتدا بوو ئەوجا دێتە سەلماندن.

ڕەخنە[دەستکاری]

باوەڕی «لیبەڕالیزمی جڤاکی» لای ڕاوڵز داکۆکییە لە سیستەمی خۆشگوزەرانی چەپە-لێبەڕال. ئەم دیدەش لە ھەردوو لایەنی چەپ و ڕاستەوە درایە بەر ڕەخنە. ڕکابەری ھەرە بەرچاو لێرەدا بیرمەند ڕۆبێرت نۆزیک (Robert Nozick (1938-2002 ـە.

پەراوێز[دەستکاری]

  1. ^ «ئایدیۆلۆژیی سیاسیی هاوچەرخ» (Reidar Larsson. Politiska ideologier i vår tid. Studentlitteratur - 32-33 (1999

سەرچاوە[دەستکاری]

Nationalencyklopedin[بەستەری مردوو]

(Reidar Larsson. Politiska ideologier i vår tid. Studentlitteratur (1994

بەستەری دەرەکی‌[دەستکاری]

Stanford Encyclopedia of Philosophy Entry on John Rawls