ھەرھەمانیی جیاوازیھەڵنەگرەکان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ھەرھەمانیی جیاوازیھەڵنەگرەکان (identity of indiscernibles) پرەنسیپێکی ئۆنتۆلۆژیکە کە دەڵێ ناکرێ ھەبوو یا ئۆبژەگەلی لێکجیاوازمان بێ کە لە ھەموو تایبەتمەندییەکا ڕێک وەکوو یەکتر بن. ئەگەر ھەر ھەڵگیراوێ کە بە x ھەڵدەگیردرێ، بە y -یش ھەڵبگیردرێ و، پێچەوانەکەشی ڕاست بێ، ئەوسا x و y ھەر ھەمان شتن، نەک دوو شتی جیاواز. یانی ناکرێ دوو شتی لێکجیا و ھەڵاواردە بەتەواوی و لە ھەموو بارێکەوە وەک یەک بن. پرەنسیپێکی تر کە پەیوەندیی نزیکی ھەیە بەم پرەنسیپەوە، پرەنسیپی جیاوازیھەڵنەگرتنی ھەرھەمانەکان (indiscernibility of identicals) -ە.

زۆرتر ئەم پرەنسیپە لە پاڵ لایبنیتس دەدرێ، بۆیە یاسای لایبنیتس -یشی پێ دەوترێ.

ھەرھەمانبوون و جیاوازیھەڵنەگرتن[دەستکاری]

ھەرھەمانی بەو پەیوەندییە دەوترێ کە ھەر شتێ تەنیا لەگەڵ خۆیا ھەیەتی.[١] ھەر شتێ، بەس خۆیەتی کە ھەمان شتە. ھەرھەمانی «عەینی شت بوون» یا «ھەمان شت بوون»ە لە ڕووی ژمارەوە (numerical sameness). لەو لاوە، جیاوازیھەڵنەگر بە شتگەلی نەشیاوی لێک ھەڵاواردن دەوترێ، جیاوازیھەڵنەگرتن «عەینی شت بوون»ە لە ڕووی چۆنێتییەکانەوە (qualitative sameness). ئەگەر دوو شت لە ھەموو چۆنێتی و تایبەتمەندییەکدا عەینی یەک بن، ئەوە ئەو دوو شتە جیاوازیھەڵنەگر و نەشیاوی لێکجیاکردنەوەن.[٢] دوو بنەواشە، ئەم دوو مانایە کە «عەینی شت بوون» ھەیەتی (یانی عەینی شت بوون لە ڕووی ژمارەوە و، عەینی شت بوون لە ڕووی چۆنێتییەوە) پێکەوە دەبەستن: بنەواشەی جیاوازیھەڵنەگرتنی ھەرھەمانەکان و، بنەواشەی ھەرھەمانیی جیاوازیھەڵنەگرەکان. بنەواشەی جیاوازیھەڵنەگرتنی ھەرھەمانەکان بێ کێشە و مشتومڕ و ناکۆکییە و، دەڵێ ئەگەر دوو ھەبوو عەینەن لفی یەکتر، یا بە زمانێکی تر، «ھەرھەمان» بن، ئینجا ھەموو تایبەتمەندییەکان و چۆنێتییەکانیشیان ڕێک وەکوو یەکە و عەینەن ھەمانە.[٣] بەڵام، پێچەوانەی ئەمە، کە دەبێتە بنەواشەی ھەرھەمانیی جیاوازیھەڵنەگرەکان و دەڵێ ئەگەر دوو شت ڕێک ھەمان تایبەتمەندیگەلیان بێ ئەوە ھەمان شتیشن نەک دوو شتی جیاواز، کێشە و مشتومڕی زۆرتری لەسەرە.[٣] ئاکامی لۆژیکیی ئەم بنەواشەیە ئەوەیە کە ناکرێ دوو شتی جیاواز لە ھەموو بارێکەوە ڕێک وەکوو یەک بن.[٢]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Audi, Robert (1995). "The Cambridge Dictionary of Philosophy". philpapers.org (بە ئینگلیزی). Retrieved 2023-10-01.
  2. ^ ئ ا Forrest, Peter. "The Identity of Indiscernibles". plato.stanford.edu (بە ئینگلیزی). Retrieved 2023-10-01.
  3. ^ ئ ا Noonan, Harold; Curtis, Ben (2022), Zalta, Edward N.; Nodelman, Uri (eds.), "Identity", The Stanford Encyclopedia of Philosophy (Fall 2022 ed.), Metaphysics Research Lab, Stanford University, retrieved 2023-10-01