بنەواشە

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search

بنەواشە یا پرەنسیپ [١] بە چەمک یا بایەخێ ئەوترێ کە ڕێنوێن بێ بۆ ھەڵسوکەوت و جووڵانەوە یا بۆ نرخاندنی شتەکان.[٢]

وەک یاسا[دەستکاری]

وەک یاسای ئەخلاقی[دەستکاری]

سوقرات لە نێوان کوژران و پشتکردن لە بنەواشە ئەخلاقییەکانی، کوژرانی ھەڵبژارد.[٣]

لێرەدا بنەواشە نوێنەری بایەخگەلی زاڵ بەسەر جووڵانەوەی تاکەکان لە کۆمەڵگایەکی تایبەتدایە. ئەوەی کە پەسەند و ناپەسەند لە چاو تاک و کۆمەڵدا چییە دیاری ئەکا. [٤] جووڵانەوە بە پێی بنەواشە بە مانای جووڵانەوە بە گوێرەی ئایدیالە ئەخلاقییەکانە. بنەواشەگەلی لەم چەشنە لە مناڵیدا و لە پرۆسەی socialization-دا (واتە ڕێوشوێنی کۆمەڵگا گرتنەبەر) تێکەڵ بە زەینی ئینسان ئەبن. بۆ نموونە ڕێسای زێڕین کە ئەڵێ «وا لەگەڵ خەڵکا بجووڵەرەوە کە پێت خۆشە وات لەگەڵ بجووڵنەوە» بنەواشەیەکی ئەخلاقییە. [٥]

وەک یاسای دادوەری[دەستکاری]

لێرەدا بنەواشە نوێنەری کۆمەڵێ بایەخی سەرۆدەری دابودەستوور و ڕێساگەلی نووسراوە کە مەبەستیان ڕێکخستنی ژیانی کۆمەڵایەتییە و ئەرکی جێبەجێکردنیان ڕادەستی دەسەڵات (زیاتر دەوڵەت) کراوە. بەو ڕێسا و دابودەستوورانە ئەوترێ یاسا. واتە بنەواشە ئەو بایەخانەیە کە پێش ئەوەی دەست بە نووسینی یاسا بکرێ بە دروست و عادڵانە و بەجێ دائەنرێن.[٦] یەکێ لە سەرەتاییترین بنەواشەکانی بواری یاسادانان بنەواشەی ھاوڕێژەییی سزا و تاوانە (Proportionality) کە ھەڵگری ئەو بیرۆکەیەیە کە «سزای دیاریکراو بۆ تاوانبار ئەبێ لەگەڵ تاوانەکەی بگونجێ، واتە ھاوڕێژەی بێ».[٧] نموونەیەکی تر، بنەواشەی بێتاوانییە (Presumption of innocence) کە ئەڵێ «ھەر کەس تا کاتێ تاوانێکی لەسەر نەسەلمێنرابێ بە بێتاوان دێتە ئەژمار».[٨]

وەک یاسای زانستی[دەستکاری]

لە ھەموو بوارەکانی زانستدا بنەواشەکان بەدی ئەکرێن. بنەواشەی ئارکمیدز نموونەیەک لە کۆنترین یاساکانی دنیای زانستە کە ئەڵێ «کاتێ تەواو یا بەشێ لە تەنێکی فیزیکی لە ڕژۆکێکدا (fluid) نوقم بێ، ھێزێک لەو تەنە ئەنەوێت و بۆ سەرەوە ڕای ئەکێشێت کە گەورەیییەکەی بەرامبەرە لەگەڵ کێشی ئەو بڕە ڕژۆکەی بە ھۆی تێکەوتنی تەنەکەوە وەلا دراوە».

وەک بەڵگەنەویست یا بنچینەیەکی لۆژیکی[دەستکاری]

ئەمانە چەن نموونەیەکن لە بنەواشە وەکوو ئاکسیۆم یا بەڵگەنەویستی لۆژیکی:

  • بنەواشەی ھۆی سەربەزیا (Principle of sufficient reason) کە ئەڵێ «ھەر ڕووداوێ ڕاڤەیەکی ڕوونکەرەوەی ئەقڵپەسەندی ھەیە.»[٩]
  • بنەواشەی نەبوونی ناتەبایی (Principle of non-contradiction): ئەرەستوو ئەڵێ «مەحاڵە شتێ لە بارێکەوە بە شتێکی ترەوە ھاوکات ھەم بەسرابێ و ھەم نەبەسرابێ.»[١٠] بۆ نموونە ناکرێ قسەیەک لە یەک کاتدا ھەم ڕاست بێ و ھەم درۆ. یا مەحاڵە ڕێک لە یەک جێگە و لە یەک ساتدا ھەم باران ببارێ و ھەمیش نەبارێ.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ سەجادی، بەختیار. مەحموودی، محەمەد. فەرھەنگی زاراوەی ئەدەبی. دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم. ٢٠٠٢. لاپەڕەی ٢٨.
  2. ^ Principle ویکیپیدیای ئینگلیزی
  3. ^ "The Ethics of Socrates." Philosophy. 25 October 2017.
  4. ^ moral principle thefreedictionary.com
  5. ^ The Golden Rule, Internet Encyclopedia of Philosophy
  6. ^ Legal Principles, Legal Values and Legal Norms: are they the same or different
  7. ^ principle of proportionality European Law Blog
  8. ^ اصل برائت - دانشنامه‌ی اسلامی
  9. ^ "Principle of Sufficient Reason." Stanford Encyclopedia of Philosophy.
  10. ^ "Aristotle on Non-contradiction." Stanford Encyclopedia of Philosophy.