گریگۆر مەندل

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
گریگۆر مەندل
لەدایکبوونجۆھان مەندل
(١٨٢٢-0٧-٢٠) ٢٠ی تەممووزی ١٨٢٢
ھێینسس، سیلیزیا، ئیمپراتۆریەتیی نەمسا (کۆماری چیک)
مردن٦ی کانوونی دووەمی ١٨٨٤(١٨٨٤-٠١-٠٦) (٦١ ساڵ ژیاوە)
برنۆ، مەجاری نەمسایی (ئێستا کۆماری چیک)
نەتەوەنەمسایی
بوارەکانبۆماوەزانی
دامەزراوەکانپەرستگەی تۆماس ئابەی، برنۆ
خوێندی باڵازانکۆی ئۆلۆموک
زانکۆی ڤیێنا
ناسراوە بەھۆیدۆزەرەوەی زانستی بۆماوەزانی

گریگۆر جۆھان مەندل (گۆکردن: /ˈmɛndəl/؛ بە چیکی: Řehoř Jan Mendel؛[١] لەدایکبووی ٢٠ی تەممووزی ١٨٢٢[٢] – مردووی ٦ی کانوونی دووەمی ١٨٨٤) زانا و ئەندامێکی ئۆگۆستینی و سەرداری پەرستگەی تۆماس ئابەی بوو لە برنۆ، مارگراڤییەتی مۆراڤیا. مەندل لە خێزانێکی ئەڵمانی زمان ھاتووەتە دنیاوە لە بەشی سیلیسیای ئیمبراتۆرییەتی نەمسا (کۆماری چیکی ئێستا) و پاش مردنی وەکو دۆزەرەوەی زانستی سەردەم لە بۆماوەزانییدا ناسرا. ئەگەرچی جوتیاران چەندین ساڵ ئاگاداری ئەوە بوون کە دووڕەگکردنی ئاژەڵ و ڕووەک دەکرێت ھەندێک تایبەتمەندی خوازراوی لێ بە جێ بێت، تاقیکردنەوەکانی مەندل لەسەر ڕووەکی پۆلکە کە لە نێوان ساڵەکانی ١٨٥٦ بۆ ١٨٦٣ دا ئەنجامدرا، زۆرێک لە یاساکانی بۆماوەیی ھێنایە کایەوە کە ئێستا بە یاساکانی مەندل ناسراون لە بۆماوەدا.[٣]

مەندل کاری لە حەوت تایبەتمەندی ڕووەکی پۆلکەدا کرد: بەرزی ڕووەک، شێوە و ڕەنگی توێکڵ، شێوە و ڕەنگی تۆو، شوێن و ڕەنگی گوڵ. ئەو ڕەنگی تۆوی بە نموونە وەرگرت و ئەوەی ڕوونکردەوە کاتێک کە پۆڵکەی سەوزی یەک ڕەگ و پۆڵکەی زەردی یەک ڕەگ جووت ڕەگ دەکرێن، نەوەکەیان ھەمیشە تۆوی زەرد بەرھەم دەھێنێت. ھەرچۆنێک بێت لە نەوەی دواتردا کۆڵکە سەوزەکان بە ڕێژەی ١ سەوز بە سێ زەرد پەیدا دەبنەوە. بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم دیاردەیە، مەندل ھەردوو زاراوەی بەزیو و زاڵی داھێنا وەک ئاماژەکردن بە ھەر تایبەتمەندییەکی دیاریکراو (لە نموونەی پێشوودا، سیفەتی سەوز کە وا دەردەکەوێت لە یەکەم وەچەخستنەوەدا بە تەواوی لەناوچووبێت، سیفەتی بەزیوە و زەردەکەش سیفەتی زاڵە). ئەو لە ساڵی ١٨٦٦ دا ئەم کارەی بڵاوکردەوە کە تێیدا کاری کۆمەڵێک ھۆکاری نادیاری ڕوونکردەوە کە لە ئێستادا بە بۆماوە ناسراوە و ئەوەش دیاریکردنێکی پێشبینیکراو بوو بۆ تایبەتمەندی ئەندامەکان.[١]

گرنگی کاریگەریی کارەکانی مەندل تا سەدەی بیستەم درک پێنەکرا (زیاتر لە سێ دەیە دواتر) لەگەڵ دووبارە دۆزینەوەی یاساکانیدا. ھەریەک لە ئیریک ڤۆن چسمارک، ھیوگۆ دیڤرایس، کاڕڵ کۆڕەنس و وڵیام جاسپەر سپڵمان بە جیا لێکۆڵینەوەیان لە کارەکانی مەندل کرد و ئەوەش چەرخی نوێی بۆماوەی لێ پەیدا بوو.[٤]

ژیاننامە و ژیانی پیشەیی[دەستکاری]

مەندل لە خێزانێکی ئەڵمانی زمان لە ھینسیس (ئەڵمانی Heinzendorf bei Odrau) لە سەرسنووری نێوان مۆراڤی و سلیسیا، ئیمراتۆرییەتی نەمسا (بەشێک لە کۆماری چیک ی ئێستا) ھاتووەتە دنیاوە. کوڕی ھەریەک لە ئەنتۆن و ڕۆزین (شوەرتلیک) بوو. مەندل خوشکێکی لە خۆی گەورەتری بە ناوی ڤیرۆنیکا و یەکێکی لە خۆی بچووکتری بە ناوی ترێسیاوە ھەبوو. لە نێو کێڵگەیەکدا دەژیان و کاریان دەکرد کە لانی کەم ماوەی ١٣٠ ساڵ بوو خاوەندارێتیان لێ دەکرد) ئێستا ئەو خانووەی مەندلی تێدا لەدایکبووە، بووە بە مۆزەخانە و بۆ مەندل تەرخان کراوە). لە ماوەی تەمەنی منداڵییدا مەندل وەکو باغەوان کاری کردووە و ھەنگەوانی خوێندووە. لە تەمەنی گەنجییدا چووە خوێندنگەیەکی ئامادەیی لە ئۆپاڤا (بە ئەڵمانی Troppau) بە ھۆی نەخۆشییەوە ناچار بوو چوار مانگ پشوو وەربگرێت لە خوێندنگاکەی. لە ساڵی ١٨٤٠ بۆ ١٨٤٣ لە پەیمانگای فەلسەفەی زانکۆی ئۆڵاموک، فەلسەفەی تیۆری و کرداریی و فیزیای دەخوێند کە دیسان بەھۆی نەخۆشییەوە ساڵیکی کرد بە پشوو. ھەروەھا لە ڕووی دارایییەوە توانای دابینکردنی پارەی خوێندنەکەی نەبوو و ترێسیای خوشکی مارەیییەکەی خۆی پێدا. دواتر مەندل پاڵپشتی سێ منداڵەکەی ترێسیای کرد کە دوانیان بوون بە پزیشک.[٥]

وەکو کارێکی نیودەوامی بوو بە ڕەبەن چونکە ئەوە دەرفەتی خوێندنی بە خۆڕایی بۆ دەڕەخساند. بە گووتەی خۆی وەکو کوڕی جوتیارێکی ڕەنجبەر، بوون بە ڕەبەن دڵەڕاوکێی چۆنێتی گوزەرانی لا ڕەواندەوە. کاتێک پەیوەندی کرد بە ڕەبەنانی ئۆگۆستینییەوە، ناوی گریگۆری پێ بەخشرا (بە چیکی Řehoř).[٦]

کاتێک مەندل چووە کۆلێژی فەلسەفە، ھەردوو بەشی مێژووی سروشتی و کشتوکاڵ لە لایەن جۆھان کارڵ نێستلەرەوە سەرۆکایەتی دەکرا کە توێژینەوەی وردی لەبارەی بۆماوەیی لە ئاژەڵ و ڕووەکدا ئەنجام دابوو بە تایبەتیش لە مەڕدا. لەسەر پیشنیاری فریدریک فرانز کە مامۆستای فیزیای بوو، مەندل چووە پەرستگای ست تۆماس ئابی کە پەرستگایەکی ئۆگۆستینییە لە برنۆ(بە ئەڵمانی Brünn) و دەستی بە ڕاھێنان کرد وەکو قەشەیەک. مەندل ئەگەرچی ناوی جۆھان مەندلی لێنرا کاتێک لەدایک بوو، لەگەڵ چوونە نێو ژیانی ئایینییەوە ناوی گریگۆری بۆ خۆی ھەڵبژارد. مەندل وەکو مامۆستای جێگرەوە لە خوێندنگای دواناوەندیدا کاری کرد. لە ساڵی ١٨٥٠ لە بەشی زارەکی تاقیکردنەوەیەک بۆ بوون بە مامۆستای دواناوەندی خاوەن بڕوانامە شکستی ھێنا کە دوا بەش بوو لە سێ بەشی تاقیکردنەوەکە.لەساڵی ١٨٥١دا نێردرا بۆ زانکۆی ڤییەننا لە ژێر سەرپەرشتی ڕێبەر سی. ئێف. ناپدا تا بتوانێت خوێندنێکی فەرمیتری ھەبێت. لە ڤییەننا کریستیان دۆپلەر پرۆفیسۆری فیزیای بوو. لە ساڵی ١٨٥٣دا مەندل وەکو مامۆستای فیزیا گەڕایەوە پەرستگاکەی خۆی. لە ساڵی ١٨٥٦ دا تاقیکردنەوەی ئەنجامدا تا ببێت بە مامۆستایەکی خاوەن بڕوانامە و ئەم جارەشیان لە بەشە زارەکییەکەیدا شکستی ھێنا. لە ساڵی ١٨٦٧ دا وەکو سەرۆکی دەستەی پەرستگا شوێنی ناپی گرتەوە.[٧]

دوای ئەوەی پلەی بۆ سەرۆکی دەستە بەرزبۆوە، لە ساڵی ١٨٦٨ کارە زانستییەکانی بە ڕێژەیەکی زۆر بەرەو نەمان چوون بە ھۆی زۆری ئەرک و بەرپرسیارییەتییە کارگێڕییەکانییەوە و بە تایبەتیش ناکۆکی لەگەڵ حکومەت لە بارەی ھەوڵەکانیان بۆ سەپاندنی باجی تایبەت بەسەر دامەزراوە ئاینییەکاندا. مەندل لە شەشی کانوونی دووەمی ساڵی ١٨٨٤ و لە تەمەنی شەست و یەک ساڵیدا لە برنۆ، مۆراڤیا، سەرسنوری نەمسا-ھەنگاریا (کۆماری چیکی ئێستا) بە نەخۆشی ھەوکردنی گورچیلەی درێژخایەن کۆچی دوایی کرد. ئاوازدانەری چیکی، لوێس جێناجێک لە پرسەکەیدا مۆزیکی ژەند. پاش کۆچی دوایی مەندل، سەرۆک دەستەی دواتر ھەموو کاغەزەکانی مەندلی سوتاند بۆ کۆتاییھێنان بە کێشە و ناکۆکییەکان لەبارەی باجەوە.[٨]

بەرھەمەکان[دەستکاری]

تاقیکردنەوە لەسەر دووڕەگکردنی ڕووەک[دەستکاری]

گریگۆر مەندل کە بە «باوکی بۆماوەی مۆدێرن» ناسراوە ئیلھامی لە پرۆفیسۆرانی زانکۆی پاڵاکی لە ئۆڵۆمۆک (فریدریک فرانز و جۆھان کارڵ نێستڵەر) و ھاوکارەکانی لە پەرستگا (لەوانەش فرانز دێبڵ) وەرگرت بۆ لێکۆڵینەوە لە ھەمەجۆریی ڕووەکەکان. لە ساڵی ١٨٥٤دا ناپ ڕێگەی بە مەندل دا کە لێکۆڵینەوەیەک لە باخچە دوو ھێکتارییەکە(٤٫٩ ئەیکەرس) ی پەرستگاکەدا بکات کە لە بنچینەدا ناپ خۆی لە ساڵی ١٨٣٠دا ڕواندبووی. جیاواز لە نێستڵەر کە لێکۆڵینەوەی لە سیفەتی بۆماوەیی کرد لە مەڕدا، مەندل ھەمان ڕووەکی پۆلکەی بۆ خواردن شیاوی بەکارھێنا و لە ساڵی ١٨٥٦ دەستی بە تاقیکردنەوەکەی کرد.[٩]

دوای چەند تاقیکردنەوەیەکی سەرەتایی لەسەر ڕووەکی پۆڵکە، مەندڵ لەسەر حەوت تایبەتمەندی جێگیر بوو کە وا دەردەکەوت سەربەخۆ لە تایبەتمەندییەکانی دی بە بۆماوەیی بمێننەوە: شێوەی تۆو، ڕەنگی گوڵ، ڕەنگی توێکڵی تۆو، شێوەی دەنک، ڕەنگی دەنکی پێنەگەیشتوو، شوێنی گوڵ و بەرزی ڕووەک. سەرەتا تیشکۆی خستە سەر شێوەی تۆو کە یان گۆشەدار یانیش بازنەیی بوو. لە نێوان ساڵەکانی ١٨٥٦ و ١٨٦٣ دا مەندڵ پرۆسەی چاندن و تاقیکردنەوەی ٢٨٠٠٠ ڕووەکی ئەنجامدا کە زۆرینەیان ڕووەکی پۆڵکە بوون. ئەم لێکۆڵینەوەیە ئەوەی پیشاندا کاتێک چەند جۆرێکی ڕووەکی یەک ڕەگی جووت ڕەگ دەکرێن (کاتێک ڕووەکی درێژ بە ڕووەکی کورت پەیین دەکرێت) لە نەوەی دواتردا یەکێک لە چوار ڕووەکەکەی پۆڵکە سیفەتی تاک ڕەگی بەرزیویان ھەبوو دووان لەو چوارە جووت ڕەگ بوون و یەکێکیان زاڵی تەواو بوو. تاقیکردنەوەکەی بەرەو ئەوەی برد کە دوو گشتاندن بکات، یاسای جیاکەرەوەکان و یاسای ھاوپۆلکردنی سەربەخۆ کە دواتر بە " یاسا بۆماوەیییەکانی مەندڵ" ناسران.[١٠]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا Funeral card in Czech (Brno, 6. January 1884)
  2. ^ 20 July is his birthday; often mentioned is 22 July, the date of his baptism. Biography of Mendel at the Mendel Museum ١٠ی نیسانی ٢٠١٩ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  3. ^ Fr. Richter, Clemens OSA. "Remembering Johann Gregor Mendel: a human, a Catholic priest, an Augustinian monk, and abbot". Retrieved 25 May 2020.
  4. ^ "Nirenberg: History Section: Gregor Mendel". Archived from the original on 7ی Marchی 2019. Retrieved 10ی Julyی 2020. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= و |archive-date= (help)
  5. ^ Eckert-Wagner, Silvia (2004). Mendel und seine Erben: Eine Spurensuche [Mendel and His Heirs: A search for traces] (بە ئەڵمانی). Norderstedt: Books on Demand. p. 113. ISBN 978-3-8334-1706-1.
  6. ^ Iltis, Hugo (1958). Gregor Mendel and his Work (1943). Reprinted in: Shapley, H. et al. (eds) A Treasury of Science. New York: Harper.
  7. ^ Hasan, Heather (2004). Mendel and The Laws Of Genetics. The Rosen Publishing Group. ISBN 978-1-4042-0309-9.
  8. ^ Carlson, Elof Axel (2004). "Doubts about Mendel's integrity are exaggerated". Mendel's Legacy. Cold Spring Harbor, NY: Cold Spring Harbor Laboratory Press. pp. 48–49. ISBN 978-0-87969-675-7. {{cite book}}: Unknown parameter |ناونیشان= ignored (help)
  9. ^ Moore 2001, pp. 16–17
  10. ^ Ellis, T.H. Noel; Hofer, Julie M.I.; Timmerman-Vaughan, Gail M.; Coyne, Clarice J.; Hellens, Roger P. (2011). "Mendel, 150 years on". Trends in Plant Science. 16 (11): 590–96. doi:10.1016/j.tplants.2011.06.006. PMID 21775188.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]