کوێری (ڕۆمان)
1st edition Cover (Portuguese) | |
| نووسەر | ژۆزێ ساراماگۆ |
|---|---|
| سەردێڕی سەرەکی | Ensaio sobre a cegueira |
| وەرگێڕ | گیۆڤانی پۆنتێریۆ |
| وڵات | پورتوگال |
| زمان | پورتوگالی |
| چەشن | Post-apocalyptic |
| بڵاوکەرەوە | Caminho |
ڕێکەوتی بڵاوبوونەوە | ١٩٩٥ |
بڵاوبوونەوە بە ئینگلیزی | تشرینی یەکەم ١٩٩٧ |
| جۆری کتێب | چاپکراو (Hardcover, paperback) |
| لاپەڕەکان | ٢٨٨ |
| ژپنک (ISBN) | 1-86046-297-9 |
| OCLC | ٣٨٢٢٥٠٦٨ |
| ٨٦٩٫٣/٤٢ ٢١ | |
| LC Class | PQ9281.A66 E6813 1997 |
| پاش ئەو | Seeing |
کوێری (بە پورتووگالی: Ensaio sobre a Cegueira) (بە ئینگلیزی: Blindness) ڕۆمانێکە بە زمانی پورتوگالیی کە نووسراوەی ژۆزێ ساراماگۆ خاوەنی خەڵاتی وێژەی نۆبڵە. ئەم ڕۆمانە لە ساڵی ١٩٩٥دا لە چاپ دراوە. داستانەکە زیاتر شێوازی ئەکتەریی ھەیە و تێیدا ھەمووی خەڵکی شارێک (جگە لە یەکێ لە کاراکتەرەکان) کوێر دەبن.
چیرۆک
[دەستکاری]ئەم ڕۆمانە چیرۆکی بڵاوبوونەوەی پەتایەکی نادیار دەگێڕێتەوە، کە کوێربوون نزیکەی ھەموو دانیشتووانی شارێکی بێناو دەگرێتەوە، و لە ئەنجامدا کۆمەڵگا بە خێرایییەکی زۆر دادەڕمێت. ئێمە بەدوای کارەساتی کۆمەڵێک کەسدا دەچین کە لە یەکەمین تووشبووانی پەتاکە بوون، و ڕۆمانەکە بە تایبەتی تیشک دەخاتە سەر «ھاوسەری پزیشکەکە» و مێردەکەی، چونکە ژمارەیەکی زۆر لە نەخۆشەکانی پزیشکەکە و کەسانی تر بە ڕێکەوت پێکەوە دەستبەسەر دەکرێن. دوای بەسەربردنی ماوەیەکی درێژ و سەخت لە کەرەنتینەدا، ئەندامانی گرووپەکە پەیوەندییان پێکەوە پتەو دەبێت و وەک خێزانێکی یەکگرتوو دەمێننەوە کە بەرگری دەکەن و ھەوڵی مانەوە دەدەن، و بەختیان یارمەتییان دەدات بە بوونی ھاوسەری پزیشکەکە لە گرووپەکەیاندا، کە تووشی پەتاکە نەبووە و ھێشتا توانای بینینی ھەیە. دەرکەوتنی لەناکاوی ئەم پەتایە و نەزانینی ھۆکارەکەی و سروشتی کوێربوونەکە، ھەموو ئەمانە دەبنە ھۆی بڵاوبوونەوەی ترس و دڵەڕاوکێیەکی بەربڵاو، و پەردە لەسەر سیستمی کۆمەڵایەتی بە خێرایی لادەدرێت کاتێک دەسەڵاتە حکومییەکان ھەوڵدەدەن دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن و ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتاکە بکەن لە ڕێگەی گرتنەبەری ڕێوشوێنی سەرکوتکەرانە و گەمژانە.
بەشی یەکەمی ڕۆمانەکە بەدواداچوون بۆ ئەزموونی کەسایەتییە سەرەکییەکان دەکات کاتێک لە بینایەکی پیس و قەرەباڵغدا لەگەڵ باقی تووشبووانی پەتاکە دەستبەسەر دەکرێن. پیسی، بارودۆخی ژیان، و دابەزینی پێوەرە ئەخلاقییەکان بە شێوەیەکی ترسناک لە ماوەیەکی کورتدا، ھەموو ئەمانە ڕەنگدانەوەی سروشتی کۆمەڵگای دەرەوەیە.
نیگەرانی لەبارەی بەردەستبوونی خۆراکەوە، کە بەھۆی خراپیی ڕێکخستنی ڕێگاکانی گەیاندنەوە دروست بووە، لەگەڵ ھەوڵەکانی تێکدانی سیستم و دروستکردنی کەشی ناکۆکی؛ و نەبوونی سیستمێک کە یەکسانیی تاکەکان لە بەشە خۆراک و ئەرکە داواکراوەکاندا مسۆگەر بکات. ھەروەھا ئەو سەربازانەی کە بۆ پاراستنی بیناکە و دڵنیابوون لە سەلامەتیی دەستبەسەرکراوان ڕاسپێردرابوون، کاتێک یەک لە دوای یەک تووشی نەخۆشییەکە دەبن، دەبنە دوژمنێکی زۆر دڵڕەق. سوپا ڕێگە نادات دەستبەسەرکراوان دەستیان بە سادەترین دەرمان بگات، ئەمەش وا دەکات سادەترین برینەکان بکوژ بن. لە ترسی ھەر ھەوڵێکی ھەڵاتن، سەربازەکان تەقە لە کۆمەڵێک لە دەستبەسەرکراوان دەکەن کە لە کاتی دابەشکردنی خۆراکدا چاوەڕێ بوون.
دۆخەکە خراپتر دەبێت، دوای ئەوەی گرووپێکی چەکدار دەست بەسەر خۆراکدا دەگرن، بۆ ئەوەی چارەنووسی دەستبەسەرکراوانی تر کۆنترۆڵ بکەن و ڕووبەڕووی برسێتی و لاقەکردنیان بکەنەوە. بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی برسێتی، دەستبەسەرکراوان بیناکە دەسووتێنن، و بۆیان دەردەکەوێت کە سوپا بەجێی ھێشتوون و ڕۆیشتووە، لەو کاتەدا پاڵەوانانی ڕۆمانەکە دەچنە پاڵ کۆمەڵە کوێرەکانی دەرەوە کە بێدەسەڵاتن و لە شارە وێرانەکەدا سەرگەردانن و بۆ مانەوە لەگەڵ یەکتردا دەجەنگن.
پاشان ڕۆمانەکە بەدوای ڕێڕەوی ھاوسەری پزیشکەکەدا دەڕوات کاتێک یاوەریی مێردەکەی و خێزانە (تازەپێکھێنراوەکەی) دەکات و ھەوڵدەدەن لە دەرەوەی دیواری بیناکە بژین، کە تێیدا ھاوسەری پزیشکەکە ڕۆڵی ھەرە گەورە لە چاودێریکردنی ھەموویاندا دەگێڕێت، چونکە ھێشتا توانای بینینی ھەیە (لەسەرەتادا ئەم ڕاستییە دەشارێتەوە). کۆمەڵگا بە نزیکەیی بە تەواوی دادەڕمێت. یاسا و سیستم، خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، حکوومەت، و قوتابخانەکان، ھەموو ئەمانە بێبایەخ دەبن. خێزانەکان پەرش و بڵاو بوونەتەوە و ناتوانن یەکتر بدۆزنەوە. خەڵک لە بیناکاندا کۆبوونەتەوە و خۆراک دەدزن. گونجانی مرۆڤ لە سایەی نەخۆشی، توندوتیژی و نائومێدیدا ئەستم بووە. پزیشکەکە و ھاوسەرەکەی و خێزانە نوێیەکەیان لە کۆتاییدا دەتوانن لە ماڵی پزیشکەکەدا بمێننەوە و بیکەنە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان و سیستمێکی نوێ بۆ ژیانیان دابمەزرێنن، ھاوکات لەگەڵ نەمانی پەتاکە لە شارەکە بە ھەمان شێوەی نھێنیئامێزیی سەرھەڵدانی.
ھاوسەری پزیشکەکە
[دەستکاری]ھاوسەری پزیشکەکە تاکە کەسایەتیی تەواوی ڕۆمانەکەیە کە بینایی لەدەست نادات. ھۆکاری ئەم دیاردەیە تا کۆتایی ڕۆمانەکە ڕوون ناکرێتەوە. بەو پێیەی ناتوانێت لە مێردەکەی جیا بێتەوە کە دەستبەسەر دەکرێت، درۆ لەگەڵ پزیشکەکان دەکات و خۆی وەک کوێر نیشان دەدات. بۆ ئەوەی لەگەڵ باقی تووشبووانی پەتاکەدا لە بینایەکدا دەستبەسەر بکرێت. ھەر کە دەچێتە ناو کەرەنتینەکەوە، ھەوڵدەدات یارمەتیی ڕێکخستنی کۆمەڵگاکە بدات، بەڵام زوو ناتوانێت سروشتی دڕندانەی کۆمەڵگاکە کۆنترۆڵ بکات. کاتێک یەکێک لە ھۆڵەکانی کەرەنتینە دەست دەکات بە قۆرخکردنی خۆراک و داوای سێکس لە ژنانی ھۆڵەکانی تر دەکات لە بەرامبەر پێدانی خۆراک، ھاوسەری پزیشکەکە سەرۆکی ھۆڵەکە دەکوژێت. کاتێک لە کەرەنتینە ھەڵدێن، یارمەتیی گرووپەکەی دەدات بۆ مانەوە لە شارەکەدا. ھاوسەری پزیشکەکە دەبێتە سەرکردەی ڕاستەقینەی گرووپە بچووکەکە، ھەرچەندە لە ڕاستیدا زۆربەی کات پێداویستییەکانیان دابین دەکات بەھۆی کەمئەندامییەکەیانەوە.
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ساراماگو، ژوزە. کوری. ترجمۀ مینو مشیری. ویراستار محمدرضا جعفری. چاپ سیزدھم. تھران: نشر علم، ١٣٨٧ شمسی
- ویکیی ئینگلیزی؛ شوباتی ٢٠١٥