ڤێرا خەڵۆدنایا
ڤێرا ڤاسیلیڤنا خەڵۆدنایا | |
|---|---|
Вера Васильевна Холодная | |
| لەدایکبوون | ٨ی ئابی ١٨٩٣ پاڵتاڤا، شانشینی ڕووسی |
| مەرگ | ١٦ی شوباتی ١٩١٩ (٢٥ ساڵ) ئۆدێسا، کۆماری خەڵکی ئۆکرانیا |
| چالاکبوون | ١٩١٤–١٩١٨ |
ڤێرا ڤاسیلیڤنا خەڵۆدنایا (دوانێویباوکی لێڤچێنکۆ؛ بە ڕووسی: Вера Васильевна Холодная; ٨ی ئابی ١٨٩٣ – ١٦ی شوباتی ١٩١٩) خانمەئەکتەرێکی ڕووسی بوو. بە یەکەم ئەستێرەی سینەمای بێدەنگی شانشینی ڕووسیا دادەنرێت. سەرەڕای ئەو ماوە کورتەی کە لە پیشەی فیلمسازیدا بەڕێی کرد، بەڵام توانی ببێتە بەناوبانگترین خانمەئەکتەری سەردەمی خۆی، و ھەرزوو بە «شاژنی شاشەکان» ناوی دەرکرد.[١]
سەرەتای ژیان
[دەستکاری]ڤێرا لە دایکبووی ٥ی ئابی ساڵی ١٨٩٣ی شاری پالتاڤای ئیمپراتۆریەتیی ڕووسیا بوو، لە تەمەنی دوو ساڵیدا لەگەڵ خێزانەکەی ڕوودەکەنە مۆسکۆ بۆ ئەوەی لەگەڵ داپیرە بێوەژنەکەی ڤێرا ژیان بەڕێ بکەن. وەک کچێکی تازەلاو خەونی ئەوە بووە ببێتە سەماکەرێکی سەمای کلاسیکی بالێ، و دوای ماوەیەکی کەم لە نیشتەجێبوونیان لە شاری مۆسکۆ؛ وەک خوێندکارێکی سەمای بالێ لە شانۆی بۆلشۆی دەست بە ڕاھێنان و وانە وەرگرتن دەکات، بەڵام بەھۆی ھەندێ ھۆکاری خێزانییەوە ناتوانێت تەواوی بکات و دواتر لە تەمەنی دە ساڵیدا دەخرێتە بەر خوێندن لە خوێندنگەی پێرێپالکینا.
سینەما
[دەستکاری]لە ساڵی ١٩١٠ ڤێرا خوێندنی تەواو کرد و لە ئاهەنگی دەرچوونی ڤلادمیر خەڵۆدنایای ناسی، سەرنووسەری رۆژنامەی وەرزشی و پێشبڕکێوانی ماشێنلێخوڕین، ئەم یەکدی ناسیینەیان پەرە هاتە پێدان و دوای ماوەیەکی کەم هاوسەرگیرییان کرد.[٢]
دوای تەواوکردنی قۆناغی خوێندی ڤێرا هەرزوو حەزی لە کاری سینەمایی پەیداکرد، و چاودێری و شارەزایی فیلمەکانی گەلێ فیلمسازی ئەوکاتە بوو، لە سەرووی هەموویانەوە کارەکانی خانمە دەرهێنەر و نواندنکاری دانیمارکی ئاستا نیلسن، کە زۆر کاریگەریان لەسەر ڤێرا بەجێهێشت.[٣]
لەو ساتانەی کە ڤێرا چاودێری و ئامادەیی هەبوو لە چالاکییە هوونەری و سینەماییەکاندا. ڤلامیر گاردینی ناسی، کە دەرهێنەرێکی پێشەنگی ئەوکاتە بوو لە شانشینی ڕووسیا. ڤلادمیر گاردین لە یەکەم چالاکی سینەمایی ڤێرادا ڕۆڵێکی بچووکی پێ بەخشی لە فیلمێکی خۆیدا بە ناونیشانی ئانا کارێنینا. ئەم فیلمەی ڤلادمیر گاردین کاردانەوەی زێدە ئەرێنی هەبوو، ئاخر لەبەر ئەوەی فیلمەکە لەلایەن ئالێکساندەر لێڤتسکی وێنەگری بەناوبانگی ئەوسا کاری وێنەگری بۆ کرابوو و چەندین بەهرەداری بواری نواندن لە ناوەندی شانۆیی مۆسکۆ، بەشداری فیلمەکە بوون.
لە ساڵێ ١٩١٥ یوڤگینی باوێر کاری لەسەر دەرهێنانی فیلمی "گۆرانی بۆ بسکەی خۆشەویستی" دەکرد و بەدوای خانمەنواندنکارێکدا دەگەڕا بۆ ڕۆڵ بینین تێیدا، لەوساتەی کە ڤێرا خەڵۆدنایا بە باوێر هاتە ناساندن، دەستبەجێ باوێر پێشنیاری ڕۆڵی سەرەکی کرد لە ڤێرا، چوونکە تەواو بە کەشخەیی و ئاست بەرزیەکەی سەرسام بوو و پێی وابوو کە دەتوانێت بە باشی نواندن بکات لە فیلمەکەدا. "گۆرانی بۆ بسکەی خۆشەویستی" سەرکەوتنێکی ئەفسانەیی بەدەست هێنا و یوڤگینی دەستی کرد بە وێنەگرتنی فیلمێکی دیکەی خۆی لە ڕۆڵی سەرەکی ڤێڕا خەڵۆدنایا. کە میلۆدرامایەک بوو بەناوی "بڵێسەی ئاسمان"؛ و لەم فیلمە ناوبانگی ڤێڕا بەرچاو پەلی هاوێشت لە وڵاتدا. سەرەتا زەحمەت بوو بۆ ڤێڕا کە گشت ڕەنگونواندنێکی دەروونناسییانە بکات، بەڵام بە هاوکاری دەرهێنەر توانییان کەلێنی ئەو زەحمەتییانە بە باشی پڕبکەنەوە. بەو داهێنەرییەی کە ڤێڕا هەیبوو و هاوبەشی پێدەکرد لە نواندنا دەرهێنەر گرێبەستێکی ماوە درێژی سێ ساڵی لەگەڵیدا واژوو کرد. ڤێڕا سەرەڕای ئەوەی خونچەیەکی نوێی ئەوکاتەبوو، زۆر کەیف خۆش بوو لەسەر ڕۆڵەکەی، چوونکە یەکەم ڕۆڵی سەرەکی و دەستبڵاوی بوو لە ماوەی پیشەگەرییدا.
هەر لە هەمان ساڵدا، سەرەڕای کارکردنی لەگەڵ دەرهێنەری نێوداری وەک خانژنکۆڤ، ڤێڕا کاری لەگەڵ چەندین دەرهێنەری دیکە کردووە، لەنێواندا باوێر کە گەلێک جار بەرچاو دەکەوێت، باوێر ورد و بەپێزانە پێشبینی سەرکەوتنەکانی خانمە ڕۆڵگێرە دڵڕفێنەکەی کرد، و خودی ڤێڕاش شوێن و دەستکەوتێکی گەورەی لە فیلمەکانی باوێردا هەبوو. تەنانەت ئەوە بەس بوو بۆ سینەمادۆستان کە بزانن ڤێرا بەشدارە لە فیلمێکی باوێردا، ئیدی هەموو چاوەکان ئەگەڕانەوە سەر شاشەکەی ئەو.
دواتر فیلمی "منداڵانی سەردەم" (١٩١٥) کە دەرکرا، بەوە ناسێنرا کە زیاتر جەخت لەو کەلێنەنە دەکات کە لە کۆمەڵگای ئەو ساتەدا هەبوون. وە دواجار فیلمی "ژیانێک بۆ ژیانێک" (١٩١٦) کە بە یەکێک لە باشترین فیلمەکانی ئەو سەردەمە دادەنرێت، ناوی ڤێرای بردە کایەیەکی ترەوە، ئیدی لەوساوە ببوو بە ئەستێرەیەکی نەمر بەسەر ئاسمانی ڕووسیاوە. هەتا بەوڕادەیەش سەرتاپای جیهانی سینەمای بەندی خۆی کرد. هەر ئەم سەرکەوتنانەش لەم ساڵانی دواییدا ناسناوی "شاژنی سەرشاشە" بە ڤێرا بەخشی کە سەرەتا دەستەواژەکە لەلایەن ئالێکساندەر ڤێرتینسکی بەکارهاتبوو. هەر لەهامان ساڵدا فیلمی "تراویلکەکە" (١٩١٦) هاتە بەرهەم هێنان لەلایەن پیتۆر خاردین و ڤێراش ڕۆلی سەرەکی دەبینی تێیدا و گشت چیرۆکەکەش لەبازنە کارەکتەری ئەودا دەهاتە سوڕان. لە ساڵی ١٩١٧ دیارترین بەرهەمیی فیلمی "ئاگردانەکە" بوو لە دەرهێنانی خاردین، ساڵێک دواتریش فیلمی "بێدەنگبە، خەفەتم، بێدەنگبە" (١٩١٨) هاتە بڵاوکردنەوە کە ستایش و پێهەڵدانێکی زۆری کرا لەلایەن ڕەخنەگرانەوە، سەرەڕای ئەوەی کە تەنها پێنج فیلمی ڤێرا خەڵۆدنایامان بۆ ماوەتەوە لەم ڕۆدا، کە ئەوانیش بریتین لە "منداڵانی سەردەم (١٩١٥)، تراویلکە (١٩١٦)، ژیانێک بۆ ژیانێک (١٩١٦)، پاشماوەیەکی ژیاو (١٩١٨)،بێدەنگبە، خەفەتم، بێدەنگبە (١٩١٨).لەکاتی دەرهێنانی فیلمی "پاشماوەی زیندوو"، توانا ڕۆڵگێڕانەکەی ڤێرا، گەلێک سەرنجی کانستانین ستانیسلاڤسکی ڕادەکێشێت و بانگهێشت دەکرێت بۆ بوون بە ئەندام لە شانۆخانەی هونەری مۆسکۆ. لە بەهاری ساڵی ١٩١٨ خەڵۆدنایا ڕووی لە ئۆدیسا کرد لەگەڵ کچەکەی و خوشکێکی، لەوێ بەردەوامیدا بە چاڵاکییەکانی و هەندێک جاریش بەشدار ئەبوو لە کۆنسێرتە گەورەکانی کیێڤ و خارکۆڤ، سەرەڕای چالاکییە خێرخوازییەکان، لە ئۆدیسا سەرنجی هەوادارانی بۆ خۆی بەشێوەیەکی خەیاڵئاسا و بڕواپێنەکەر بۆ خۆی ڕاکێشا و زووزوو بوو بە ڕەمزی شارەکە و تائێستاش شوێن پەنجەی لەوێ بەجێماوە و خەڵکانی ئەوێ شارەکە بە پارچەیەک لە ڤێڕا دەبینن، وەک ئاوێنەیەک. لە ١٨ی کانوونی ١٩١٨، سەرباز و یەکەکانی سووپای فەڕەنسا ئۆدیسایان داگیرکرد، هەرچەندە ڤێڕا خەڵۆدنایا چەندەها بانگهێشتنامەی بۆ هات لە وڵاتانی ترەوە، بەڵام گشتییانی ڕەتکردەوە، هەروەک خووشکی ڤێرا، سۆفیا ئەڵێت: "کۆمپانیاکان بەڵێن و گرێبەستی پارەیەکی خەیاڵی و ئێکجار زۆریان پێدابوو، بەڵام ڤێرا زۆر بەسادەیی هەموو شتێکی ڕەتکردەوە و داوای لە هونەرمەندانی دیکەش کرد کە لەگەڵ ئەم بڕیارە بمێننەوە و وڵات جێنەهێڵن" وە باس لەوەش کرد کە ڤێڕا پێی وابووە جیابوونەوە لە ئیمپڕاتۆریەتی ڕووسیا ئازاربەخش و وەک تاوانێکە، بۆیە نایەوێت بیریشی لێبکاتەوە.
لە جەنگی جیهانی یەکەمدا خەڵۆدنایا بەشداری لە چەندەها فیستیڤاڵ و چالاکی خێرخوازی کردووە، هەوڵ یارمەتیدانی خێزانەکانی سەربازەکان داوە، و هاوسەرەکەی بەشێک بوو لە لەسەردانەکانی لە بەرەی جەنگ. هەمیشە بەوە ناسراو بوو کە سۆزی بۆ گشت چینوتوێژێکی کۆمەڵگا هەبووە. ئیدی ناوی ڤێرا لەوە دەرچوو کە تەنها ئەستێرەیەکی سینەمایی بێت لەنێو ئاسمانی ڕووسیادا، بەڵکو بە فریشتە خاکەڕا و میهرەبانەکەی خەڵکەکەی دەهاتە ناسیین.[٤]
شۆرشی ڕووسیا کاریگەری نەکردە سەر ڕێژەی بینەرانی ڤێڕا، وبەوڕادەیەی کە فیلمەکانیی وەک "لەبیربکە دەربارەی ئاگرەکە" (١٩١٧) و "بێدەنگبە، خەفەتم، بێدەنگبە" (١٩١٨) ڕیکۆردی پڕفرۆشترین فیلمەکانی ساڵییان شکاند، لە سەردەمی شۆرشیش هەفتانە فیلمەکانی ڤێرا لە سینەماکانی ڕووسیادا ئەهاتنە نمایشکردن تا ساڵی ١٩٢٤، کە ئەوکاتە سۆڤیەت بەرگێکی دیکتاتۆریانەی سیستەماتیکی بەبەر خۆی پۆشی، لەسەر دەستی ستالیندا و فەرمان کرا کە ڕێژەیەکی بەرچاو لە فیلمەکان بهێنە لەناوبردن لەناویانداش فیلمەکانی ڤێرا هەبوون.
مردن
[دەستکاری]لە شووباتی ساڵی ١٩١٩ ڤێڕا خەڵۆدنایا تووشی تا-لەرزە و هەڵامەت هات، ئەنفلەوانزایەکی توند، کە بە 'ئەنفلۆنزای ئیسپانی' ناسرابوو، ئەوکاتە بارودۆخی ئۆدیسا پڕ شێواوی و ئاشوب بوو، دۆخەکە بەجۆرێک ئاڵۆز ببوو زۆربەی خەڵکەکان بێهیوا ببوون لە ژیان، پەتاکە گەلێک قورسبوو، قورستر بۆ ڤێڕا. بە گوێرەی دەرهێنەری شانۆیی خانمەڕۆڵگێڕەکە، نەخۆشییەکە لەناکاو دەستی بەسەردا گرت، لە زستانێکی سەختدا، دوای نواندن لە شانۆی ئەدەبی و کۆمەڵەی هونەری لەسەر شەقامی گریک، لەسەر ڕێگا بۆ هۆتێلی بڕیستۆل، ڤێڕا کەوتە سەر ئەرزی سپی-بەفر. ڕۆژێک دواتر پزیشکەکان نەخۆشییەکەیان بە هەڵامە دەستنیشان کرد. ڤێڕا نەیسویستووە لە نەخۆشخانە بمێنێتەوە، و لەگەڵ دایکی گواستیویانەتەوە بۆ خانووی پاپودڤ لە چوارێنی کڵێسا، بەپێی تۆمارەکان کۆمەڵەیەکی زۆر لە گەنج و سینەمادۆست لەبەردەم خانووەکە چاودێری دۆخی ڤێڕایان دەکرد و هوتافی پاڵپشتییان بەرزدەکردەوە بۆی، ئەوکاتە ساتێکی پڕدەردەئێشی و کێشمەکێش بوو بۆی. لە ١٦ی شوباتی ١٩١٩، کاتژمێر حەوت و نیوی ئێوارە، لە پاش تەنها چەند ڕۆژێک، ڤێڕا کۆچی دوایی کرد. گواستنەوەی تەرمەکە لە شەوکرا و بەچاودێری دەیان پزیشک، لەگەڵ ئاپۆڕایەکی بێ شوومار لە خەڵک و دۆست. بەڵام هەتا پاش کۆچی دوایی کردنی لە تەمەنێکی وا لاو، چەندەها تیۆری و بانگەشە دیکە هاتنە سەر ڕێ سەبارەت بە مردنی. خوشکی ڤێڕا ئەوەدێنتەوە سەرباس کە چۆن هەموو خەڵکی ئۆدیسا هاتبوون بۆ ماتەمینییەکەی. هاوسەری ڤێرا ڤلادمیر خەڵۆدنایا پارێزەر و شۆڤێرزانی پێشبڕکێ بوو، لە خەنگی جیهانی یەکەم وەک ئەفسەرێک بەژدار دەبێت، لە ساڵی ١٩١٥ زۆر بە سەختی لە قاچیدا بریندار دەبێت و خەڵاتی مەدالیای زێڕینی پێ دەبەخشرێ، بەڵام لەبەر برینەکەی دەگەڕتەوە مۆسکو، هەواڵی مردنی هاوژینەکەی گەلێ بەسەختی کاریگەری لەسەر جێدەهێڵێت و دەبێتە زەربەیەکی توندی دەروونی بۆی، لەهەمان ساڵدا ڤلادمیر لەلایەن دەستبەکارەکانی چێکا دەستگیردەکرێ و بەناشرینی هێرش دەکرێتە سەر شووقەی مانەوەکەی و دوای بەندکرنیشی لە کۆتایی ساڵی ١٩١٩ کۆتایی بە ژیانی دەهێنێن. ڤلادمیر و ڤێڕا دوو کچییان هەبوو ئێوگێنی، و نۆنا کە لەلایەن ڤێڕا هەڵگیرابووەوە. خوشکێکی تری ڤێڕا بەناوی نادێژدا دوو کچەکەی ڤێڕا بەخێو دەکات دوایی کۆچی دوای کردنی دایکی و دەبنە پەنابەر لە تورکیادا، دواتریش کچەکان دەست بە ژیانی ئاسایی خۆیان دەکەن و خێزان پێک دێنن. سۆفیای خوشکی ڤێڕا لە ئۆدیسا دەمێنێتەوە و دەبێتە خانمەسەماکەری باڵی لە ئۆپێرای ئۆدیسا و شانۆی بالێ، ئەو خەونەی خووشکەکەی هێنایە ئامانج کە ساڵانێک بۆی ژیا بەڵام نەیدیت. تۆمار و ئەرشیفی ستایشکردنی ڤێڕا بەدرێژایی مێژوو گەلێک زۆرن. هاوژینی خانژنکۆڤی دەرهێنەر؛ ڤێرا دیمیتریڤا لە ستایشی خانمەڕۆڵگێڕەکە ئەڵێت؛ ' ئەو نموونەی حەولوتێکۆشان بوو، سەرەڕای شەرم و خاکەڕاییەکەی گەلێک خۆڕاگر و پڕتاقەت بوو'، هاوکارەکانی لە سینەما بەوە باسی دەکەن کە سۆز و دۆستایەتی بۆ هەموو کەس هەبوو، ئەو نە ماندوویەتی دەزانی نە پشوودان، ئەو ئیلهامێکی جوان بوو بۆ نەوەکانی سەردەمی خۆی و دوای خۆشی.
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ Ginzburg، Semyon Alexandrovich (٢٠٠٧). The Cinema of pre-revoutionary Russia. Semyon Alexandrovich Ginzburg. لاپەڕە ٥٠٨. ژپنک ٩٧٨-٥٧٧٨٤٠٢٤٧٨.
- ↑ «Vera Kholodnaya Russian silent cinema actress :: people :: Russia-InfoCentre». russia-ic.com. لە ٢٢ی ئایاری ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- ↑ Вульф، Виталий (١٦ی نیسانی ٢٠٢٢). Серебряный шар. Драма за сценой (بە ڕووسی). Litres. ژپنک ٩٧٨-٥-٠٤-٠٠٥٣٣٨-٤.
- ↑ «Wayback Machine» (PDF). لە ڕەسەنەکە (PDF) لە ٧ی نیسانی ٢٠١٤ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٣ی ئایاری ٢٠٢٥ ھێنراوە.