بۆ ناوەڕۆک بازبدە

چاوەکانی (کتێب)

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە چاوەکانی(کتێب)ەوە ڕەوانە کراوە)
چاوەکانی
جۆرڕۆمان
دانەربوزورگ عەلەوی
ڕێکەوتی بڵاوکردنەوە١ی کانوونی دووەمی ١٩٥٢
زمانزمانی فارسی

چاوەکانی یەکێکە لە گرنگترین ڕۆمانەکانی بزورگ عەلەوی کە نووسەرێکی سەرکەوتوو بوو لە ئێران. لەم ڕۆمانە وەک خۆی باسی دەکات دەلالەت لەوە دەکات کە ئەو دوو چاوەی وێنەکێشەکە دەیکێشێت، دوو چاوی شۆڕش و ڕقی پەنگ خواردووی میللەتە دژی دەستەڵاتی شا (شاھەنشا)یاخوود (ڕەزاشا)ی دیکتاتۆری ئەو کاتەی ئێران.[١]

چیرۆک

[دەستکاری]

دوای مردنی مامۆستا ماکان، نیگارکێشی ناودار و دیار، حکوومەت لە دوورخراوەییدا بۆ بێکاریگەرکردنی دەنگۆی نائاسایی بوونی مردنەکەی، مەجلیسێکی ماتەمینی بۆ دادەنێت و پێشانگایەک لە بەرھەمەکانی دەکاتەوە. لەم پێشانگایەدا تابلۆیەک زیاتر لە ھەمووان سەرنج ڕادەکێشێت. ئەم تابلۆیە، کە مامۆستا ناوی ناوە «چاوەکانی» و دوایین بەرھەمییەتی، ڕوخساری ژنێکی گەنج و جوانی تێدایە کە چاوێکی زۆر جوانی ھەیە و نیگایەکی نھێنیئامێزی ھەیە. ئەم تابلۆیە زۆر کەس بەلای خۆیدا ڕادەکێشێت. گێڕەرەوەی چیرۆکەکە، کە یەکێکە لە ھەوادارانی مامۆستا ماکان و دوای ڕووخانی حکوومەتی دیکتاتۆری بووەتە بەڕێوەبەری قوتابخانەی ھونەریی مامۆستا، ھەوڵدەدات خاوەنی ئەم چاوە نھێنیئامێزانە بناسێت و لە ڕۆڵی ئەو لە ژیانی مامۆستادا ئاگادار بێت.

پازدە ساڵ دوای مردنی مامۆستا، ڕۆژێک ژنێک بۆ بینینی تابلۆکانی دێتە قوتابخانەکە. بەڕێوەبەرەکە خاوەنی تابلۆکە دەناسێتەوە و ھانی دەدات قسە بکات. ژنەکە، کە ناوی خوازراوی «فەرەنگیس»ە، کچێکی بنەماڵەیەکی دەوڵەمەندە کە لە گەنجیدا حەزی لە نیگارکێشی بووە؛ بەڵام ئەو ڕۆژەی کە نیگارەکانی خۆی دەباتە کارگەی مامۆستا، نە نیگارەکانی و نە جوانییەکەی، وەک چاوەڕێی دەکرد، سەرنجی مامۆستا ڕاناکێشن؛ بۆیە بە کەللەڕەقییەوە بڕیار دەدات بۆ خوێندنی نیگارکێشی بچێتە فەرەنسا. دوای چوار ساڵ خوێندن لە قوتابخانەی ھونەرە جوانەکانی پاریس، نائومێد لە فێربوونی نیگارکێشی و دڵشکاو لە ژیانی بێبەرھەم لە فەڕەنسا، بڕیار دەدات بگەڕێتەوە بۆ ئێران.

پێش گەڕانەوەی بۆ ئێران، خوداداد، خوێندکارێکی گەنج کە یەکێکە لە ھاوڕێکانی ماکان، پێشنیاری ھاوکاریی لە خەباتی نھێنی دژی حکوومەتی دیکتاتۆری پێدەکات. فەرەنگیس، کە ئێستا بە پلە و پایەی بەرزی مامۆستا ماکان لە ھونەردا گەیشتووە و سەرسامی بووە، بە ئامانجی نزیکبوونەوە لێی ئەم پێشنیارە قبوڵ دەکات و دوای ھاتنەوەی بۆ ئێران و ئاشنابوون و ھاوکاریکردن لەگەڵ مامۆستا ماکان، زیاتر و زیاتر سەرسامی کەسایەتیی ئەو دەبێت. نیگارکێشیش دڵی پێی دەبەستێت؛ بەڵام دوودڵییەکانی فەرەنگیس و دڵبەستراویی توندی نیگارکێش بەو خەباتەی کە لەپێشییەتی، ڕێگر دەبن لەوەی خۆشەویستییەکەیان بگاتە ئەنجام.

کاتێک مامۆستا ماکان دەستگیر دەکرێت، فەرەنگیس بڕیار دەدات بۆ ڕزگارکردنی لە سێدارە، شوو بە پیاوێک بکات کە لەمێژە خوازیاری بووە. بەھۆی دەسەڵاتی ئەم پیاوەوە، کە سەرۆکی پۆلیسە، مامۆستا بۆ شارێکی دوور دووردەخرێتەوە؛ بەڵام فەرەنگیس ناتوانێت بەردەوامی بەم ھاوسەرگیرییە نەخوازراوە بدات و بە تەنیا و سەرگەردانی دەمێنێتەوە.

وەرگێران بە کوردی

[دەستکاری]

ڕۆمانی چاوەکانی بە دەستی ئازاد بەرزەنجی وەرگێراوەتەوە بە کوردیی سۆرانی و لە باشووری کوردستان کتێبێکی پڕفرۆش بووە کە توانیوە بە چاپەکانی پازدەھەم بە ڕەو سەر بگەیێت. ئەم کتێبە چەندین جاڕ لەلایەن بڵاوکەرەکانی جۆراوجۆر بڵاو بووە کە ناونیشانی چاپی یەکەمی وەھایە:

  • عەلەوی، بوزورگ، چاوەکانی، وەرگێڕانی ئازاد بەرزەنجی، سلێمانی، ١٩٩٧.

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. «وەشانی ئەرشیڤکراو». لە ڕەسەنەکە لە ١٥ی ئایاری ٢٠١٣ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٥ی شوباتی ٢٠١٤ ھێنراوە.