پەستاندنی داتا

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

پەستاندنی داتا (ئینگلیزی: Data compression) ئەو پڕۆسەیەیە کە بەکاردێت بۆ هەڵگرتنی زانیاری بە بەکارهێنانی واڵایی کەمتر، بەبێ لەدەستدانی توانای گەڕاندنەوەی بۆ دۆخی ڕەسەنی خۆی لە کاتی پێویست. لە زانستی کۆمپیوتەردا پەستاندن بەکاردێت بۆ پاشەکەوتکردنی شوێن لەسەر دیسک یاخود خێراترکردنی گواستنەوەی زانیارییەکان (بۆ نموونە لەسەر ئینتەرنێت). وە دوو جۆر پەستاندن هەیە: پەستاندنی بەخەسار و پەستاندنی بێخەسار. بەرامبەر پەستاندنی داتا، لابردنی پەستاندنی داتا هەیە؛ کە زانیارییەکان دەگەڕێنێتەوە شێوەی ڕەسەنی خۆیان.

هەرچەندە پەستاندن سوودی زۆرە بەڵام بەخۆڕاییش نییە، بۆ بەکارهێنانەوەی داتاکە، دەبێت سەرەتا پەستاندنی داتاکە لاببردرێ. ئەمەش کات و توانای پڕۆسێسکردنی پێویستە. بەمەش کات دەکرێتە قوربانی بۆ بەدەستهێنانی واڵایی زۆرتر. وە یەکێک لە خاڵەکانی تر لە کاتی بەکارهێنانی پەستاندن کە پێویستە لەبەرچاو بگیرێ ئەوەیە کە ئەگەر پەستاندنی بەخەسار بەکاربهێندرێ، بەشێک لە داتاکە ون دەبێت.

جۆرەکانی پەستاندنی داتا[دەستکاری]

 بێخەسار[دەستکاری]

ئەلگۆریتمەکانی پەستاندنی  بێخەسار سوود لە دووبارەبوونەوەی داتا وەردەگرن بۆ ئەوەی داتا بپەستێنن بەبێ لەدەستدانی زانیاری، بۆ ئەوەی بتواندرێ پێچەوانە بکرێتەوە. ئەم جۆرە پەستاندنە بەهۆی ئەوەوە دەشێ کە زۆربەی داتاکان دووبارەبوونەوەیان تێدایە. بۆ نموونە هەندێک بەشی وێنەیەک دەکرێ هەمان ڕەنگیان هەبێت؛ لە بری ئەوەی ئەو شوێنە بە "پێکسڵی سوور، پێکسڵی سوور، ..." هەڵبگیرێت، دەتواندرێ بە "١٣٥ پێکسڵی سوور" هەڵبگیرێ، بەمەش واڵاییەکی زۆر بەردەست دەبێت بەبێ لەدەستدانی هیچ زانیارییەک.

چەندین ڕێگا هەیە بۆ کەمکردنەوەی قەبارەی پەڕگە بەبێ لەدەستدانی زانیاری. ڕێگاکانی ڵێمپێڵ-زیڤ (LZ) لە بەناوبانگترین ڕێگاکانن.[١] DEFLATE یش جۆرێکە لە LZ کە گرنگی بە خێرایی لابردنی پەستاندن و ڕێژەی پەستاندن دەدات، لە بەرامبەردا پەستاندنی بەهۆی ئەو ڕێگایە دەکرێ هێواش بێت. DEFLATE لە PKZIP، Gzip، و PNG بەکارهاتووە. یەکێک لە شێوازەکانی دیکەی پەستاندن ئەلگۆریتمی LZW (ڵێمپێڵ-زیڤ-وێڵچ)ــە کە لە وێنەی GIF بەکارهاتووە. وە ڕێگایێکی دیکەش کە شایەنی باس بێت ئەلگۆریتمی LZR (ڵێمپێڵ-زیڤ-ڕێنو)ــە کە بنچینەی شێوازی Zip ــە.

بەخەسار[دەستکاری]

پەستاندنی داتای بەخەسار پێچەوانەی پەستاندنی داتای بێخەسارە. لەم جۆرە شێوازانە، ون بوونی هەندێک لە زانیارییەکان ئاساییە. ئەم جۆرە پەستاندنە هەندێک زانیاری ناگرنگ فڕێدەدات بۆ واڵاکردنی شوێن، لەبەر ئەمەش ڕێژەی پەستاندنی زۆرترە لە شێوازی یەکەم. وێنەی JPEG و پەڕگەی دەنگیی MP3یش ئەو ڕێگایە بەکاردەهێنن.

لایەنی تیۆری[دەستکاری]

ئەلگۆریتمە بەناوبانگەکانی پەستاندن بە زۆری زۆر ئاڵۆزن بۆ ئەوەی زۆرترین چوستییان هەبێت، بەڵام بیرۆکەی پەستاندن بیرۆکەیەکی سادەیە. بۆ نموونە ئەگەر سەیری ئەو چەند پیتە بکەیت: "AAAAABBBCCCCA" دەبینی پیتەکان هەر یەکەی چەندین جار دووبارە بووەتەوە، دەتواندرێ هەمان داتا بەم شێوەیە بنووسین: "5A3B4C1A". جاری یەکەم ١٣ پیتی پێویست بوو، بەڵام لە جاری دووەم کەم بوویەوە بۆ تەنها ٨ پیت. کەواتە ڕێژەی پەستانەکەی دەکاتە ١٣:٨ (بە سێزدە بۆ هەشت دەخوێندرێتەوە).

یاخود ئەگەر سەیری ئەو دوو دێڕە شیعرەی پیرەمێرد بکەین:

دولبەرم دەناڵم شەو لە تەنیاییدەناڵم بۆ گوڵێ کە دوورە لە ڕۆشنایی
شەو کە دوورە لە خەیاڵی خاڵانملە تەنیایی لە ڕۆشنایی خاڵانم بووم بە میوانی

ئەو دوو دێڕە هۆنراوەیەی پیرەمێرد ٢٦ وشەیە، و لە ١١٣ پیت و ٢٢ بۆشایی پێکدێت. ئەگەر ئەو دوو دێڕە هۆنراوەیە لە ناو پەڕگەیەکدا هەڵگرین و هەر یەک لە پیت و بۆشاییەکان یەک یەکەی بیرگە بگرن، ئەوا قەبارەی پەڕگەکە دەبێت ١٣٥ یەکە. بۆ ئەوەی قەبارەکەی کەم بکەینەوە، دەبێت بەدوای دووبارەبووەکاندا بگەڕێین. ئەگەر سەیری هەڵبەستەکە بکەین دەبینین:

  • "دەناڵم" دوو جار هاتووە
  • "شەو" دوو جار هاتووە
  • "لە" سێ جار هاتووە
  • "تەنیایی" دوو جار هاتووە
  • "دوورە" دوو جار هاتووە
  • "کە" دوو جار هاتووە
  • "ڕۆشنایی" دوو جار هاتووە
  • "خاڵانم" دوو جار هاتووە

کەواتە هەردوو دێڕ لە تەنها ١٥ وشە پێکهاتووە، حەوتیان دووبارە نەبووبوونەتەوە: (میوانی، گوڵێ، خەیاڵی، دولبەرم، بۆ، بە، بووم). ئەگەر خشتەیەک بۆ وشە دووبارەبووەکان درووست بکەین و هەر یەکەی ژمارەیەکی بۆ دابنێین بۆ نیشانکردن، بەم شێوەیە دەبێت:

ژ وشە
١ دەناڵم
٢ شەو
٣ لە
٤ تەنیایی
٥ دوورە
٦ کە
٧ ڕۆشنایی
٨ خاڵانم

ئێستا ئەگەر هۆنراوەکە بنووسینەوە بەڵام لە شوێنی وشە دووبارە بووەکان تەنها ژمارەکانیان دابنێین، هۆنراوەکە بەو شێوەیە دەبێت:

دولبەرم ١ ٢ ٣ ٤١ بۆ گوڵێ ٥ ٣ ٧
٢ ٦ ٥ ٣ خەیاڵی ٨٣ ٤ ٣ ٧ ٨ بووم بە میوانی

دوو دێڕەکە ئێستا زۆر کورتتر بووەتەوە لە جاران، بەڵام ئێستا دەبێت لیستەکەش لە گەڵ پەڕگەکە هەڵبگیرێت. ئەگەر وادابندرێ کە هەر پیت، ژمارە یان بۆشاییەک یەک یەکەی بیرگەی پێویستە ئەوا قەبارە دوو دێڕەکە لە ئێستادا ٧٠ یەکەیە و قەبارەی لیستەکە (بە ژمارەکانیشەوە) ٤٦ یەکەیە. بە هەردووکیان دەکاتە ١١٦ یەکە. لە کاتێکدا پێش پەستاندنەکە پێویستی بە ١٣٥ یەکە بوو. کەواتە ١٩ یەکە پاشەکەوتکرا. لەوانەیە ١٩ یەکە زۆر نەبێت، بەڵام ئەوە تەنها دوو دێڕە، ئەگەر هەموو دیوانی پیرەمێرد بپەستێندرێ، ئەوا واڵاییەکی زۆر پاشەکەوت دەکرێ.

وتارە پەیوەندیدارەکان[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]


  1. ^ Electrical Review. 2011 (4). {{cite journal}}: Missing or empty |title= (help); Unknown parameter |الأخير= ignored (help); Unknown parameter |الأول= ignored (help); Unknown parameter |التاريخ= ignored (help); Unknown parameter |الصفحات= ignored (help); Unknown parameter |العنوان= ignored (help); Unknown parameter |المؤلف2= ignored (help); Unknown parameter |المؤلف3= ignored (help); Unknown parameter |المؤلف4= ignored (help); Unknown parameter |المسار= ignored (help)