پیروەلی باغی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان

پیروەلی باغی گوندێکە کە لە نێوان شارەکانی مەھاباد، میاندواو و بۆکاندا ھەڵکەوتووە. لە نێوان دوو ناوچەی محاڵی ئەختاچی و چۆمی مەجیدخان و محاڵی ئەختاچی دا، ئەگەرچی مەودای لە گەڵ چۆمی تەتەھوو یان بەو جۆرەی ناوچەکەی بە ناو کراوە، چۆمی مەجیدخان، زۆرە. پێشوو سەر بە شارستانی مەھاباد بوو بەڵام دوای ئەوەی بۆکان بوو بە شارستان، ئەو گوندەش وێڕای چەندین گوند و ناوچەی دیکە خرایە سەر ئەو شارە. بە پێی لۆغەتنامەی دێهخودا، پیروەلی باغی سەر بە ناوچەی محاڵی یەختەچی‌یە. هەر بە پێی دێهخودا ژمارەی دانیشتوانی گوندەکەی بە ٢١٧ کەس خەمڵێندراوە. ئەوەش هەمان ئەو زانیاریانەیە کە "حاجی عەلیی رەزم ئارا" لە جڵدی چوارەمی کتێبی جوغرافیای ئوستانەکانی ئێران دا سەبارەت بە پیروەلی باغی نووسیویەتی و مێژووی زانیاریەکانی بۆ نێوان ساڵانی ١٣٢٥ تا ١٣٣٥ دەگەڕێتەوە: پیروەلی باغی pir-vali-bäqi دێ لە دێیەکانی ئەختاچی بەشی دەوروبەری شارستانی مەهاباد

٣٥ کیلۆمیتریی رۆژهەڵاتی مەهاباد.  ٧/٥ کیلۆمیتریی رۆژئاوای جادەی راکێشراوی بۆکان بۆ میاندواو

کوێستانی - فێنک - مالاریایی - دانیشتوانی ٢١٧ کەس - کوردی سوننی

ئاوی لە کانیاوە - بەروبووی بریتی‌یە لە توتن و دانەوێڵە،

پیشە؛ کشتوکاڵ و ئاژەڵداری - بەرهەمی دەسکار، جاجم تەنین، رێگا؛ مالرۆ (رێگای باریک کە تەنیا مرۆڤ و ئاژەڵ دەتوانن پێیدا بڕۆن)


لە ویکی‌پێدیای فارسی‌ دا حەشیمەتی گوندەکە بە پێی سەرژمێریی ساڵی ١٣٨٥ بە ۳۰۰ کەس و ٥٦ بنەماڵە خەمڵێندراوە.

ناو[دەستکاری]

پیروەلی باغی یان بە فارسی پیرولی باغی، بە شێوەکانی "پلۆری باغ(ی)"، "پللۆری باغ(ی)"، پیرۆلی باغی، پیروەلی باغ یان پیروەلی باغی لە لایەن دانیشتوانی ناوچەکەوە گۆ دەکرێ بەڵام دروستەکەی پیروەلی باغ یان پیروەلی باغی‌یە.[١]

لە مێژووی نووسراودا دوو کەسایەتی هەبوون کە ناویان وەک ناوی ئەو گوندەیە؛ یەکەمیان پیروەلی برای ئەمیر وەلی و ئەمیر خوسرەوشا و دووهەمیان پوریای وەلی کە ناوی پاڵەوانێکی ئێرانی بووە و گۆیا گۆڕەکەی لە شاری خۆی هەڵکەوتووە. بەڵام بە دووری دەزانم ناوی ئەو گوندە پێوەندی بە ناو و کەسایەتیی ئەو دوانە یان لە یەکێک لەو دوو کەسایەتیانە هەبێ. 
ناوی گوندەکە شیمانە دەکرێ لە ناوی شەخس و پیاوچاکێک وەرگیرابێ کە ئیستا گۆڕەکەی لە پەنا ئاوایی‌یە و بە "حاجی وەلی" ناسراوە. گۆڕی حاجی وەلی لە پەنا ئاوایی پیروەلی باغی بە وارش و ئاڵا و کۆمەڵێک بەردی سپی، تەخت و درێژ، لە ناو گۆڕستانێکی تەنیشت ئاوایی هەڵکەوتووە. گۆڕستانەکە بە هۆی تێکەڵبوونی لە گەڵ ماڵەکانی ئاوایی، لە مێژە ئیدی مردووی لێ نانێژرێ بەڵام هەروا نزرگەی کچان و کوڕانە، چلدانەی لێ دەگرنەوەو بەختی خۆیانی پێ تاقی دەکەنەوە. دایکان ئاقیدەیەکی زۆریان پێی هەیە.
وێدەچێ "وەلی" پێش ئەوەش کە چووبێ بۆ حەج و بووبێ بە "حاجی وەلی"، لە ناو خەڵک دا خۆشەویست و جێگای رێز بووە. وەک گەورەیەکی ئایینی لەقەبی "پیر"ی بۆ بە کار ھێنراوە و پێیان گوتووە "پیروەلی". "پیر" لە ئایینی میترائیسم‌دا دوا پلەی خواناسی و هاوتای خۆر بووە کە دوای هاتنی ئیسلامیش وشەکە بە پلە ئایینیەکەوە هەر وا بۆ پیاوچاکانی ئایینی ماوەتەوە. "پیر" بە مانای پیاوچاک و شێخی تەریقەت. رەنگە "وەلی" ناوی ئەو پیاوچاکە بووبێ یان لە بەر پیاوچاکی، خەڵک بە "وەلی" و جێ‌نشینی پێغەمبەرانیان شوبهاندبێ. ھەرچەند ڕوون نییە کە ئاخۆ ئەو بەراستی شێخی تەریقەتێک بووە یان تەنیا گەورە و خۆشەویستێکی ئایینی و کۆمەڵایەتی. چونکە لە ئاواییەکەدا جگە لە قەبرستانی سەرەکیی ئاوایی کە بە "قەبری سەیدان" ناسراوە، شێخ و سەیدی لێ نین و کەسیش خۆی بە وەچە و نەتیژەی ئەو نازانێ. لە پاڵ مەزاری حاجی وەلی، باغێکی پڕ پیت و بەرەکەت هەیە کە بە ئاوی کانیاوی سەرەکیی ئاوایی پاراو دەکرێ و خەڵک بە "باغی حاجی وەلی" دەزانن. باغەکە داری کۆن و لەمێژینەی گوێز، توو و هەروەها باغێکی گەورەی ترێی لەخۆ گرتبوو. دوای داگیرکرانی کوردستان بە دەست پاسدارانی ناکۆماری ئیسلامی، باغەکە دەستی بەسەردا گیراو لە ئەنجامی پێڕانەگەیشتندا روو لە فەوتانە. هەروەها پێشتریش زیانی پێ گەیەندراوە. لەوانە لە دوای ئینقلابی ساڵی ١٣٥٧ کە دەسەڵاتی مەلایان لە تاران گەمارۆی سووتەمەنی خستبووە سەر کوردستان، بەشێک لە دارگوێزە بە نرخەکانی باخەکە بۆ گەرم کردنی کورەی مزگەوت بڕدران. بە کورتی وێدەچێ ناوی پیروەلی باغ لەو باغ و شەخسە وەرگیرابێ. گوندی "باغی پیروەلی". هەرچەند جۆری تێکهەڵکێش کرانی ئەو دوانە لە ناوی پیروەلی باغی دا، وەک ناوی بەشێکی زۆر لە گوندەکانی موکریان، بیچمێکی تورکانەی هەیە. 
باخەکە پێشتر هی بنەماڵەی قازی بوو و قازی ئەسکەری مامی قازی محەممەد بەسەریدا رادەگەیشت کە دواتر بە شێخانی غەوسابات فرۆشترا. بەڵام دوای ئینقلاب و داگیرکرانی کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامی، باغەکەش لە لایەن پاسدارەکانەوە دەستی بە سەردا گیرا. 
  • بۆچوونێکی دیکە سەبارەت بە ناوی پیروەلی باغ یان پیروەلی باغی ئەوەیە کە وشەکە لە بنەڕەتدا "پیروەلی بڵاغی" بووبێ. بە مانای کانیی پیروەلی. وەک "ئاتابڵاغی" و.. ئەویش بەو هۆیە کە مادام جۆری داڕشتنی ناوەکە تورکیە، ناکرێ سەرجەم پێکهاتەکەی (پیر، وەلی و باغ) کوردی یان غەیرە تورکی بێ. هۆکاری سوان و کورتبوونەوەی "پیروەلی بڵاغی" بۆ "پیروەلی باغی"ش رەنگە بۆ دووپاتبوونەوەی دوو جار پیتی "ل" لە ناوەکەدا بووبێ.

[[]]

جوگرافیای گوند[دەستکاری]

پیرولی باغی لە نێوان ئەو دێھاتانەی خوارەوە دا ھەڵکەوتووە و بە قەولی دانیشتوانی ناوچەکە مەزرایان لێک دەگەڕێتەوە:

  • لە باشوور: گۆلی مەرزینگ
  • لە باشووری رۆژئاوا: شۆریجە، عەوڵاتەپەسی و کۆنە مەڵالەر
  • لە رۆژئاوا: شێخاڵی و قۆرغان
  • لە باکوور: غەوساباد و دەوەشاری
  • لە باکووری رۆژھەڵات: بەردەڕەشان و مەخسودیان
  • لە رۆژھەڵات: ئاغەڵیان، سریلاوا
  • لە باشووری رۆژھەڵات: قارنجە و حسین مامە

ئاوی خواردنەوەی گوندەکە لە کانیەک دابین دەکرێ کە لە رێی سیستمی کەرێزە، لە دوو کیلۆمیتریی رۆژئاوای گوندەکەوە کێشراوە و ھەر بە کانی پیروەلی باغی ناسراوە. جگە لەوەش چەندین کانی و ئاوی دیکە مەزرا و کێڵگە بەراوەکانی ئاوایی پاراو دەکەن وەکوو: گۆلی مووچەی کاکی، گۆلی کا حەمە حەسەن، بەردە سووران، کانی گوڵان، کانێ سپی، کانی مەلا، کانی زەنگوڵە و کانی حاجی رەسوڵ.

کێوەکانی ئاوایی: داغداغانی، سێ لک، کاسە ڕووت، فەندیان یا کێوی سریلاوا، کێوی عەوڵابات و کەلە ملە، وەتەلگی، کێوە سپی، کێوە سوور، کورسیلە یا چراغچی و پاردە.

لە ساڵی ١٣٧١ کارەبا بۆ گوندەکە کێشراوە و ساڵی ١٣٨٥یش ئاوی لولەکێشی بۆ چووە. هەروەها رێگای گوندەکەش ئیسفاڵت کراوە.

سەرچاوەی ئابووریی خەڵک[دەستکاری]

حاسڵات پیروەلی با‌غی خاوەنی زەوی و زارێکی زۆرە بەڵام زۆربەی زەویەکانی دێمەکارن. گەنم، جۆ، نۆک، نیسک، بەروبوومەکانی بێستان وەک شووتی، کاڵەک، تەماتە، خەیار (هارۆ) و ترۆزی لە بەروبوومەکانی کشتوکاڵی گوندەکەن. پێشتر تووتنیشی لێ بەرهەم دەهات کە ئیستا رمێنی نەماوە. هەروەها داری بەریشی لێیە وەک گوێز، بادام، قەیسی، ترێ و تووی رەش. بە شێوەی خۆرسکیش هەر دوو جۆرە داری گێوژ (سوور و زەرد) لە چیاکان هەن. ئەو بەشە لە زەویەکانی ئاوایی کە بەراون، بە ئاوی کانی پاراو دەکرێن کە سەرجەم پێنج مووچە و مەزرای لەو جۆرەی لێیە کە هەر کامیان چەندین کانیان تێدا هەڵکەوتووە. مەزراکان بریتین لە: مەزرای کۆنە دێ، مووچەی کاکی، بەردەسووران، مەزرای مامە حاجی، و مووچەی بەر دێ. دوای میکانیزەبوونی کشتوکاڵ، بیر و پۆمپ لە بەشێکی بەرچاو لە پێدەشتەکانی ئاوایی هەڵکەندرا و بەو جۆرە مووچە و مەزرایەکی زیاتر بەراو کران.

ئاژەڵداری

جگە لە کشت و کاڵ، نیزیک بە هەموو بنەماڵەکانی ئاوایی مەڕدارن. هەموو بنەماڵەیەک لە پاڵ کاری کشت و کاڵ ١٠ تا ١٠٠ سەر و بگرە زیاتریش مەڕیان هەیە کە بە هەر چەند ماڵ، ساڵانە شوانێک مەڕەکان وەک مێگەل لە کێو و پێدەشتەکانی ئاوایی دا دەلەوەڕێنێ. جگە لەوە هێندێک ماڵ چەند سەر مانگاشیان هەیە. هەروەها مریشک، قەل، قاز و مراوی ئەو پەلەوەرانەن کە لە ئاوایی دا هەن و دانیشتوان بۆ هێلکە و گۆشت کەڵکیان لێ وەردەگرن.

دانیشتوانی ئاوایی: دانیشتوانی پیروەلی باغی سەر بە تایفە یان عێڵ و عەشیرەتێکی تایبەت نین و لە نێویان دا بنەماڵەکانی سەر بە مامەش، مەرزینگ، کوردە، باریک و هیتر هەن.

مێژووی پیرولی باغی[دەستکاری]

روون نییە کە پیروەلی باغی کەی بۆ یەکەم جار ئاوەدان کراوەتەوە. ناوەکەی کە زیاتر وەک پێکهاتەیەکی تورکی دەچێ، بۆ سەردەمی هاتن و داگیرکاریی تورکان دەگەڕێتەوە. هەرچەند ئەوەش بەدوور نازاندرێ کە وەک زۆر گوند و ئاوایی دیکەی ناوچەکە، ناوی ئەو گوندەش وەرگێڕدراوی "کانیی پیروەلی" یان "باغی پیروەلی" بێ و لە سەردەمی دەسەڵاتداریی تورکاندا وەرگێڕدرابێتە سەر زمانی تورکی و گۆڕدرابێ. بەڵام بەو حاڵەش بە سەرنجدان بەوە کە بە هەر چەند کیلۆمیتر لە دەوری ئاوایی شوێنەواری کۆنە دێیان هەیەو ئەو شوێنانەش هەر کامیان بە سەردەمێک پێش لەو ئاواییە، ئاوەدان بوون و دواتر بە هۆکاری جۆراوجۆری وەک سێڵاو، گرانی و ... دانیشتوانەکەی بۆ شوێنێکی تر گواستوویانەتەوە، وێناچێ پیروەلی باغ لەو کۆنە دێیانە کۆنتر بێ. بۆ وێنە ئاسەواری ژیان و نیشتەجێ بوون بە شێوەی کۆنەسواڵەت یان کاولە کۆن لە موچەی کاکی، مەزرای کۆنەدێ، کاولان و مەزرای بەردەسووران کەم و زۆر هەر ماوە.

پیروەلی باغی لە سەدە و دەیەکانی کۆتایی دەورانی فیئوداڵی و سیستەمی ئابووری - کۆمەڵایەتیی ئاغا و رەعیەتی دا مڵکی بنەماڵەی قازی بوو و لە دوایین ساڵەکانیش دا لە نێوان ئاغاکانی دێبوکری و بنەماڵەی قازی دا دابەش کرابوو. هەروەها شێخانی غەوساباتیش زەوی و زاریان لە پەنا ئاوایی هەبوو. بەر لە بنەماڵەی قازی، پیروەلی باغی مڵکی سەیدانی نوورانی بوو. بەڵگەش بۆ ئەوە بەسەرهاتی دەمی ئاویلکەدانی میرزا قاسمی قازی باوکی میرزا فەتاح و قازی عەلی‌یە: "میرزا قاسم مریدی دڵسووتاوی شێخی بورهان بوو. پێش سەرەمەرگ داوای لە شێخ کردبوو کە یەک لە نیزیکانی خۆی بۆ خوێندنی یاسین و دادانی تەڵقینی بنێرێتە ژوور سەری. شێخ مەلای رەوانی یان رەببانی بۆ ئەو کارە رادەسپێرێ. "سەید سەعیدی نوورانی" لە عالەمی باتینیی مەلای رەوانیدا هاتووەتە ژوور سەری میرزاقاسم و پێی دەڵێ؛ "لە تۆڵەی ئەوەی کە ئێوە بە تۆبزی دێی "پیروەلی باخی"تان لە وەرەسەی ئێمە ئەستاندوە، ئەمن ئیمانت لێ دەستێنم."

سەید سەعید کە پێش میرزا قاسم کۆچی دوایی کرد، لە سەیدانی کولیجە بوو. ساڵی ١٢٦٧ی کۆچی هەتاوی یان ١٨٨٨ی زایینی کۆچی دوایی کردو لە خانەقای شێخی بورهان نێژرا. بەو پێیە سەیدانی نوورانی رەنگە میراتگری حاجی وەلی بووبن و ئەو سەیدانەش کە گۆڕ  و وارشیان بووەتە بناخەی گۆرستانی ئاوایی لە قەبری سەیدان، سەیدی بنەماڵەی نوورانی و خاوەن مڵکانی پێشووی ئەو گوندەن. سەیدانی نوورانی لە سنجاخ، کولیجە و چەند ئاوایی دیکەی ئەو دەڤەرە نیشتەجێن و خانەقای زەمبیل هی ئەوانە. مڵکی پیروەلی باغی دەبێ لە زەمانی میرزا ئەحمەدی باوکی میرزا قاسمی قازی یان هەر لە زەمانی میرزا قاسم دا کە ٧ برای ئازای هەبوو، بۆ ئەو بنەماڵەیە دەستەبەر بووبێ. میرزا قاسم باوکی قازی عەلی، قازی ئەسکەر، سەیفولقوزات و میرزا رەحیم بوو کە ئەوەی دواییان لە تافی لاویدا لە پیروەلی باغی کوژرا.
هاوکات لە گەڵ بنەماڵەی قازی، بەگزادەی موکریش تەماحیان لە سەر پیروەلی باغی هەبوو. موکریەکان کە دوای کوشتاری موکری قڕان لە لایەن شا عەباسی سەفەوی، لە بداخ سوڵتانەوە جارێکی دیکە درێژەیان بە دەسەڵاتی خۆیان لە ناوچەکە دایەوە، چەند جار شەڕ و تێکەڵچوونیان لە گەڵ بنەماڵەی قازی هەبوو. شەڕی نێوان قازی و بەگەکانی بورهان کە ئاغای کۆنەمەڵالەریش بوون، لە سەر سنوور و کەوشەنی نێوان مەزرای کۆنەمەڵالەر و پیروەلی باغی هاتە ئاراوە. لە یەکێک لەو تێکەڵچوونانەدا میرزا رەحیمی قازی برای قازی عەلی و مامی پێشەوا قازی محەممەد، کە هێشتا جەوان بوو، لە نێوان سێلک و تەپکی گەڵاڵان کوژرا. کوژرانەکەی بەو جۆرە بوو کە میرزا رەحیم جووت و گای بردە سەر ئەو زەویە دێمەکارانەی کە کێشەیان لە سەر بوو. بەگەکان هەڵیانکوتایە سەر میرزا رەحیم و پیاوەکانی و، میرزا رەحیم بە دەستی "مەجیدبەگی بورهان" کوژرا. بە دوای ئەوەدا شەڕ بەرین بۆوە و بنەماڵەی قازی و بەگ لەشکریان لێک کۆ کردەوەو چەندان جار لێکیان دا و لێکیان کوشت. 

لە سەردەمی شەڕی جیهانیی یەکەم دا، دوای ئەوەی خەڵکی شاری مەهاباد و ناوچەکە لە ترسی هێرشی عرووس و لە ململانێی شەڕی رووس و عوسمانی دا ناچار بوون ناو شار و ئاوەدانی بە جێ بێڵن، قازی محەممەدی شەهید و ئەبولقاسمی سەدری قازی برای پێشەوا کە گەنج و تازە پێگەیەیشتوو بوون، لەو گوندە مانەوەو بە سەر دەغڵ و دانی ئاوایی دا رادەگەیشتن. زۆربەی خەڵک بەرەو ناوچە سەخت و شاخاویەکان رایانکردبوو بەڵام میرزا محه‌ممه‌د (پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د)و میرزا قاسم (سه‌دری قازی) له‌‌ پیروه‌لی باغی ئەرکی ئاگاداری له‌ مڵک و ماڵ و حاسڵات‌ و کاروباری مه‌زرایان پێ‌‌ سپێردرابوو. ئه‌و دوو لاوه‌ که‌ ئه‌و کاته‌ زۆرتر له‌ پازده‌ یا شازده‌ ساڵ ته‌مه‌نیان تێنه‌په‌ڕیبوو، به‌ یارمه‌تی گه‌وه‌رتاج خانم کچی میرزا فه‌تاحی قازی، خێزانی قازی عه‌سکه‌ر کە پووری ئەوان و شێره‌ژنێکی هه‌ڵکه‌وته‌ی مه‌ڵبه‌ندی موکریان بوو، زۆر ئازایانه‌ کاروباری گوند و مه‌زرایان راپەڕاند و سه‌رکه‌وتووانه‌ له‌و هه‌رێمه‌دا کشتوکاڵ و ئاژه‌ڵداری‌یان کرد. قازی عه‌سکه‌ری مامیان هەروەها گه‌نم‌ و ده‌غڵ و دانێکی زۆری ده‌چاڵ و عه‌مباران دا راگرتبوو که‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌هۆی گرانی و قاتی و قڕی زۆر باش به‌ گران ده‌فرۆشرا. میرزا محه‌ممه‌د و میرزا قاسم وێڕای ئەوە کە بەو گه‌نم و ده‌غڵ و دانه‌ گیانی هەزاران کەسیان لە مەرگ رزگار کرد، بە فرۆشی ئەو دەغڵ و دانە دام‌وده‌زگایه‌کی ده‌سه‌ڵات و ئاغایه‌تی‌یان وه‌ڕێ خست و بە پوڵی ئەو گەنمە دواتر گوندەکانی گوێگجەلی، دەلمە، مشیرابات، کانی کووزەڵە و عەوڵابات لە سەر چۆمی جەغەتوو کڕدران.

هەر له‌ ماوه‌ی ئەو چه‌ند ساڵەدا که‌ له‌ گوندی پیروه‌لی باغی مابوونه‌وه‌، میرزا محه‌ممه‌د و میرزا قاسم له‌لای چه‌ند نه‌فه‌ر کاربه‌ده‌ستی رووسی که‌ له‌ میاندواو بوون و هاتووچۆی ئه‌و مه‌ڵبه‌نده‌یان کردووه‌ فێری زمانی رووسی بوون. به‌تایبه‌تی میرزا محه‌ممه‌د زۆربه‌ی کاتی خۆی به‌ خوێندنه‌وه‌ی کتێب و گۆڤار و رۆژنامه و ده‌رسی رووسییه‌‌وه‌ تێپه‌ڕ کردووه و کاروباری مڵکداری و ئاغایه‌تیی بۆ میرزا قاسم به‌جێ هێشتووه‌. ئه‌م ماوه‌یه‌ که‌ چه‌ند ساڵی کێشاوه‌ بۆ ئه‌م دوو لاوه‌ وه‌ک پله‌یه‌کی گرینگی پێگه‌یشتن دێته‌ ئه‌ژمار. میرزا قاسم پاش ساڵی شکاک (1924_1920) ده‌گه‌ڵ کچی خاڵی خۆی شاسوڵتان خانمی ناهید کچی مسته‌فا به‌گی سڵه‌مانکه‌ندی که‌ له‌قه‌بی سالاری هه‌بووه‌ زه‌ماوه‌ند ده‌کا. هه‌ر له‌و ساڵه‌دا قازی عه‌سکه‌ر و قازی عه‌لی و سه‌یفولقوزات جوێ ده‌بنه‌وه‌ و هه‌رکه‌و ماڵی خۆی ده‌کا. سه‌یفولقوزات گوێگجه‌لی (گوندێک له‌سه‌ر جه‌خه‌توو) وه‌به‌ر ده‌که‌وێ، قازی عه‌لی له‌ قارنجه‌ و ئاغەڵیان به‌شی خۆی هه‌ڵده‌گرێ و قازی ئەسکەریش (میرزا عەبدوڵا) لە پیروەلی باغی دەمێنێتەوە. 

میرزا عەبدوڵا (قازی ئەسکەر) وەجاخ کوێر و بە پێچەوانەی براکانی، پیاوێکی کەم خوێندەوار بەڵام بە مشوور بوو. دەورێکی گرینگی لە ئاوەدان کردنەوە و پێڕاگەیشتن بە گوندەکە دا هەبووە. لەوانە سازکردنی حەوز و دەستبەئاو، بینای قەڵات و باڵاخانەیەکی بەرز کە بە خشتی خاو داندراوە کە بە داخەوە بە هۆی بێ خاوەنی روو لە فەوتان و خاپوور بوونە. کە قازی ئەسکەر مرد، مڵک و ماڵەکەی وێڕای قەرزێکی زۆر، بۆ سەیفولقوزات بە جێ ما. ئەویش بە پێی بەڵگەنامەیەک، دوو دانگ لە مڵکی هەر کام لە گوندەکانی پیروەلی باغی و عەوڵاباتی بە حاجی میرزا ساڵحی ئەمینی تاجری سابڵاخی فرۆشت تا قەرزەکانی قازی ئەسکەری پێ بداتەوە. مەبەست لە عەوڵابات لێرەدا هەر ئەو گوندەیە کە لە داوێنی کێوی عەوڵابات لە سەر رێگای پیروەلی باخی بۆ حسین مامە هەڵکەوتوەو دەمێک ساڵە چۆڵ و کاولە. رەنگە هەر لە سەرەتاشەوە لە لایەن قازی ئەسکەرەوە ئاوەدان کرابێتەوەو ناوی خۆی (میرزا عەوڵا - عەوڵابات)ی بەسەردا بڕاوە.

وێدەچێ قازی ئەسکەر لە سەردەمی ژیانی خۆیشیدا بەشێک لە زەوی و مڵکی پیروەلی باغیی بە ئاغایانی دێبوکری فرۆشتبێ یان حاجی میرزا ساڵح دواتر بەشەکەی خۆی بە زیاتر لە یەک کەس فرۆشتبێتەوە. لە دەیەو ساڵانی کۆتایی سیستمی ئاغاو رەعیەتی دا، سەعدووناغای قۆڕغان کە سەر بە بنەماڵەی ئاغایانی دێبوکری بوو، خاوەنی زەویەکانی باکوور و رۆژئاوای ئاوایی بوو و وەرزێرانی بەشێک لە مووچە و مەزرای گوندەکە رەعیەتی ئەو بوون. دوو بنەماڵەی قازی و دێبوکری لە سەر ئەم دابەشکاریە و کەوشەنی نێوانیان، چەندان جار شەڕ و نێوان ناخۆشیان کەوتە بەینەوە. 

دوای ئینقلابی سپی ساڵی ١٣٤٢ لە لایەن حەمەرەزا شا، دەسەڵاتی ئاغاوەتیش لە سەر مووچە و مەزرای خەڵکی گوندەکە کورت کرایەوە بەڵام دیسانیش بەشێکی زۆر لە مەزرا و مووچەی ئاوایی هەر بۆ ئاغاوەتان مایەوە. بە تایبەت زەویەکانی دەشتی عەوڵابات کە بە میرات بە خانمە خانمی هاوسەری رەحیمی سەیفی قازی و بووکی سەیفولقوزات بڕابوو. دوای ئینقلابی ساڵی ١٣٥٧ حیزبی دێموکرات کە لە ناوچەکە حوکمی دەکرد، ئەو زەویانەی بە سەر قەرە و رەشایی گوندەکە دا دابەش کرد دوای داگیر کرانەوەی کوردستانیش، کۆماری ئیسلامی دەستی لەو دابەشکردنەی حیزبی دیموکرات وەرنەدا.

پەراوێز[دەستکاری]

  1. http://rojhelattimes.org/read.php?id=6345

مامەشێرە؛ بەیتبێژێکی بەناوبانگی سەردەم لە پیروەلی باغی http://www.bokan.de/laperekan/nuseran/Kak%20Anwer/bokan/bokan401.pdf

ژێدەر:

کورتە مێژووی بنەماڵەی قازی - نووسینی؛ خەلیلی فەتاحی قازی

ژیان و شێعرەکانی سەیفولقوزات - ئامادەکردنی؛ ئەنوەر سوڵتانی و حەسەن قازی

فەرهەنگی فارسیی دێهخودا

فەرهەنگی ئوستانەکانی ئێران - حاجی عەلی رەزم ئارا


تاهیر قاسمی ئامادەی کردوە