نۆکەندی ئەستەمبوڵ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
نۆکەندی ئەستەمبوڵ
وڵاتتورکیا
دابەشکاریی کارگێڕیپارێزگای ئەستەمبوڵ
خاڵی دەستپێکدەریای ڕەش
Destination pointزەریای مەڕمەڕە
وێبگەhttps://www.kanalistanbul.gov.tr
دۆخی بەکارهێنانproposed building or structure

نۆکەندی ئەستەمبوڵ (بە تورکی: Kanal İstanbul)بریتییە لە ھەیوانە ئاویەکی دەستکرد لە تورکیا. ئەم نۆکەندە ھاوئاست لەگەڵ ڕووی دەریا لەبەری ئەورووپای تورکیا دروست دەکرێت، ئەم نۆکەندە ھەردوو دەریای ڕەش و دەریای مەڕمەڕە بەیەک دەبەستێتەوە لەوێشەوە بە دەریای سپی ناوەڕاست و دەریای ئیجەوە دەبەسترێتەوە، بەھۆی ئەم پڕۆژەیەوە دوورگەیەک دروست دەبێت لەنێوان نۆکەندی بەسفۆر و نۆکەندی ئەستەنبۆڵ.[١]

ئامانجی ئەم نۆکەندە کەمکردنەوەی پاڵەپەستۆی ھاتوچۆیە لەسەر نۆکەندی بەسفۆر کە ڕۆژانە پتر لە ١٦٠ کەشتی بەناویدا تێدەپەڕن کە ناچاران بۆ چەندین ڕۆژ نۆرە بگرن تا بە خاڵی پشکنین ڕەت ببن؛ و ھەندێک لە شارەزا و بیرمەندان لەو باوەڕەدان ئامانجی پڕۆژەکە ئەوە نییە بەلکو خۆ دزینەوەیە لە کۆت و بەندی ڕێککەوتنامەی مۆنترۆ کە بەگوێرەی ئەم ڕێککەوتنامەیە بڕ و ژمارەی کاڵا و کەشتی بازرگانی بە نۆکەندی بەسفۆر سنووردارکردووە. لە یەنایەری ٢٠١٨ سەرۆک وەزیرانی تورکیا بن عەلی یەلدرم ڕایگەیاند کە تورکیا خۆی لەم ڕێککەوتنامەیە نادزێتەوە بەلکو ئەمە تەنھا پڕۆژەیەکە لە چوارچێوەی پڕۆژە چاکسازییەکانی ئەتاتورک، ھەر بەم بۆنەیەوە بڕیار وایە لە ٢٠٢٣ لەیادی پڕۆژە چاکسازییەکانی ئەتاتورک بکرێتەوە.[٢]

ھەروەھا پڕۆژەکە لەنگەرێکی داگرتنی بار لە نزیک فڕۆکەخانەی ئەستەنبۆڵ لەخۆ دەگرێت لەبەری دەریای ڕەش لەگەڵ مەڵبەندێکی پاڵپشتی لۆجستی و دورگەیەکی دەستکرد کە تێیدا چەندین یەکەی نیشتەجێبوونی پتەو دروست دەکرێن بەجۆرێک بەرگەی بوومەلەرزە بگرن. ئەم دوورگە دەستکردە لە پاشەڕۆی ئەم خاک و خۆڵە دروست دەکرێت کە لە شوێنی ھەڵکۆڵدراوی نۆکەندەکە دەردەھێنرێت. ھەروەھا ھێڵی ئاسنینی ھاڵکاڵی -کابیلۆکە بە دوورگەکە دەبەسترێتەوە ئەم بەشەی پڕۆژەکە ڕەنگە لەلایەن کەرتی تایبەتەوە دروست بکرێت یاخود بە ھاوبەشی لەگەڵ کەرتی گشتی ئەنجام بدرێت. حکوومەتی تورکیا پێشبینی کردووە ساڵانە بڕی ٨ ملیار دۆلاری دەست بکەوێت لە باجی ئەو کەشتیانەی بە نۆکەندەکە تێپەر دەبن، لەکاتێکدا زۆرینەی پسۆران لەم باوەڕەدان ئەم پڕۆژەیە نەک داھاتی نابێت بەلکو تووشی کورتھێنانیش دەبێت وەک دکتۆر بۆراتاف پسپۆری ئابووری پێی وایە تێچووی پڕۆژەکە لە بەڕێوەبردن و چاکردنەوە پترە لە داھاتەکەی، ھەروەھا زۆرینەی ڕەخنەگران پێیان وایە ئەم پڕۆژەیە ئەگەری ڕوودانی بوومەلەرزە دوو ھێندە دەکات و ئەو کەشتیانەی پیایدا تێپەر دەبن ھەمان ئەو ژمارانە دەبێت کە بە نۆکەندی بەسفۆر ڕەت دەبن.[٣]

پێشینەی پڕۆژەکە[دەستکاری]

بیرۆکە سەرەتایییەکان[دەستکاری]

بیرۆکەی ئەم پڕۆژەیە بە درێژایی مێژوو حەوت جاران خراوەتە سەر مێزی گفتوگۆ، سولتانی عوسمانی سولتان سلێمانی قانوونی (١٥٢٠–١٥٦٦)یەکەم کەس بووە ئەم بیرۆکەی بە مێشک داھاتووە بۆ ئەمەش ئەندازیارە تایبەتییەکەی سولتان مەعمار سینان نەخشەڕێگایەکی سەرەتایی بۆ داڕشتووە بەڵام پڕۆژەکە فەرامۆش کراوە بە چەندین ھۆکاری نادیار، لە ٦ی ئازاری ١٥٩١ لەسەردەمی سولتان مورادی سێیەم فەرمانی دەرکردووە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بەڵام ھەمدیسان بۆ چەندین ھۆکار فەرامۆش کراوە.

لە ١٦٥٤ لەسەردەمی سولتان محەممەدی چوارەم فەرمان دەرکراوە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، ھەروەھا سولتان مستەفای سێیەم (١٧٥٧–١٧٧٤)ھەوڵی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەی داوە بەڵام بەھۆی کێشەی ئابوورییەوە جێبەجێ نەکراوە. لەسەردەمی سولتان مەحموودی دووەم (١٨٠٨–١٨٣٩)لیژنەیەکی سولتانی پێک ھێنراوە بۆ پشکنین و لێکۆڵینەوەی پڕۆژەکە. بەڵام ھیچ ھەنگاوێک بۆ جێبەجێکردنی نەھاوێژرا.

بیرۆکە نوێیەکان[دەستکاری]

لە ١٩٢٠–١٩٥٢ ھەنگاوی ڕوژد نرا لەم بارەیەوە وەک بەرھەڵستییەک بەرامبەر پڕۆژەی ئەتلانتروبا کە پڕۆژەیەک بوو بۆ دروستکردنی وێستگەی کارۆئاوی لەسەر نۆکەندی گیبرالترال لە نێوان ئیسپانیا و مەغریب کە بەھۆی ئەم بەنداوەوە ئاستی ئاوی دەریای سپی ناوەڕاست تا ڕادەیەکی زۆر کەمی دەکرد بەمە ئاستی ئاوی نۆکەندی بەسفۆر دادەبەزی و بە کەلکی ھاموشۆی کەشتی نەدەھات.

بۆ ئەم مەبەستە ڕاوێژکاری وەزارەتی وزە یۆکسێل ئەونم پێشنیاری نۆکەندێکی جێگرەوەی کرد بۆ نۆکەندی بەسفۆر ئەگەر ھاتوو ئاستی ئاوەکەی ٢٠٠ مەتر داببەزی. ھەر بۆ ئەم بابەتە لە ١٩٨٥ لە گۆڤاری بەسفۆر کە گۆڤارێکی تایبەت بوو بە دەزگای ستراتیژییەتی تورکیا وتارێکی تێر و تەواوی تێدا بڵاوکردەوە. لە ساڵی ١٩٩١ نەسرەت ئەفجی سەرۆکی لیژنەی ژینگە لە شارەوانی ئەستەنبۆڵ پێشنیاری ھەڵکەندنی نۆکەندێکی کرد بە درێژایی ٢٣ کم لەنێوان سیلیڤری و کەراکاکوی، وای ڕوونکردەوە کە ئەم نۆکەندە دەبێتە ھۆی پاراستن و پاککردنەوەی نۆکەندی بەسفۆر.

دواجاریش بولنت ئەجاوید دوای ئەوەی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی شارەوانی ئەستەنبۆڵی بردەوە لە ١٩٩٤ پێشنیاری ھەڵکەندنی نۆکەندەکەی وەرگرت و لەسەری ڕەزامەند بوو.

پڕۆژەکە[دەستکاری]

ئامانج[دەستکاری]

مەبەستی ڕاگەیەندراوی پڕۆژەکە بریتییە لە کەمکردنەوەی جوولەی ھاتوچۆ لە نۆکەندی بەسفۆر کە ساڵانە نزیکەی ٤١ ھەزار کەشتی لەسەرانسەری جیھان بە نۆکەندەکە ڕەت دەبن لەنێوانیاندا ٨ ھەزاریان تەنھا کەشتی بارھەڵگرن کە پتر لە ١٤٥ ملیۆن تۆن نەوتیان ھەڵگرتووە جگە لەوەی ساڵ بە ساڵ داواکاری بۆ بەکارھێنانی نۆکەندەکە لە بەرزبوونەوە دایە کە بووەتە مەترسی بەسەر بواری دەریاوانی لە نۆکەندەکە و فڕێدانی پاشەڕۆی زیادەی کەشتییەکان بۆ ناو نۆکەندەکە و پیسکردنی ژینگەی دەریایی نۆکەندەکە.

ئەم خشتەیەی خوارەوە قەبارەی کۆی گشتی ڕەتبوونی کەشتییەکان ڕوون دەکاتەوە کە ساڵانە بە نۆکەندی بەسفۆردا ڕەت دەبن

ساڵ تێکرای باجی گشتی کەشتی درێژتر لە ٢٠٠ مەتر
٢٠٠٦ ٤٧٥٬٧٩٦٬٨٨٠ ٣٬٦٥٣
٢٠٠٧ ٤٨٤٬٨٦٧٬٦٩٦ ٣٬٦٥٣
٢٠٠٨ ٥١٣٬٦٣٩٬٦١٤ ٣٬٩١١
٢٠٠٩ ٥١٤٬٦٥٦٬٤٤٦ ٣٬٨٧١
٢٠١٠ ٥٠٥٬٦١٥٬٨٨١ ٣٬٦٢٣
٢٠١١ ٥٢٣٬٥٤٣٬٥٠٩ ٣٬٨٠٠
٢٠١٢ ٥٥٠٬٥٢٦٬٥٧٩ ٣٬٨٦٦
٢٠١٣ ٥٥١٬٧٧١٬٧٨٠ ٣٬٨٠١
٢٠١٤ ٥٨٢٬٤٦٨٬٣٣٤ ٣٬٨٩٥
٢٠١٥ ٥٦٥٬٢١٦٬٧٨٤ ٣٬٩٣٠
٢٠١٦ ٥٦٥٬٢٨٢٬٢٨٧ ٣٬٨٧٣
٢٠١٧ ٥٩٩٬٣٢٤٬٧٤٨ ٤٬٠٠٥
٢٠١٨ ٦١٣٬٠٨٨٬١٦٦ ٤٬١٠٦

ھێلکاری پڕۆژەکە[دەستکاری]

لە ١٥ کانوونی دووەمی ٢٠١٨ نەخشەسازی کۆتایی پڕۆژەکە خرایە ڕوو دوای لێکدانی پێنج لێکۆلینەوە و توێژینەوەی ئەندازەیی و تەکنیکی؛ و وەزارەتی گواستنەوەی تورکیا ڕایگەیاند پڕۆژەکە بە دەریاچەی کوچک شەکمەچە ڕەت دەبێت لە نزیک دەریای مەڕمەڕە و بە ناوچەکانی ئەڤجیلار و باشاک شەھیر ڕەت دەبێت پێش ئەوەی بگات بە دەریای ڕەش لە ناوچەی ئەناووت کوی لە باکووری ئەستەنبۆڵ. بە ماوەی حەوت کیلۆمەتر بە ناوچەی کوچک شەکمەجە و ٣٠١ کم لە ئەڤجیلار و ٦٫٥ کم لە باشاک شەھیر ڕەت دەبێت، و بەشی سەرەکی نۆکەندەکە ٢٨٫٦ کم ە کە بە ناوچەی ئەرناڤوت کوی ڕەت دەبێت.

کۆی درێژی نۆکەندکە ٤٥ کیلۆمەترە بە قۆڵایی ٧٥ مەتر و پانتایی ٣٦٠ مەتر

پانترین کەشتی کە بتوانێت بە نۆکەندەکە ڕەت ببێت پانییەکەی ٤٩ مەترە و درێژییەکەی ٣٥٠ مەترە بەجۆرێک ئەوبەشەی کەشتییەکان کە دەکەوێتە ناو ئاوەکەوە دەتوانرێت تا١٧ مەتر نوقم ببێت.

نۆکەندی بەسفۆر نۆکەندی پەنەما نۆکەندی سوێز
پانی ٢٧٥ م ٦٢٫٥ م ٢٠٥ م
درێژی ٤٥ کم ٨٠ کم ١٩٣ کم
قوڵترین خاڵ ٧٧٫٥ م ٥١٫٢ م ٥١٫٢ م

ئامادەکارییەکانی پڕۆژەکە[دەستکاری]

لە ٢٣ ئەیلوولی ٢٠١٠ نووسەر ھەنگاڵ ئۆولوچ لە ڕۆژنامەی سەباحی تورکی بابەتێکی لەوبارەوە نووسیووە بە ناونیشانی «پڕۆژەیەکی شێتانە لە سەرۆک وەزیرانەوە» کە تێیدا باس لە ترسناکی و بێ بایەخی پڕۆژەکە دەکات بۆ ڕۆژگاری ئەوڕۆی تورکیا. حکوومەتی پارتی داد و گەشەپێدان(AKP) بەشێوەیەکی نھێنی و بەردەوام توێژینەوەی لەم پڕۆژە کردووە و چەندین ھەوڵی داوە بۆ چوونە بواری جێبەجێکردن. ھەروەھا ئەم پڕۆژەیە لە ٢٠٠٩ لەلایەن وەزیری گواستنەوەی تورکیائاماژەی پێکرد لە پەرلەمانی تورکیا؛ و لە ٢٧ی ئەپریلی ٢٠١١ سەرۆک وەزیرانی ئەوسای تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردوگان لە کاتی بانگەشەی ھەڵبژاردن ئاماژەی پێکرد. لە ماوەی دوو ساڵ ھەموو توێژینەوەکانی پەیوەست بە پڕۆژەکە کۆتایی ھات. یەکەم نەخشەسازی پڕۆژەکە وەھا داڕێژرا کە لە ٢٠٢٣ کۆتایی پێ بێت ھاوکات لەگەڵ یادی سەد ساڵەی دامەزراندنی کۆماری تورکیا. لە ٢٢ یەنایەری ٢٠١٣ حکوومەتی تورکیا ڕایگەیاند کە پڕۆژەکە لە مەی ٢٠١٣ وەک نەخشەسازی کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە؛ و لە ئەپریلی ٢٠١٣ ەوە یەکەم ھەنگاوی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە چووە بواری جێبەجێکردنەوە. لە ماوەی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ پڕۆژەکە ھیچ ھەنگاوی بەخۆوە نەدی، بەڵام لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ پڕۆژەکە چووە بواری جێبەجێکردنەوە. بەڵام کاتێک ئەکرەم ئیمام ئۆگلو وەک سەرۆک شارەوانی ئەستەمبۆل ھەڵبژێردرا لە لیستی پارتی گەلی کۆماری کە پارتێکی بەرھەڵستکارە و دژی ئەنجامدانی پڕۆژەکە بوو.

تێچووی پڕۆژەکە[دەستکاری]

سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردوگان و بەرپرسانی شارەوانی ئەستەمبۆل ڕایانگەیاند تێچووی پڕۆژەکە ٧٥ ملیار دۆلاری ئەمەریکیە.ئەم بودجەیەش لەلایەن حکومەتەوە دابین دەکرێت بە هاوبەشی لەگەڵ چەند هاوبەشگایەک . هەروەها ٨تا ١٠ هەزار هەڵی کار درووست دەکات جگە لەوەی ٥٠٠ تا ٨٠٠ هەلی کار دەرەخسێنێت دوای تەواوبوونی پڕۆژەکە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]