نایەکسانی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

لە بیرکاریدا، نایەکسانی یان لاسەنگە [١] (بە ئینگلیزی: Inequality)، دەربڕینێکە سەبارەت بە قەوارە یان پلەی دوو شت بەگوێرەی یەکتر، یان سەبارەت بە وەکوو یەک بوون یان نەبوونی دوو شت (یەکسانی ژی ببینە).

  • a < b واتە a بچووکترە لە b.
  • a > b واتە a گەورەترە لە b.
  • a ≠ b واتە a یەکسان بە (یان یەکسان لەگەڵ) b نییە، بەڵام ناڵێت کە یەکێک لە ئەوی دیکە گەورەترە یان تەنانەت لە قەوارەدا بۆیان ھەیە بەراورد بکرێن.

لە ھەر کام لە دەربڕینەکانی سەرەوەدا، a یەکسان نییە بە b (یان لەگەڵ b). پێوەندیگەلێک لەم چەشنە بە "نایەکسانیی مسۆگەر" یان "نایەکسانی ئاشکرا" ناسراون. a < b دەکرێ ئاوەھاش بخوێنرێتەوە: a بەئاشکرا بچووکترە لە b.

لە بەرامبەر نایەکسانیی ئاشکرادا، دوو جۆری دەربڕینی نایەکسانی ھەن کە ئاشکرا (مسۆگەر) نین:

  • a ≤ b واتە a بچووکتر یان یەکسانە بە b (یان، بە چەشنی ھاوسەنگ، ناگەورەترە لە b)
  • a ≥ b واتە a گەورەتر یان یەکسانە بە b (یان، بە چەشنی ھاوسەنگ، نابچووکترە لە b)

جگە لەوانە، بۆ نیشاندانی ئەوەی کە بڕێک لە بڕێکی تر "زۆر" گەورەترە نیشانەی تریشمان ھەیە:

  • a ≪ b واتە a زۆر بچووکترە لە b.
  • a ≫ b واتە a زۆر گەورەترە لە b.

پەراوێزەکان[دەستکاری]

  1. ^ بیرکاری - کتێبی قوتابی