بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ناوەڕاستی زێڕین

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

لە فەلسەفە، بەتایبەت لە فەلسەفەی ئەخلاقدا، ناوەڕاستی زێڕین یا ڕادەی ناوەڕاست ھەندی لەبار و شیاو و دڵخوازە لە نێوان «ئەمپەڕ»ی ئێجگار کەم و، «ئەوپەڕ»ی ئێجگار زۆردا. مرۆڤ لە ئاکار و کردەوەی خۆیدا لە دوو سەرەوە دەتوانێ لە ڕادەی دەربکات و لە ئەندازە دەرچێت: سەرێکی، کەمتەرخەمی و خەمسارییە و، سەرەکەی تری، زێدەڕۆیی و تەلاسابوونە، لە نێوان ئەم دوو سەرە ئەمپەڕ و ئەوپەڕەشدا، ئەوەی خوازراو و بەجێیە، ھاوسەنگی و نەرمڕۆییە.[١]

لە یۆنانی کۆندا

[دەستکاری]

لە یۆنانی کۆندا، چەندین سەردەستوور بەسەر دیواری پەرستگەی دێلفی -یەوە نووسرابوون. یەکێک لەوانە «لە ھیچ شتێکدا لە ڕادەی دەر مەکە»[٢] بووە، کە ئەفلاتوونیش لە فیلیبۆسدا باسی دەکا.

ئەرەستوو

[دەستکاری]

ئەرەستوو لە کتێبی ئەخلاقی نیکۆماخۆسیدا ناوەڕاستی زێڕین شی دەکاتەوە و دەڵێ فەزیلەتەکان لە ڕادەی ناوەڕاستدان. بۆ وێنە، ئەرەستوو دەڵێ لە بواری ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مەترسییەکاندا، ئازایەتی فەزیلەتە، بەڵام ئەگەر لە ڕادە دەرچێ، سەرپێوەنان و خۆنەپارێزییە و، ئەگەریش کەم بێ، نەوێری و ترسنۆکییە. یا لە بواری چوون بە دوای چێژ و خۆ لە ئێش بەدوورگرتندا، ئەوەی فەزیلەتە، ڕاگرتنی نەوس و دانبەجەرگدانانە، کە لە ئەندازە دەرچوونی دەبێ بە نەوسنی و لەغاوی ئارەزوو بەردان و، کەمبوونیشی دەبێ بە مەیل لە ھیچ نەبوون و دامرکانی ئارەزوو. لە بواری دان و گرتنی پارەشدا، دەسبڵاوی لە ناوەڕاستدایە و فەزیلەتە؛ ئەمپەڕی دەسبڵاوی ڕژدی و دەسقووچاوییە و، ئەوپەڕی ھەڵەخەرجییە.

فەزیلەت خووپێگرتنی گیانە بە ھەڵبژاردنی ئەو ڕادە ناوەڕاستییە کە بۆ ئێمە گونجاوە و لەگەڵ ئەقڵا تەبایە. ئەو ڕادە ناوەڕاستییە لە نێوان دوو عەیبدا ھەڵکەوتووە: زیادەڕەوی و کەمڕەوی. پێچەوانەی ڕەزیلەت، کە یا ناگا بە ئەندازەی دروست و گونجاو، وە یا لێی تێدەپەڕێ، فەزیلەت ڕادەی ناوەڕاست دەدۆزێتەوە و ھەڵی دەبژێرێ.

لە ئیسلامدا

[دەستکاری]

لە گەلێ نموونەدا ئیسلام موسڵمانانی ھان داوە بە گرتنی ڕادەی ناوەڕاست. قورعان دەڵێ «بەو چەشنە ئێوەمان کردووەتە ئۆمەتی میانەڕۆ».[٣] فەرموودەیەکیش لە پێغەمبەر ھەیە کە دەڵێ «خير الامور اوسطها» یانی «باشترینی ھەر کارێ لە ناوەڕاستی ئەو کارەدایە.»

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ^ «Golden mean | Definition, Aristotle, Maimonides, Buddhism, Confucianism, & Facts | Britannica». www.britannica.com (بە ئینگلیزی). لە ١٤ی شوباتی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
  2. ^ بە ئینگلیزی: Nothing in excess
  3. ^ سوورەی بەقەرە، ئایەتی ۱۴۳.