مەجید سەعید
مەجید سەعید:(١٩٢١-١٩٩٥) نووسەر،چالاكی سیاسی، مامۆستا، ئەندازیار ،لەنەتەوەی كورد بووە.
سەرەتای ژیان و خوێندنی
[دەستکاری]مەجید کوڕی سەعید کوڕی ئەحمەد دزکوژە، ساڵی ١٩٢١ لە سلێمانی ھاتووەتە دنیاوە. قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە سلێمانی تەواوکردووە و لە قوتابخانە (کۆلیج)ی ئەندازەی بەغدا وەرگیراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی تەنیا بووە و لە ھاوڕێکانی دوورکەوتووەتەوە، لەوێ دەوامی نەکردووە و مەحموود حەسەنی پاشتر ئەندازیار چووەتە جێی و ئەویش لە (خانەی بەرزی مامۆستایان) خوێندوویە و بە نمرەیەکی زۆر دەرچووە. سەرەتا لە قوتابخانەی پێنجوێن دامەزراوە. پاشان ھێنراوەتە قوتابخانەی فەیسەڵییەی کوڕان و وەک مامۆستای زمانی ئینگلیزی دەستبەکار بووە. دوایی کراوە بە بەڕێوەبەری قوتابخانەی غازی. ئەو ساڵانە دەوری وەرگێڕێکی لە شاردا دیوە و بەردەوام سەری لە زانکۆی ئەمریکایی داوە لە بەیرووت و بەشداریی لە خولی پێشکەوتووی زمانی ئینگلیزیدا کردووە.[١][٢]
چالاكی سیاسی
[دەستکاری]ساڵی ١٩٤٥ عومەر عەلیی موتەسەڕیفی لیوا لەسەر داگرتنی وێنەی مەلیک لە کاتی بۆیاخکردنی بینای قوتابخانەی غازی دا، سزای داوە و دووری خستووەتەوە بۆ قەڵادزێ، دوو ساڵی لێ ماوەتەوە. چەند ساڵێکیش مامۆستای خانەی مامۆستایان بووە، ئەمجا ھێنراوەتەوە بۆ سلێمانی و لە چەند قوتابخانەیەکدا وەک بەڕێوەبەر و مامۆستا وەزیفەی دیوە، تا لە کۆتاییدا کە بەڕێوەبەری قوتابخانەی خالیدییە بووە، بە داوای خۆی خانەنشین بووە.[١][٢]
مەجید، عەرەبی و ئینگلیزیی بە باشی زانیون، وەک مامۆستایەکی گورج و گۆڵی دڵسۆزی کارامە بووە، ھەستێکی بەرزی کودایەتیشی ھەبووە و وەک چالاکێک لەو پێناوەدا تێکۆشاوە و چەند جارێک تووشی گرتن و لێپرسینەوە ھاتووە. پێوەندیی بە (پارتی دیموکراتی کوردستان)ەوە بووە و کاری لەگەڵ ئیبراھیم ئەحمەد کردووە لە "خەبات"دا. لە ڕەشبگیرەکەی ٩/٦/١٩٦٣ی بەعسییەکاندا، دەستگیرکراوە و ماوەیەکی درێژ ماوەتەوە و براوەتە بەغدا و لەوێ ئازادکراوە.[١][٢]
ژیانی هاوسەرگیریی
[دەستکاری]مەجید، ١٩٤٥ لەگەڵ خاتوو "واحیدەی فەخری بەگی واسیف بەگ" خێزانی پێک ھێناوە و دوو کوڕ (دلاوەر و کامەران) و چوار کچ (گوڵاڵە، ھێرۆ، چنوور، ئاشتی)ی لێ بووە.[١][٢]
كۆچی دوایی
[دەستکاری]ڕۆژی ٢٨/٣/١٩٩٥یش کۆچی دواییی کردووە و لە (گردی سەیوان) بە خاک سپێردراوە.[١][٢]
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ^ ئ ا ب پ ت گۆڤاری گەلاوێژ (بەرگی یازدەهەم / بەشی یەكەم ) ژیاننامە و پێڕست ، ئامادەكردنی ( سدیق ساڵح ، ڕەفیق ساڵح ، عبدوڵڵا زەنگەنە ) لە بڵاوكراوەكانی بنكەی ژین بۆ بووژاندنەوەی كەلەپووری و بەڵگەنامەیی و ڕۆژنامەوانیی كوردی .ل8229-8230
- ^ ئ ا ب پ ت دوو لاپەڕەی ژیاننامەکەی، ئامادەکراوی بەڕێز خاتوو ھێرۆی کچی.