بۆ ناوەڕۆک بازبدە

غەریزەی زمان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

غەریزەی زمان (بە ئینگلیزی: The Language Instinct) کتێبێکی ساڵی ١٩٩٤ی ستیڤن پینکەرە، کە نووسراوە بۆ خوێنەر بەگشتی نەک بۆ بەشێکی تایبەت. کتێبێکە باسی توانستی غەریزەی مرۆڤ دەکات بۆ زمان. بە ھاوسۆزیەوە ھاوڕایە لەگەڵ نۆوام چۆمسکی کە پێی وایە ھەموو زمانەکانی مرۆڤ دایناوون پیشاندەری ئەو بەڵگەیەن کە خاوەنی ڕێزمانێکی گەردوونی گشتگیرن، بەڵام ناتەبایە لەگەڵ چیک چۆمسکی کە گومان دەکات بیردۆزی پەرەسەندن بتوانێ غەریزەی زمانی مرۆڤ رونبکاتەوە.

پینکەر رەخنەدەگرێت لە کۆمەڵێک بیروڕای باو دەربارەی زمان. بۆ نموونە: منداڵان دەبێت فێربکرێن کە چۆن زمان بەکاربێنن، زۆرینەی ڕێزمانی خەڵکی لاوازە، کواڵیتی زمان بە بەردەوامی کەمدەکات، ئەو ناوەندە زمانەوانیانەی کە زمانێک دابینی دەکات کاریگەری قورسی ھەیە لەسەر مەودای ڕای کەسەکان (نموونە: ھەندێک زمان وشەیان ھەیە بۆ وەسفکردنی ڕوناکی و تاریکی بەڵام ھیچ وشەیەکیان نییە بۆ رەنگەکان.) وە ئاژەڵەکان فێری زمان کراون.

پینکەر وای دەبێنێت کە زمان توانایەکی تایبەتیی مرۆڤە، کە بەرھەمی پەرەسەندنە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پەیوەندیی کردن لە نێوان تاکە جیاوازەکانی کۆمەڵگا دا. زمان بەراورد دەکات بە خۆگونجاندنی جۆرە جیاوازەکانی تری زیندەوەران وەک دروستکردنی تۆری جاڵجاڵۆکە بۆ ماڵەکەی، دروستکردنی بەنداو لەلایەن سمۆرەوە. نووسەر ھەرسێکیان وەکو غەریزە ناودەنێت.

ئاماژەکردنی زمان وەک غەریزە، لای نووسەر مانای ئەوە نییە کە داھێنانی مرۆڤی تێدا نییە ھاوشێوەی ئاسنگەری و نووسین. لە کاتێک دا ھەندێک لە کلتوری مرۆڤایەتی خاوەنی ئەم تەکنۆلۆژیایەن بەڵام ھەموو کلتوورەکان خاوەنی زمانن. بۆ زیاتر بەڵگەھێناننەوەی گشتگیری زمان، پینەکەر بە سەرەکی پشت دەبەستێت بە کارەکەی دێریک بیکێرتۆن کە تێبینی کردوە منداڵان ئاخاوتنێکی ڕێزمانی رێک قسە دەکەن بە شێوازێکی خۆڕسک ھەتا ئەگەر لە تێکەڵەیەکی کلتووری دا گەورە بن کە زمانێکی ڕەسمی و ھاوشێوەیان نەبێت. منداڵی کەڕ دەستیان بەکاردێنن بۆ تێگەیاندنی بەرامبەرەکانیان ھەروەکو منداڵی ئاسایی قسە بەکاردێنن و منداڵی کەڕ خۆڕسکانە زمانێکی نیشانە دادەھێنن کە ڕێزمانێکی ڕاست و دروستی ھەیە وەک لەوەی پەنجە بجوڵێنن و دەنگی ناڕوون دروست بکەن قورس بێت لە تێگەشتن. ھەروەھا زمانی ئاخاوتن پەرەدەسێنێت لە نەبوونی ڕێنمایی فەرمی و ھەوڵی کارا بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێزمانی منداڵەکە لەلایەن بەخێوکەرانییەوە. ئەم ئاماژانە پێشنیار دەکەن کە زمان توانایەکی زکماکی مرۆڤە وەک لەوەی داھێنانی مرۆڤ خۆی بێت. ھەروەھا پینکەر جیاوازی دەکات لە نێوان زمان و توانای گشتی مرۆڤ بۆ بیرکردنەوە، وە جەختدەکاتەوە لەسەر ئەوەی کە ئەمە تەنھا زیرەکیەکی پێشکەوتوو نییە لە مرۆڤەکان دا بەڵکو بەرھەمی یەکەیەکی مێشکی تایبەتمەندە. جیاکاری دەکات لە لایەنی ڕێزمانی زمان دا بۆ نموونە شوێنی دانانی (ھاوەڵناو و ھاوەڵکار) لە یاسای فەرمی وەک ڕێبەری "شێوازی نووسینی ئینگلیزی ئەمریکی". ئەو دەڵێت کە یاسای وەک "لە یاسای ڕێزمانی ئامرازی پەیوەندی دا ڕستە نابێت بەھیچ بڕگەیەکی ئامرازی پەیوەندی کۆتای بێت چونکە نەگونجاوە" وە دەبێت ئەمە بە ڕاشکاوانە فێری فێرخوازبکرێت کە ئەم یاسایە ھیچ بایەخێکی نییە بە پەیوەندی ڕاستەقینەوە و پێویستە پشتگوێ بخرێت.

پینکەر ھەستاوە بە بەکارھێنانی لێکۆڵینەوەی خۆی سەبارەت بە سەرھەڵدانی زمان لە منداڵان، بەرھەمی چەندین زمانەوان و دەرووناسانی تر لە بوارە جیاجیاکان دا وە زۆر نموونەی کلتوری باو بۆ بەدواداچون لە غەریزەی زمان. تێبینی دەکات، بۆ نموونە: چەند جۆرێکی تایبەتی لەناوچوونی مێشک دەبێتە ھۆی لاوازکردنی چەند بەشێکی دیاریکراو لە زمانی قسەکردن دا یان بەکارھێنانی جۆرەھا بڕگەی ڕێزمانی کە تێگەیشتنیان گرانە. وەکو دیارە قۆناغێکی ھەستیار ھەیە لە تەمەنی منداڵی دا بۆ بەرەوپێشچوونی زمان (ھەروەکو ئەوەی کە قۆناغێکی ھەستیار ھەیە لەناو پشیلەدا لە بەرەوپێشچوونی ھەستی بینین دا.)

زۆرینەی بەشی کتێبەکە ئاماژەیە بۆ ڕێزمانە گشتگیرەکەی چۆمسکی کە ڕێزمانێکە دەگونجێت لەگەڵ ھەموو زمانەکانی مرۆڤایەتی. بە بۆچوونی پینکەر ڕێزمانی گشتگیر وێنەیەکە لە چەند بنیادێکی دیاریکراوی مێشکی مرۆڤ دا کە یاسا گشتییەکانی ئاخاوتنی مرۆڤ دەناسێتەوە، وەکو ئەوەی کە ئایا ھاوەڵناو/ھاوەڵکار لە پێش یان دوای ناو دادەنرێت لە زمانی خۆجێی ناوچەیەکی دیاریکراو و دواتر دەستپێکردن بە پرۆسەیەکی فێربوونی خێرا و تایبەتی کە روونکردنەوەی ئەستەمە چونکە لە ئەنجامی پرنسیپی سەرەتایی و مەنتیقی پوختەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەم ئامێری فێربوونە تەنھا لە قۆناغێکی ھەستیاری دیارکراوی منداڵی دا بوونی ھەیە و دواتر لێک ھەڵدەوەشێنرێتەوە بۆ دەستەبەرکردنی خۆراکی زیاتر بۆ مێشکێکی تینوی وزە و گەورەبوونێکی سەلامەت.

پێشوازیکردن

[دەستکاری]

زمانەوانی ئینگلیزی جێفری سامپسۆن بەرەنگاری گریمانەکەی پینکەر دەکات لەسەر زکماکی زمان و دەڵێت کە "یا مەنتیق ھەڵخڵەتێنەرە یا داتا ڕاستەقینەکان ھەڵەن یان ھەندێک جار ھەردووکیان."[١]

ریچارد وێبستەر لە "بۆچی فرۆید ھەڵە بوو" (١٩٩٥) دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە پینکەر بە تەواوی باوەڕەوە پێی وایە توانستی بەکارھێنانی زمان لە مرۆڤ دا بەشێکە لە توخمی بۆماوەیی کە ھاوبەشە لەگەڵ پەرەسەندن لە ڕێگەی ھەڵبژاردنی سروشتی تۆری دەمارە تایبەتمەنەدەکان لە مێشک دا، وە ھێرشەکەی کاریگەر و بەسوودە لەسەر "مۆدێلی پێوانەیی زانستە کۆمەڵایەتییەکان" لە سروشتی مرۆڤ دا. وێبستەر وتوێژەکەی پینکەر پەسەند دەکات لەسەر پاڵنەرە ئایدۆلۆژییەکان و ئەوەی کە زانایانی کۆمەڵایەتی سەدەی بیستەم کاریگەری بۆماوەیان لەسەر سروشتی مرۆڤ کەمکردۆتەوە بۆ نزمترین ڕێژە. ھەرچەندە وێبستەر ئاشکرای دەکات کە گومانی ھەیە لە خەمڵاندنەکانی پینکەر لەبارەی تۆرە دەمارە تایبەتمەندەکان کە ڕەنگە پەرەیانسەندبێت لە مێشکی مرۆڤدا وەک "میکانیکی خەمڵێندراو" و "زیندەزانی خەمڵێندراو" و باوەڕی وایە کە مەترسی ھەیە لەلایەن خەڵکانی دیکەوە وەکو زانستی ڕەھا مامەڵەی پێوەبکرێت و ئەم خەمڵاندنانە لایەنگرانی "توند دیاریکەری بۆماوەیی" بەھێزدەکات.[٢]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ^ Geoffrey Sampson: The ‘Language Instinct’ Debate.
  2. ^ Webster, Richard (2005). Why Freud Was Wrong: Sin, Science and Psychoanalysis. Oxford: The Orwell Press. pp. ٦٠٩–٦١٠. ISBN 0-9515922-5-4.