شەھین باوەفا

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

شەھین باوەفا (١٩٤٧ لە سنە - ١٧ی تەممووزی ١٩٨٠ لە سنە) ژنی کوردی خەڵکی شاری سنەی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بوو کە وەکوو پەرستار کاری دەکرد. شەھین باوەفا بەھۆی دەرمانکردنی پێشمەرگە بریندارەکان لە شەڕی کوردستان گولەباران کرا و کوژراو.

ژیان[دەستکاری]

شەھین باوەفا لە ساڵی ١٩٤٧ لە گەڕەکی جەورئاوای شاری سنە لە دایک بوو. ناوی باوکی ئیبراھیم بوو. بڕوانامەی دیپلۆمای لە قوتابخانەی پەروین ئیعتیسامیی شاری سنە گرت و بۆ بەردەوام کردنی خوێندنەکەی چوو بۆ شاری ڕەشت ناوەندی ھەرێمی گیلان لە باکووری ئێران و لە قوتابخانەی باڵایی پەرستاریی گیلان وانەی خویند. بەدوای تەواوبوونی وانەکەی ھاتەوە بۆ کوردستان و لە ساڵی ١٩٧٣ لە مەزرینگەی لەشساغی لە سنە و لە نەخۆشخانەی پەھلەویی پێشوو لە سنە سەرقاڵی کار بوو. بە دوای چەند ساڵ لە لایەنی ئەو ناوەندە ھەناردراو بۆ تاران تا لە نەخۆشخانەی داریووشی کەبیر (عەلی شەریعەتیی ئێستاکە) لە تاران کە ناوەندێکی زۆر بایەخدار بۆ توێژینەوەی پزیشکی بوو پەروەردە ببێت. لە ساڵی ١٩٧٧ ھاتەوە بۆ کوردستان و دیسانەوە لە نەخۆشخانەی پەھلەویی سنە دەست بە کار بوو. لە ساڵی ١٩٧٩ کە شۆڕشی گەلانی ئێران دژ بە حکوومەتی پاشایەتی ڕوویدا و بە دوای ئەوە کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتی بە دەست گرت و ھەڵمەتی بە ڕۆژھەڵاتی کوردستان ھێناو، شەھین باوەفا وەکوو پەرستار لە نەخۆشخانەی پەھلەوی و نەخۆشخانەی قانێعی سنە کار دەکرد. لە بەرخۆدانی ٢٤ ڕۆژەی شاری سنە و گەمارۆی ئەم شارە لە لایەن ھێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٩٨٠، کاسنێکی بە ھۆی بەردومانی شارەکە و شەڕی سەر شەقام ژمارەیەکی زۆر لە ھاووڵاتیان بریندار بوون و نەخۆشخانەکان سیتر تەختیان بۆ بریندارەکان نەمابوو. شەھین باوەفا کە لەو کاتە پەرستاری نەخۆشخانەی پەھلەوی بوو، لەگەڵ کاسنێکی دیکە چەندین نەخۆشخانەی سەییاری بۆ بریندارەکان بە ڕێ خستەوە.[١]

لە ڕۆژی ١٦ەمینی بەرخۆدان گرووپێک لە ھەواڵنووسە فەڕەنسەییەکان لە ڕۆژنامەی ئێکسپرێس ھاتن بۆ شاری سنە و لە ڕاپۆرتەکەیان لە بەردومان و گولەبارانی ماڵەکان و ھێرش بە خەڵکی سیڤیلی شارەکەیان وەکوو ژینۆسایدێک دژ بە گەلی کورد ناو برد. شەھین باوەفایش لەگەڵ ئەم ڕۆژنامەوانە وەتووێژێک کرد و سەبارەت بە ئاماری کوژراوەکان و بریندارەکان قسەی کرد. بە دوای کۆتایی ھاتنی شەڕەکە، پاسدارەکان و ھێزەکانی کۆماری ئیسلامی ھاتن بە ناوی شاری سنە و ماڵ بە ماڵ بە شوێنی خەباتکاران و پێشمەرگەکان دەگەڕان. شەھین باوەفایش لە ڕۆژی ١٤ی حوزەیرانی ١٩٨٠ لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر کرا.[١]

مردن[دەستکاری]

شەھین باوەفا کە لە ڕؤژی ١٤ی حوزەیرانی ١٩٨٠ دەستبەسەر کرابوو، لە ڕۆژی ١٧ی تەممووزی ١٩٨٠ وێڕای دوو کەس لە ئەندامەکانی ڕێکخراوەی چریکەکانی فیداییی گەلی ئێران فرێشتە گوڵ عەنبەریان و غوڵام خاکباز لە دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران گولەباران کرا.[١]

سەرچاوە[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا ب بنکەی عەبدوڕەحمان بوروومەند: شەھین باوەفا (فارسی)؛ ٣ی ئابی ٢٠١٩ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. سەردان لە ڕێکەوتی ٣ی ئابی ٢٠١٩.