زیندانی سەیدنایە
| زیندانی سەیدنایە | |
|---|---|
| دامەزران | ١ی کانوونی دووەمی ١٩٨٧ |
| ناو بە زمانی فەرمی | سجن صيدنايا |
| بەڕێوەبەر | مەحموود ماتیق |
| وڵات | سووریا |
| دابەشکاریی کارگێڕی | سەیدنایە، دیمەشق |
| پۆتانی شوێن | ٣٣°٣٩′٥٤″N ٣٦°١٩′٤٣″E |
| کارپێکەر | سووریا |
| کۆتاییھاتن | ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ |
![]() | |
زیندانی سەیدنایە یان قەسابخانەی مرۆیی (بە عەرەبی: سجن صيدنايا) زیندانێکی سەربازی بوو لە نزیک دیمەشقی پایتەختی سووریا و لەلایەن حکوومەتی سووریای پێشووەوە بەڕێوەدەبرا. ئەم زیندانە بۆ ڕاگرتنی ھەزاران زیندانی بەکارھاتبوو، لەوانە دەستگیرکراوانی مەدەنی و یاخیبووانی دژ بە حکوومەت.[١] ڕووانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ مەزەندە دەکات کە نزیکەی ٣٠ ھەزار دەستگیرکراو لە زیندانی سەیدنایا لەژێر ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ و لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ لە سەرەتای شەڕی نێوخۆیی سووریاوە گیانیان لەدەستداوە،[٢] لەکاتێکدا ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەییی لە شوباتی ٢٠١٧دا مەزەندەی کردووە کە لە نێوان ٥ ھەزار بۆ ١٣ ھەزار کەس لە زیندانی سەیدنایە لە نێوان ئەیلوولی ٢٠١١ تا کانوونی یەکەمی ٢٠١٥ بەبێ پەنابردن بۆ دادگە لە سێدارە دراون.[٣] لە ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ ئازادکرا کاتێک هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لەکاتی پێشڕەوییان بۆ دیمەشق دەستیان بەسەردا گرت. ھەزاران دەستگیرکراو کە لە بەشی «سپی»ی زیندانەکەدا مابوونەوە ئازادکران، لەکاتێکدا کار بۆ ئازادکردنی زیندانییەکان لە بەشی قووڵتری «سوور» بەردەوام بوو.
پێش ئازادکردنی زیندانەکە لە هەر کاتێکدا لە نێوان ١٠ هەزار بۆ ٢٠ هەزار دەستگیرکراوی تێدابوو، کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنی و نەیارانی سیاسی بوون. ھەزاران زیندانی ئازاد کران، بەڵام بەھۆی ئاژاوە لە کاتی ئازادکردن و بڵاوبوونەوەی زانیاری پشتڕاستنەکراوە، ژمارەی وردی هاووڵاتیانی مەدەنی لەنێویاندا نادیارە.
وەسف
[دەستکاری]زیندانی سەیدنایە بە دووری ٣٠ کیلۆمەتر لە باکووری دیمەشقی پایتەختی سووریا لە لادێکانی دیمەشق ھەڵکەوتووە. لەژێر چاودێری وەزیری بەرگریی سووریا بوو و لەلایەن ئاسایشی گشتییەوە بەڕێوەدەبرا.
زیندانەکە لە دوو باڵەخانە و لە نێوان ١٠ ھەزار بۆ ٢٠ ھەزار دەستبەسەرکراو پێکھاتبوو. بە شێوەیەکی گشتی دەستگیرکراوەکان چەند مانگێک یان ساڵێک لە زیندانەکانی دیکەدا لە دەستبەسەریدا دەژیان پێش ئەوەی بگوازرێنەوە بۆ سەیدنایە. ئەم کارە لە دوای شۆڕش لە ساڵی ٢٠١١ دەستی پێکردووە، ئەم کارە لە ئاستی نێونەتەوەییدا بە تایبەتی لەلایەن ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیییەوە ئیدانە و ڕەخنەی لێگیراوە. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە گواستنەوەکان بە شێوەیەکی گشتی دوای دادگاییکردنی نادادپەروەرانە لە دادگایەکی سەربازی نھێنیدا ڕوودەدەن. بەپێی ئیفادەی ئەو دەستگیرکراوانەی کە ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کراوە، ئەم دادگاییکردنانە وەک تەنھا شێوەیییەک وەسفکراون، کە لە یەک بۆ سێ خولەک زیاتر نەخایاند. ھەندێک لە دەستگیرکراوەکان ڕایان گەیاندووە کە پێیان وتراوە دەگوازرێنەوە بۆ زیندانێکی مەدەنی، بەڵام لەبری ئەوە لەسێدارە دەدران. لەکاتێکدا ھەندێکیان تەنانەت نەھێنرانە بەردەم دادوەر.
بەندیخانەی سەیدنایە بە بەدناوترینی تۆڕی زیندانەکانی ڕژێمی ئەسەد دادەنرا و بە ڕەمزی سەرکوتکردنی ڕژیم لەوان ئەشکەنجەدان، دەستدرێژی سێکسی و لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ دادەنرا. ھیوومان ڕایتس وۆچ لە ساڵی ٢٠١٢دا بوونی ٢٧ ناوەندی دەستبەسەرکردنی لەو جۆرەی لە سەرانسەری سووریادا بەڵگە کردووە کە زۆربەیان لە دیمەشق بوون. ڕادەی ئەو دەستدرێژی و مردنانە لەم دامەزراوانەدا لە ڕاپۆرتی قەیسەردا ئاشکرا بووە، لەلایەن فۆتۆگرافەرێکی پێشووی پزیشکی دادوەری پۆلیسی سەربازییەوە. بەپێی ئامارەکانی تۆڕی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، زیاتر لە ١٣٦ ھەزار و ٦١٤ کەس کە سێ ھەزار و ٦٩٨ منداڵ و ھەشت ھەزار و ٥٠٤ ژن لە زیندانەکانی سووریا لە کاتی شەڕی ناوخۆیی سووریا لە نێوان مانگی ئازاری ٢٠١١ تا کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ گیراون.[٤][٥][٦]
ژووری خوێ
[دەستکاری]لە زیندانی سەیدنایا لایەنی کەم دوو ژوور ھەبوون کە بە "ژووری خوێ" ناسراون، یەکەمیان لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٣ کرایەوە، یەکێکیان کە دەکەوێتە نھۆمی یەکەمی "بینای سوور"، ژوورێکی چوارگۆشە بوو کە قەبارەکەی ٢٠ x ٢٦ پێ بوو. ئەوی تریان کە قەبارەکەی ١٣ x ١٦٫٥ پێ بوو، ئاودەستی نەبوو. ژوورەکان بە چینێکی خوێ داپۆشرابوون، کە بە شێوەیەکی گشتی بۆ توانەوەی سەھۆڵ لەسەر ڕێگاکان بەکاردەھێنران، وەک مردووخانە بەکاردەھێنران بۆ پاراستنی تەرمی مردووەکان لە نەبوونی ساردکەرەوەدا. کاتێک دەستگیرکراوێک لە سەیدنایا گیانی لەدەستدەدا، تەرمەکەیان بۆ ماوەی دوو بۆ پێنج ڕۆژ لەگەڵ باقی زیندانییەکان لەناو ژوورەکەدا بەجێدەھێڵدرا و دواتر دەگوازرایەوە بۆ ژووری خوێ. خوێی بەردین کە لە سەیدنایە بەکاردێت لە سەبخەی جەبوول لە پارێزگای حەلەبەوە دەھات.[٧]
پەستانی ئۆتۆماتیکی
[دەستکاری]لە زیندانەکەدا ئامێری پەستانی ئۆتۆماتیکی ھەیە و لە گرتە ڤیدیۆیییەکاندا ئامێرەکە لە ژووری لەسێدارەدانەکەدا دەرکەوتووە. باسی جۆراوجۆری بەکارھێنانی ھەبووە. ھەندێک پێشنیازیان کردووە کە بۆ فڕێدانی تەرمی دەستگیرکراوەکان دوای ھەڵواسینیان بەکارھاتووە، ھەندێکی دیکەش پێشنیازیان کردووە کە ڕەنگە بۆ لەسێدارەدانی زیندانییەکان بە زیندووی بەکارھاتبێت. ھەندێکی تر پێشنیازیان کردووە کە تەنھا بەرزکەرەوەیەکی ئۆتۆماتیکی بووە بۆ گواستنەوەی تەرمەکان دوای لەسێدارەدان.[٨]
تۆمەتەکانی سووتاندنی لاشە
[دەستکاری]لە ١٥ی ئایاری ٢٠١٧، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، حکوومەتی سوووریای تۆمەتبار کرد بەوەی کە سووتاندگەیەک بەکاردەھێنێت بۆ شاردنەوەی کوشتنی بەکۆمەڵ لە زیندانەکەدا و شاردنەوەی بەڵگەکان کە دەتوانرێت بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی جەنگ بەکاربھێنرێن، ئەمەش بە پشتبەستن بە وێنەی مانگی دەستکردی بێ نھێنی.
بەپێی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەو وێنانەی کە لە ساڵی ٢٠١٣ەوە چەند ساڵێک گیراون، بینایەک لەناو کۆمەڵگەی زیندانەکەدا نیشان دەدەن کە بۆ سووتاندنی گۆڕەکە بەکارھێنرابووەوە. دواتر وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دانی بەوەدانا کە توانەوەی بەفر لەسەر سەقفەکە کە وەک بەڵگە پێشکەش کراوە، ڕەنگە تەنھا ئاماژە بێت بۆ ئەوەی بیناکە ناوچەیەکی گەرمتری ھەیە. زیاتر لە شەش ھاووڵاتی سووری بە ڕۆژنامەی نیوویۆرک تایمزیان ڕاگەیاندووە، یان بینیوویانە تەرمەکان سووتێنراون یان بۆنێکیان کردووە کە گومانی سووتاندنی جەستەیان بۆ دروست کردووە.
لە لایەکی دیکەوە ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی کە چاوپێکەوتنی لەگەڵ پاسەوان و زیندانییانی پێشووی زیندانەکەدا کردووە، ڕای گەیاندووە کە ھیچ کامیان باسیان لە بوونی سووتاندنگەیان نەکردووە. بە وتەی زیندانیانی ھەڵھاتوو، تەرمی کوژراوەکە لە دەرەوەی کۆمەڵگەی زیندانەکە بە خاک سپێردراون.
ڕۆژنامەی نیوویۆرک تایمز ھەروەھا ڕاپۆرتەکانی سەرچاوە ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریا و دەستبەسەرکراوانی پێشووی ئاشکرا کرد سەبارەت بە بوونی سووتاندنگە لە ناوەندەکانی تری دەستبەسەرکردنی حکوومەتی سووریا، وەک فڕۆکەخانەی سەربازیی مووززە و ڕووداوەکانی پێشووی ھێزەکانی حکوومەت یان میلیشیاکان کە تەرمەکانیان سووتاندووە.[٩][١٠]
کۆمەڵکوژی زیندانی سەیدنایە
[دەستکاری]کۆمەڵکوژییەکە لەلایەن ھێزەکانی پۆلیسی سەربازی لە سووریا لە ڕۆژی شەممە ٥ی تەممووزی ٢٠٠٨ لە زیندانی سەربازیی سەیدنایە دوای ناڕەزایەتی بەندکراوانی ئیسلامی بە دەیان زیندانی ئیسلامی بوونە قوربانی ئەم کۆمەڵکوژییە.
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ Broomfield، Matt (٥ی ئایاری ٢٠١٦). «Prisoners riot over claims President Assad is about to start torturing and executing them». The Independent (بە ئینگلیزیی بریتانیایی). لە ڕەسەنەکە لە ١٢ی ئایاری ٢٠٢١ ئەرشیڤ کراوە. لە ١٥ی ئایاری ٢٠١٧ ھێنراوە.
- ↑ «Torture victims | Civilian from Daraa dies in Sednaya prison». ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١. لە ڕەسەنەکە لە ١٢ی ئازاری ٢٠٢١ ئەرشیڤ کراوە. لە ١١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ ھێنراوە.
- ↑ Editorial Board (١١ی شوباتی ٢٠١٧). «A 'human slaughterhouse' in Syria». The Washington Post. لە ڕەسەنەکە لە ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ ئەرشیڤ کراوە.
- ↑ «وەشانی ئەرشیڤکراو». لە ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ لە ڕەسەنەکەوە ئەرشیڤ کراوە. لە ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
- ↑ https://web.archive.org/web/20241130061052/https://saydnaya.amnesty.org/en/saydnaya.html
- ↑ «وەشانی ئەرشیڤکراو». لە ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ لە ڕەسەنەکەوە ئەرشیڤ کراوە. لە ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
- ↑ «وەشانی ئەرشیڤکراو». لە ٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ لە ڕەسەنەکەوە ئەرشیڤ کراوە. لە ٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
- ↑ «وەشانی ئەرشیڤکراو». لە ١٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ لە ڕەسەنەکەوە ئەرشیڤ کراوە. لە ١٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
- ↑ https://archive.today/20170515164706/https://apnews.com/46e97ee9bfcd4023a1e66438cd59b32c
- ↑ «وەشانی ئەرشیڤکراو». لە ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ لە ڕەسەنەکەوە ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ ھێنراوە.
