ڕابیعەی عەدەوییە

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە رابیعه‌ی عه‌ده‌ویەوە ڕەوانە کراوە)
ڕابیعەی عەدەوییە

ڕابیعەی عەدەوییە (١٠٠ک/٧١٧ز - ١٨٠ک/٧٩٦ز) نازناوی دایکی خێر ی لێنراوە و یەکێکە لە خوداپەرست و ئەولیا و  عارفێکی ئیسلامی - سونی سۆفی بەناوبانگ، لە نێو سۆفیگەریشدا بە رابەری رێبازی عەشقی ئیلاھی دادەنرێت..

ناونیشان و پێگەشتنی[دەستکاری]

ناوی تەواوی رابیعەی کچی ئیسماعیلی عەدەویە کە کەسایەتیێکی دیاری عێراقی بووە، لە شاری بەسرە لە ساڵی ١٠٠ی کۆچی - ٧١٧ی زاینی لەدایکبووە، ھۆکاری ناونانی بە "رابیعە" لە پای ئەوە بووە کە ئەو چوارەمین کچی بنەماڵەکە بووە.

کاتێک کە رابیعە لە تەمەنی دە ساڵاندا بووە باوکی وەفاتی کردوە بۆیە ھەژاری و بێ نازی رووی لە بنەماڵەکەی رابیعە کردوە، بۆیە رابیعە و خوشکەکانی لە ژیانێکی پر لە ناحۆشی و تەنگ و چەڵەمەدا ژیاون، باوکی رابیعە لەدوای وەفاتی تەنھا "بەلەم"ێکی لەدوای خۆی بەجێھێشتبوو کە تاکە سەرچاوەی داھاتی ئەو خێزانە بووە بۆیە رابیعەی کچی ناچار بووە لە دوای باوکی بەردەوامی بەو کارە بدات و نان و بژێوی بۆ خوشکەکانی پەیدا بکات، ئەو گێرانەوەیە لەلایەن مێژوونوسی گەورەی سۆفی [[عەتتار]] ەوە دەگێردرێنەوە لە کتێبی (تەزکیرەتولئەولیا) دا.[١]

دواتر بەھۆی ئەوەی لە بەسرەدا قات و قری و وشکەساڵی دێت بنەماڵەکەی رابیعە بەسرە جێدێڵن ولەرێگادا لێک ون دەبن.. ئیدی زەمەن رابیعەی کچی چوارەم و خێزانەکەی لەیەک دەکات، بەو ھۆیەشەوە رابیعە بە تەنھایی و بێ کەسی دەمێنێتەوە.

کەسایەتی رابیعەی عەدەوی[دەستکاری]

رابیعەی عەدەوی جیاواز بووە لە سۆفیانی پێش سەردەمی خۆی کە تەنھا خەریکی زوھد بوون، بەڵکو ئەو بیرورای عەشقی ئیلاھی ھێنایەکایەوە و ماناێکی نوێ بۆ سۆفیگەری دارشت، عەشقێکی گەورە و مەزن و پر لە راستی بۆ خودای خۆی ھەبوو.. تەنھا ئامانج و بیری لای عەشقی ئیلاھی بوو..[٢]

لە وتەکانی رابیعەی عەدەوی[دەستکاری]

  • ئەوەندە سەرقاڵی عەشقی خودام، نامپرژێ رقم لە شەیتان بێت..
  • چاکەکانتان بشارنەوە وەک چۆن  خراپەکانتان دەشارنەوە.
  • من خودا نەبۆ خۆشی بەھەشتەکەی و نە بۆ ناخۆشی جەھەنەمەکەی ناپەرستم.. بەڵکو لە خۆشەویستی و عەشقی ئەوەوەیە کە دەیپەرستم.
  • رابیعه‌یان دی مەشخەڵێك گڕ و قاپێ ئاوی پێ بوو! پرسیان : بۆ کوێ ئەچی؟ وتی: ئەڕۆم بەم ئاگرە بەهەشت ئەسووتێنم و بەم ئاوە جەهەننەم ئەکوژێنمه‌وه‌ ، تا خەڵك خوایان لەبەر خۆشویستنی بپەرستن ، نەك لەبەر چێژ و خۆشی لە بەهەشتا و ترسی سووتان لە جەهەننەمدا.

[٣]

وەفاتی[دەستکاری]

رابیعەی عەدەوی لە تەمەنی ھەشتا ساڵیدا، لە ساڵی (١٨٠ک - ٧٩٦ز) کۆچی دوایی کردووە، و بەپێی سەرچاوەکان لە شاری قودس نێژراوە، لە وەڵاتی میصریشدا مزگەوتێک و سەراێکی بەناوەوەیە..[٤].

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ تذکرة الأولیاء - فرید الدین عطار.
  2. ^ دائرة المعارف الإسلامیة فی الجزء١١ من المجلد التاسع.
  3. ^ رابعة بنت إسماعیل العدویة ٢٧ی نیسانی ٢٠١٤ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. أعلام النساء، عمر رضا کحالة، ١٩٥٩
  4. ^ [١]سیر أعلام النبلاء، للذھبی.
  1. سوود لە بابەتی (پایەبەرزانی سۆفیگەری)نوسینی.:-(یاد نورسی) وەرگیراوە..
  2. كتێبی "كه‌سایه‌تیه‌ مه‌زنه‌كانی نێو دونیای ته‌سه‌وف" نوسینی :-یادنورسی