بۆ ناوەڕۆک بازبدە

دەروونناس

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

دەروونزان یان دەروونناس (بە ئینگلیزی: Psychologist، بە کرمانجی: Derûnnas یان Sîkolog) پسپۆڕێکە کە لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندن بۆ دۆخە دەروونییەکان، پرۆسە زانەکییەکان (مەعریفییەکان)، لایەنی سۆزداری و کۆمەڵایەتی، هەروەها ڕەفتاری مرۆڤ دەکات. کاری سەرەکیی دەروونزانان بەگشتی پێک دێت لە ئەنجامدانی تاقیکردنەوە، هەڵسەنگاندن و چارەسەرکردنی کێشە دەروونییەکان، یان ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی. دەروونزانان هەوڵ دەدەن لەوە تێبگەن کە مرۆڤەکان چۆن بیر دەکەنەوە، چۆن هەست بە شتەکان دەکەن و چۆن ڕەفتار دەکەن، چ وەک تاک و چ لەناو ژینگەی کۆمەڵگەدا.[١]

جۆرەکانی دەروونزان

[دەستکاری]

دەروونزانان بەگشتی پۆلێن دەکرێن بۆ دوو جۆری سەرەکی: دەروونزانانی توێژەر (ئەوانەی زانیاری و تیۆریی زانستیی نوێ بەرهەم دەهێنن) و دەروونزانانی کردەیی "پراکتیکی" (ئەوانەی زانستی دەروونزانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی تاک و کۆمەڵگە بەکار دەهێنن).[٢][٣]

  1. دەروونزانی کلینیکی (نۆرینگەیی): پسپۆڕن لە دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی نەخۆشی و شڵەژانە دەروونییەکان، و چارەسەری دەروونی (Psychotherapy) پێشکەش بە سەردانیکەران دەکەن.
  2. دەروونزانی ڕێنماییکار (ڕێنماییکاری دەروونیی): یارمەتیی کەسانی تەندروست دەدەن بۆ تێپەڕاندن و مامەڵەکردنی دروست لەگەڵ کێشەکانی ڕۆژانەی ژیان، وەک گوشاری دەروونی، کێشەی شوێنی کار، یان گرفتە خێزانییەکان.
  3. دەروونزانی پەروەردەیی/قوتابخانە(ڕێنماییکاری پەروەردەیی): لە ناوەندەکانی خوێندن و قوتابخانەکاندا کار دەکەن بۆ هاوکاریکردنی فێرخوازان لە ڕووی پرۆسەی فێربوون، کێشەی ڕەفتاری و گەشەی کەسایەتییەوە.
  4. دەروونزانی پیشەسازی و ڕێکخراوەیی: بنەماکانی زانستی دەروونزانی لە ژینگەی کار و دامەزراوەکاندا جێبەجێ دەکەن، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمداری و پاراستنی تەندروستیی دەروونیی کارمەندان.

خوێندن و مۆڵەتی کارکردن

[دەستکاری]

بۆ ئەوەی کەسێک بتوانێت وەک دەروونزان کار بکات، پێویستە هەڵگری بڕوانامەی باڵای زانکۆ بێت لەو بوارەدا. لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا، دەروونزانی سەربەخۆ دەبێت بڕوانامەی ماستەر یان دکتۆرا (Ph.D. یان Psy.D.)ی لە بواری دەروونزانیدا هەبێت. هەروەها، بۆ بینینی سەردانیکەران و پێشکەشکردنی چارەسەری دەروونی، پێویستە مۆڵەتی فەرمیی کارکردن لە دامەزراوە تەندروستییەکانی پەیوەندیدار وەربگرن.[٤]

خوێندنی دەروونزانی لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان

[دەستکاری]

لە هەرێمی کوردستاندا، لە زۆربەی زانکۆ حکومییەکاندا بەشێکی تایبەت بەم بوارە کراوەتەوە بۆ پێگەیاندنی پسپۆڕ و دەروونزان. دیارترین بەشە دەروونییەکان لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بریتین لە:

  • زانکۆی سەڵاحەدین (هەولێر): خاوەنی سێ بەشی سەرەکییە کە بریتین لە «بەشی دەروونزانی» لە کۆلێژی ئاداب، هەروەها «بەشی ڕێنماییی پەروەردەیی و دەروونی» و «پەروەردەی تایبەت» لە کۆلێژی پەروەردە.[٥]
  • زانکۆی سۆران: «دەروونزانی، ڕێنمایی و دەرووندروستی» لە فاکەڵتیی ئاداب.
  • زانکۆی کۆیە: «بەشی پەروەردە و دەروونزانی» لە فاکەڵتیی پەروەردە و «بەشی دەروونزانی کلینیکی» لە کۆلێژی زانست و تەندروستی .[٦]
  • زانکۆی سلێمانی: «بەشی ڕێنمایی پەروەردە و دەروونیی»ـیە لە کۆلێژی پەروەردەی .
  • زانکۆی دهۆک: «بەشی دەروونناسی» لە کۆلێژی زانستە مرۆڤایییەکان.
  • زانکۆی جیهان-دهۆک: «بەشی دەروونناسی» لە کۆلێژی پەروەردەی گشتی.
  • زانکۆی ڕاپەڕین: «بەشی پەروەردە و دەروونزانی» لە کۆلێژی پەروەردەی قەڵادزێ.
  • زانکۆی زاخۆ: «بەشی دەروونزانیی گشتی» لە فاکەڵتیی پەروردە.
  • زانکۆی گەرمیان: «بەشی پەروەردە و دەروونناسی» لە کۆلێژی پەروەردە.

پڕۆژەی سایکۆفێر و کۆکردنەوەی دەروونزانانی کوردستان

[دەستکاری]

دەرئەنجامی بوونی ئەو ژمارە زۆرەی بەشە دەروونییەکان لە زانکۆکانی کوردستان، پێویستییەکی زۆر هەبوو بۆ دروستکردنی ناوەندێک کە بتوانێت ئەو هێزە زانستییە یەکبخات. یەکێک لە دەستپێشخەرییە مێژوویی و گرنگەکان بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم بوارە لە کوردستان و یەکخستنی توانای دەروونزانان، دامەزراندنی پڕۆژەی سایکۆفێر (Psychofer) بوو. ئەم پڕۆژەیە لە ڕێکەوتی ١١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ لەلایەن کۆمەڵێک فێرخواز و پسپۆڕی دەروونزانییەوە دامەزرا.[٧]

لە مێژووی بواری دەروونزانیی کوردیدا، پڕۆژەی سایکۆفێر بۆ یەکەمین جار سەکۆیەکی دروست کرد کە تێیدا دەروونزانان، فێرخوازان و پسپۆڕانی هەر چوار پارچەی کوردستان لەسەر یەک چەتر کۆببنەوە و بیروڕا ئاڵوگۆڕ بکەن.[٨] ئامانجی سەرەکیی پڕۆژەکە، دروستکردنی هەستی خودکارایی (Self-efficacy)یە لە ناخی فێرخوازانی دەروونیدا، تاوەکوو لە وەرگرێکی سادەی زانیارییەوە ببنە کەسێکی بەرهەمهێن و داهێنەر. سایکۆفێر لە چەندین بواری وەک وەرگێڕان، کاری مەیدانی، و بڵاوکردنەوەی گۆڤار و نامیلکەی زانستیدا چالاکە؛ لەوانەش دەرکردنی "گۆڤاری سایکۆفێر"، کە تاکە گۆڤاری تایبەتمەندە بە بواری دەروونزانی کە بە شێوەزاری سۆرانی بڵاو دەکرێتەوە.[٩]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ↑ «Psychologists : Occupational Outlook Handbook: : U.S. Bureau of Labor Statistics». www.bls.gov.
  2. ↑ American Psychological Association (٢٠١٤). Careers in Psychology. APA.
  3. ↑ «Psychologists : Occupational Outlook Handbook». U.S. Bureau of Labor Statistics.
  4. ↑ «Becoming a Psychologist». American Psychological Association (APA).
  5. ↑ نامیلکەی بەشی دەروونزانی و نامیلکەی بەشی ڕێنماییی پەروەردەیی و دەروونی، زانکۆی سەڵاحەدین (٢٠٢٥-٢٠٢٦).
  6. ↑ نامیلکەی بەشی پەروەردە و دەروونزانی، زانکۆی کۆیە (٢٠٢٥-٢٠٢٦).
  7. ↑ نامیلکەی سایکۆفێر، پڕۆژەی زانستیی دەروونیی سایکۆفێر.
  8. ↑ گۆڤاری سایکۆفێر، ژمارەی دووەم (پاییزی ٢٠٢٥): بۆ یەکەمین جارە هزری دەروونزانان یەک دەخرێت، لاپەڕە (٢-٣).
  9. ↑ گۆڤاری سایکۆفێر، ژمارەی یەکەم (پاییزی ٢٠٢٤)، بابەتی: سایکۆفێر چییە و ئێمە کێین؟، لاپەڕە (٤).