دەروازە:وێژەی کوردی/ژیاننامەی ھەڵبژێردراو/٢

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

عەبدوڵڵا پەشێو شاعیرێکی بەناوبانگی کوردە. بەھۆی دژایەتیی ڕەخنەگرانەیەوە لە دەسەڵاتدارانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وەک شاعیرێکی سیاسیش دەرکەوتووە و بەشێعر و دەربڕین نەقوستانییەکانی لێ لەقاو داون.

پەشێو ساڵی ١٩٤٦ لە بنەماڵەیەکی ئایینی و لە گوندی "بێرکۆت"ی نزیک شاری ھەولێر لەدایک بووە (ئەو گوندە ئێستا بووەتە بەشێک لە شاری ھەولێر). باوکی مەلای گوندەکە بووە، بەڵام بەھۆی نەخۆشی شێرپەنجە ھەر زوو ماڵئاوایی لە دنیا دەکا، پەشێو دەڵێ: "مامەکانم ھانیان دام بچمە بەر خوێندن، یەکەم جار چوومە قوتابخانەی "خالیدیە بە عەرەبی دەمخوێند". ساڵی ١٩٦١ بۆ یەکەمجار دەست دەکا بە شیعر نووسین و یەکەم شیعری لە ھەفتەنامەی "ھەولێر"دا بڵاو دەکاتەوە. دوابەدوای ئەوە خوێندنی ناوەندی و دواناوەندی ھەر لە ھەولێر تەواو دەکا. ساڵی ١٩٦٣ پەیوەندی دەکا بە یەکێتی قوتابیانی کوردستان و لە نێوەڕاستی شەستەکان بەولاوە دەبێتە بەرپرسی قوتابیان و کادیرێکی پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان، ھەر لەو ساڵانەدا دەست دەکا بە بڵاوکردنەوەی شیعرەکانی و لە ڕۆژنامەی "الاخبار – دەنگ و باس" شیعر بڵاو دەکاتەوە ئەم ڕۆژنامەیە ئەودەم ھەفتانە لاپەڕەیەکی بۆ کوردی تەرخان کردبوو. ساڵی ١٩٦٧ بۆ یەکەم جار لە بەغداد ئاشنایەتی لەگەڵ شێرکۆ بێکەسی شاعیر پەیدا دەکا و ھەر ئەو کاتەش "بتی شکاو"ی بە چاپ گەیاندبوو، ھەر لەو ساڵەدا بە یەکجاری واز لە حیزبایەتی دێنێت و بڕیار دەدا خزمەتی بیری "سەربەخۆیی خوازی" بکا. ساڵی ١٩٧٠ لە دامەزراندنی یەکێتی نووسەرانی کورد لە بەغداد بەشداری کردووە. ساڵی ١٩٧١ بۆ ماوەی یەک ساڵ لە گوندی "کەنداڵ"ی دەشتی ھەولێر دەبێ بە مامۆستا.

زیاتر...