جەلالی میرزا کەریم

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search

جەلالی میرزا کەریم (١٩٣٥-١٤\١\١٩٩٣) شاعیرێکی نوێکاری کورد و سەر دەستەی نوێخوازانی بزووتنەوەی ڕوانگە بوو.

ژیان[دەستکاری]

ئەم هۆنەرە بەھرەدارە ساڵی ١٩٣٥ لە شاری سلێمانی و خێزانێکی دیاری ئەو شارە ھاتۆتە جیھانەوە و قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی لە شارەکەی خۆی خوێندووە. سەرەتای خەباتی ڕامیاریی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٥٥، کە بووەتە ئەندامی یەکێتی گشتیی قوتابیان و ھەر لەو قۆناغەدا دەستیداوەتە ھۆنراوە ھۆنینەوە و لە سەرەتادا کەوتبووە ژێر کاریگەریی ھۆنراوەکانی مامۆستا گۆران، بەڵام دواتر کە ئەزموونی هۆنەری دەوڵەمەند دەبێت، دەبێتە خاوەن دەنگ و ستایلی تایبەتی خۆی و لە کاروانی خەباتی ڕامیاریشدا پتر تێھەڵچووە و لە ساڵی ١٩٥٦ دا لەسەر چالاکی ڕامیاریی گیراوە و لەدوای بەرپابوونی شۆڕشی ١٤ی تەممووزی ١٩٥٨ بەرەڵا بووە... لە سەرەتای ١٩٦٦دا تا ساڵی ١٩٧٠ بێژەر و وەرگێڕ بووە لە ڕادیۆی کوردی بەغداد ئەوسا چونکە سەر بەباڵی نوسینگەی سیاسی بوو بە هۆی ئەوانەوە بوو بە رۆژنامەنووسی ڕۆژنامەی"هاوکاریی" کە حوكوومەتی عێراقی بەعس لە بەغداددا دەریدەکرد. ئەم هونەرە لەگەڵ چەند ھاوڕێیەکیدا، گۆڤارێکی بەناوی ھیوای کوردستان وەک ئۆرگانی یەکێتی گشتی قوتابیانی عێراق - لقی سلێمانی دەرچوواندووە و لە کۆتایی مانگی نیسانی ١٩٧٠ دا یەکێک بووە لە ھەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی ڕوانگە کە یەکەم بەیاننامەیان بە واژووی حسێن عارف، شێرکۆ بێکەس، کاکە مەم بۆتانی و جەمال شارباژێری بڵاوکردەوە و دواتریش ٣ ژمارەیان لە بڵاوکراوەی ڕوانگە لە شێوەی پەرتووکدا بڵاو کردەوە کە زۆرینەی پێنووسە نوێخوازەکانی ئەو سەردەمە بەرھەمیان تێدا بڵاو دەکردەوە و ئاسگی داھێنانی بەھۆنراوە و چیرۆکی کوردیان بەرە و ئاستێکی باڵاتر برد. ناوبراو لەدوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول-ەوە تا دوای ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١، لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ژیانی بەسەردەبرد. رۆژی ١٤\١\١٩٩٣، بە نەخۆشی دڵ لە شاری ھەولێر کۆچی دوایی کرد و لە ڕێ و ڕەسمێکی تایبەت لە شاری سلێمانی بە خاک سپێردرا.

بەرھەمەکان[دەستکاری]

جەلالی میرزا کەریم لە ماوەی ژیانی ٥٨ ساڵیدا، ئەم بەرھەمانەی بەچاپ گەیاندووە:

چەند نموونەیەک ھۆنراوەکانی:

شاعیری نوێکار لە ھۆنراوەیەکیدا بەناوی «ڕوانینەکانی چاوی شەقام»، کە ساڵی ١٩٧٠ نووسیویەتی و لە ژمارەی ٤ی ھەمان ساڵی گۆڤاری بەیاندا بڵاویکردۆتەوە دەڵێت:

ھۆن ھۆن نیگای ئاگری
باڵی کاروانمان
بەسەر باخی مەرگی بەھاری
ئاسۆدا ئەبارێنێ
ھۆنراوەی زام
تەڵ.. تەڵ چڵی خوێنی وشەی
سەر بڕاومانە
لەرێژنەو ئاوی ھەناسەی
ژاڵەو بیی-دا دا ئەچێنێ!
لێوی گەڵا
تریفەی بزەی ھەورامان
بەناو ناخی ڕێگای قوڕپێوان و
شیندا ئەوەرێنێ!!

پاشان لە بەشێکی تری ھۆنراوەکەیدا دەڵێت:

دیواری خوێن خۆی لە
فرمێسک
ھەڵئەکێشا
سەنگەری خەم چیای قورسی
ڕێی نۆ ساڵەی
تەنیا خواستێکی ئەکێشا
گۆرانی لەناو گەروودا
ئەخنکێنرێ
گۆرانی لەناو سەنگەردا ئەسووتێنرێ!
کەچی ھێشتا.. ھێشتا
سەنگەر
نازانم بۆ
بۆ لەئاگری ناو گەرووی
خۆی ناپرسی؟!

شاعیر لە ھۆنراوەیەکی دیکەیدا بەناوی "یادو... یاقووت و .. نەھەنگ"، کە دوای ڕێککەوتننامەکەی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ نووسیویەتی لە ڕەوشی کوردو ڕژیمی بەغدا دەدوێت، پێشبینی ئەوە دەکات کە ڕژێمی بەعس لەو ئاستەدا نییە مافی نەتەوەیی کورد دەستەبەربکات، لەدوا بڕگەی ھۆنراوەکەیدا بەئاشکرا دەڵێت:

ئەی کوردستانی پێشمەرگە
ڕاستە دڵی چیاکانت
چاوی گەشی منداڵانت
ئەمساڵ پڕ شایی و ئاھەنگە
بەڵام قسە
ھێشتا ڕەنگە
خواست و مەرام یاقووتێکی شەوچراغی
ناو گەرووی تاری نەھەنگە!

سەرچاوەکان[دەستکاری]