جیھانی لواو

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

جیھانی لواو بەو جیھانە دەوترێ کە بۆی بلوێ ھەڵکەوێ. بۆ وێنە، ئەو جیھانەی کە دانەری دەقێکی ئەدەبی دەیخولقێنێ، یا جیھانێ کە نیگارکێشێ لە تابلۆیەکدا دەیکێشێ، یا جیھانێ کە فیلمێ دەیخاتە بەر چاو. ئەم جیھانانە لەوانەیە لە واقیعی دەوروبەری مرۆڤ دوور کەونەوە، لەوانەشە نزیک لە جیھانی واقیع بن.

بەکارھێنانی جیھانە لواوەکان بۆ خستنەڕووی ئەندێشەکان پێشینەیەکی دوورودرێژی ھەیە. بۆ نموونە، جیھانی ئایدیاکانی ئەفلاتوون جۆرێ جیھانی لواوە، یا ئەوەی کە لایبنیتس لەبارەی جیھانی پێشگای خواوە دەڵێ.

مرۆڤ لە لێکدانەوەی دەوروبەری خۆیدا، ھەمیشە لە جیھانی واقیعەوە خۆی دەخاتە ناو جیھانە لواوەکانەوە و، ھەمیسان دێتەوە ناو جیھانی واقیع. بۆ وێنە، ئەگەر کەسێ بڵێ «ئەگەر ئازاد بستێ باڵابەرزتر بووایە، سەری دەیدا لە گڵۆپەکە»، ئەو کەسە گڵۆپێکی لە بنمیچ ئاوێزانی ناو جیھانی واقیعی پێش چاوی خۆی ھێناوە و، ئینجا «ئازاد»ی لە جیھانی واقیعەوە بردووەتە ناو جیھانێکی ترەوە، بۆ ئەوەی بتوانێ لەوێ بستێ باڵابەرزتری بکاتەوە. دوای ئەوە، ئەم «ئازاد»ە نوێیەی لەو جیھانە لواوەوە ھێناوەتەوە بۆ ناو جیھانی واقیع تا ئەوە نیشان بدا کە سەری لە گڵۆپەکە دەدا.

کۆمایەکی گەورە لە باوەڕەکانی مرۆڤ کە بە شێوەی «ڕاستیی گومانھەڵنەگر» لە مێشکیدا تۆمار کراون، دەگەڕێنەوە بۆ جیھانگەلی لواوی جیاواز لە جیھانی ڕاستەقینە. بۆ وێنە، «چاوەزار» لە جیھانێکی تردا، جیاواز لە جیھانی واقیع، دەتوانێ بلوێ، جیھانێک کە بە پێچەوانەی جیھانی واقیع، تێیدا چاو دەتوانێ ھێز و وزەی تایبەتیی ھەبێ و کاری سەیروسەمەرە بکا: دەتوانێ کەسێک نەخۆش بخا یا بەڵایەکی بۆ بگەیەنێ. [١]

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ صفوی, کورش (1399). فرهنگ توصیفی فلسفه زبان. نشر علمی. p. 149.