بۆ ناوەڕۆک بازبدە

بەبیناوھێنان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

بەبیناوھێنان بریتییە لەو بەھرەیە کە ئینسان ھەیەتی و بە ھۆیەوە دەتوانێ بزانێ، بەبێ ئەوەی کە بە فکرکردنەوە و بەڵگەھێنانەوە بەو زانینە بگات. یانی بە زانین گەیشتنەکە ڕاستەوخۆ و کوتوپڕ و بێناوبژییە. «بیناو» یا «دیناو» لە ئەسڵا لە زاراوەکانی سۆفییایەتییە و بەو دیمەنە دەوترێ کە لە حاڵەتی موکاشیفەدا دەبینرێ. بە عەرەبی «موعایەنە»ی پێ دەڵێن، یانی بەچاودیتن، شتێ بەرەوڕوو بینین. جگە لە عیرفان و سۆفییایەتی، وشەکانی بیناو و بەبیناوھێنان و بەبیناوھاتن لە بوارە جیاجیاکانی تردا بە مانای جیاجیا بە کار دەبردرێ، لەوانە، خێرا و لەناکاو زانین، پێزانین بەبێ بیرکردنەوە، ھەستکردن بە شتێ لە دڵ و دەرووندا، بیر و بڕوای دڵ، دەروونبینیی نائاگادارانە و، تواناییی لە شت تێگەیشتن بە شێوەی غەریزی.[١]

لە ڕەوانناسیدا، یەکەم کەسێ سەرنجی پێی داوە و پێناسەی کردووە، کارڵ یونگ بووە. ئەو دەڵێ بەبیناوھێنان یەکێ لە ئیشوکارەکانی گیانی مرۆڤە کە بەبێ ئەوەی خۆی ئاگای لێ بێ، زانیاری وەرئەگرێ و پێیەوە دەئاژوێ و، بۆ لە دواڕۆژا بەکارھێنانەوەی، ڕێکی دەخا.[٢]

ھەم فەیلەسووفە رۆژاوایییەکان و، ھەم ڕۆژھەڵاتییەکان، لەسەر بیناو لێکۆڵینەوەیان کردووە. بۆ وێنە، لە مەعریفەتناسییەکەی کانتدا، بیناو ئەوەیە کە ھەستیاریی مرۆڤ دابینی دەکا بۆی و، زانیارییە ھەستەکییە بنچینەیییەکانی لە خۆ گرتووە. بە شێوەیەکی سەرسەری، دەتوانین بڵێین بۆ کانت بەبیناوھێنان ھەمان پێحەسیانە. کانت لەو باوەڕەدا بوو زەینی ئێمە ھەموو بیناوە دەرەکییەکانمان، یانی ئەوەی دەیبینین یا دەیبیسین یا دەیچێژین یا بە ھەر شێوەیەکی تر لە جیھانی دەرەوە ھەستی پێ دەکەین، دەخاتە ناو قاڵبی بۆشایی و، ھەموو بیناوە ناوەکییەکانمان، وەکوو فکرەکان و بیرەوەرییەکانمان، دەخاتە ناو قاڵبی کات.[٣]

بەبیناوھاتن لە ڕوانگەی ئەفلاتوونەوە

[دەستکاری]

ئەفلاتوون یەکەمین فەیلەسووفە کە تێکۆشەرانە لە زانایی و چۆنیەتیی بەدەستھێنانی دەدوێ و، یەکەم کەسە لە فەلسەفەی ڕۆژاوادا کە باسی زاناییی بەبیناوھاتوو (مەعریفەتی شوھوودی) دێنێتە پێشەوە. لە تیۆرییەکەی ئەفلاتوون دەرھەق بە زاناییدا،  بەبیناوھاتن لە بانترین جێگا دادەنرێ. بە ئاوڕدانەوە لە ئەو پێناسە جۆربەجۆرانە کە ڕاڤەکارانی ئەفلاتوون و خودی ئەفلاتوونیش لە نامیلکەکانیدا پێشکەشیان کردووە، دەکرێ بەبیناوھاتن بەم چەشنە پێناسە بکرێ: پێزانینی ڕاستەوخۆ و بێناوبژی لە ڕێگای سەرووترین ھێزی ئەقڵانییەوە، کە زەینی فەیلەسووف لە گریمانەکانی بەڵگەھێنانەوە ئەولاتر دەبا و، بە ھۆیەوە، فەیلەسووف لە پەیوەندیی فۆرمەکان لەگەڵ یەکترا ئاگادار دەبێ و، لەوە تێدەگا کە لە کۆتاییدا ھەموو فۆرمەکان بەندیواری «خەیر»ن و، ڕاستەوخۆ خەیر دەبینێ (= شوھوودی دەکا، یا بە بیناوی دێنێ) و، ئاشنای واقیع دەبێ. بەبیناوھێنان بۆ ئەفلاوون «ئەقڵانی»یە، واتە دیتنی فۆرمی خەیر و جوانی بە ھۆی چاوی ئەقڵەوەیە نەک چاوی سەر. ھەروەھا، بەبیناوھێنان ھەرە دوایین قۆناغی زانینیشە. کاتێ ڕێی سەرەوژووری زانایی دێنینە بەر چاو، دوای تێپەڕاندنی قۆناغە سەرەتایییەکانی خەیاڵ و باوەڕ و بەڵگە، لە کۆتاییدا دەگەین بە قۆناغی بیناو. کەسێ کە بەم قۆناغە دەگا، خۆی ڕاستەوخۆ خەیر دەبینێ و وەکوو سەرچاوە و بناخەی زۆرێتی لە جیھاندا دەیناسێ.[٤]

لە فەلسەفەی ئیمانوێل کانتدا

[دەستکاری]

یەکێک لە تێگەیشتە بنەڕەتییەکانی فەلسەفەی کانت بەبیناوھێنانە. کانت دەڵێ ھەرچی کە مرۆڤ لە بابەت ئۆبژەکانەوە دەزانێ لەسەر دوو کۆڵەکە ڕادەوەستێ: ۱) بەبیناھێنان و، ۲) تێگەیشتن. بیناو، کە ناوەرۆک و ناواخنی زانایییە، لە ڕێگەی ھێزی ھەستیارییەوە بە دەست دێ. مرۆڤ ھەستیارە. واتە، کە دەتەقێ بە شتەکانەوە، ھەستیان پێ دەکا و، لە ڕێگەی ئەم ھەستپێکردنەوەوە بە «بیناو»یان دێنێ. «تێگەیشتن»یش خۆی ھێزێکی ترە لە مرۆڤدا. کاتێ بەبیناوھێنان و تێگەیشتن پێکەوە ھاوکاری دەکەن، مرۆڤ بە شتەکان دەزانێ و، جیھان دیاری دەدا. لە ڕوانگەی کانتەوە بەبیناھێنان جۆرێ پێزانینە، پێزانینێ کە دوو تایبەتمەندیی ھەیە: تایبەتمەندیی یەکەمی ئەوەیە کە بێناوبژی و ڕاستەوخۆیە، چونکە ھەستیاری بەبێ ناوبژی دەچێتە سەر دیاردە و بە بیناوی دێنێ. تایبەتمەندیی دووەمی ئەوەیە کە تاکە، پێچەوانەی تێگەیشتەکان کە تێکڕایین. لە ئەندێشەی کانتدا بیناو ناتوانێ تێکڕایی بێ.[٥]

جۆرەکان

[دەستکاری]

بیناوی ھەستەکی: بەبیناوھێنانی ھەستەکی ئەو کاتە دێتە دی کە ئۆبژەیەکی دیاریکراو بکەوێتە بەر یەکێ لە ھەستەکانی مرۆڤ و، بە ھۆی ئەو بەرکەوتنە، تەسەووری ئۆبژەکە لە زەیندا دروست ببێ. کانت بەو تەسەوورە دەڵێ بیناو.

بیناوی پەتی: ھەرگا کانت بڵێ «پەتی»، مەبەستی «پێشینی»یە. واتە شتێ کە پێش ھەر چەشنە ئەزموونێک، لە پێکھاتەی زەیندا ھەیە و، لە ئەزموونەوە نەھاتووە. «پەتییە» یانی ئاوێتە نەبووە لەگەڵ ھەستدا. بیناوی پەتی فۆرمی بیناوە. وەکوو فۆرمی بەبێ ماددەیە. کانت دەڵێ کاتێ ئێمە شتێ دەئەزمووین، زەین ئەو شتە لە ناو بوخچەگەلێکی تایبەتدا دەپێچێنێتەوە. بەو بوخچانەش دەڵێ بیناوە پەتییەکان و، بە وتەی کانت دوو دانەن: کات و بۆشایی.[٥]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ↑ Gigerenzer، Gerd (٢٠٠٧). Gut Feelings: The Intelligence of the Unconscious (بە ئینگلیزی). Penguin. ژپنک ٩٧٨-٠-٦٧٠-٠٣٨٦٣-٣.
  2. ↑ متمم، گروە (١٩ی ئایاری ٢٠١٩). «شھود چیست؟ آیا تفکر شھودی و تصمیم شھودی مھارت محسوب میشوند؟». متمم (بە فارسی). لە ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
  3. ↑ ئیمانوێل کانت، ڕەخنە لە ئەقڵی پەتی
  4. ↑ شھود از دیدگاھ افلاتون و کانت؛ یاسمین دولت شاھی.
  5. 1 2 تحلیلی بر «شھود» در ساختار معرفتی کانت