بووکەبەفرینە

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
بووکەبەفرێکی کلاسیکیی سێ تۆپەبەفری.

بووکەبەفرینە یان شێرەبەفرینە پەیکەری کەسێکە، لە بەفر دروست دەکرێت. بەزۆری لە بەسەریەکەوەنانی یەک، دوو، یان سێ تۆپەبەفری گەورە دروست دەکرێت، لە وەرزی بەفرباریندا، بەتایبەتی لەلای منداڵان. چەند شتێکیشی پێوە دەلکێنرێت تا شێوەی مرۆڤ بدات، لەوانە؛ دانانی دوو چاو، و لووتێک کە بەزۆری بە بەکارھێنانی گێزەرێکە، دروستکردنی دوو دەست بە بەکارھێنانی دار یان شتێکی ھاوشێوە، لەگەڵ دانانی چەند قۆپچەیەک لەسەر سنگی، ھەندێک جار جلوبەرگی لەبەردەکرێت، بەتایبەتی دانانی ملپێچ و کڵاو بۆی.

دروستکردن[دەستکاری]

بەفر ئەو کاتە گونجاو دەبێت بۆ لەخشت دان و دروستکردنی بلۆکی بەفر، کاتێک نزیک دەبێتەوە لە پلەی توانەوەی و شێدار و توند دەبێت. دروستکردنی بووکەبەفرینە لە تۆزی بەفر و بەفری تازەباریوو گرانە، لەبەرئەوەی توانای تۆپەڵبوون و یەکگرتنی لەگەڵ خۆی نیە ، و ئەگەر لەم کاتەدا پلەی گەرمی زیادتر دابەزی ئەوا دیسان بەفرەکە گونجاو نابێت بۆ درووستکردنی بووکەبەفرینە چونکە بووەتە سەھۆڵ. کەواتە، باشترین کات بۆ دروستکردنی بووکەبەفرینەیەک لە پاشنیوەڕۆیەکی گەرمی دوای ڕۆژی بەفربارینە. کارەکە بە دروستکردنی تۆپەبەفرێکی بچووک دەست پێدەکات، و بادانی لەناو بەفری سەرزەوی تا قەبارەکەی گەورە دەبێت، چەند زۆرتر بیخولێنینەوە تۆپەکە قەبارەیەکی گەورەتری دەبێت.

لە ئەورووپا و ئەمریکای باکوور بووکەبەفرینە بە دانانی سێ تۆپەبەفر لەسەر یەکتر دروست دەکرێت (تا بەرەو سەر بڕۆین قەبارەی بچووک دەبێتەوە)، و دانانی دوو دەست و چاو و لوتێک و دەمێک، لەگەڵ چەند جوانکاریێکی تر. بەڵام لە کوردستاندا بەزۆری لاشەی بووکەبەفرینە یەک پارچە بەفرە و بە کەڵەکەکردی بەفر لەسەریەک و ڕاستکردن و شێوەپێدانی بووکەبەفرەکە دروست دەکرێت.

بووکەبەفرینە زلەکان[دەستکاری]

لە ساڵی ٢٠١٥ پیاوێک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بووکەبەفرینەیەکی دروستکرد، بە بڵندایی ٢٢ پێ و پانایی ١٢ پێ.

ڕیکۆردی جیھانیی گەورەترین بووکەبەفرینە لە ساڵی ٢٠٠٨ لە شاری بێتلی ویلایەتە یەکگرتووەکان تۆمارکراوە. بەرزیی بووکەبەفرینەکە ٣٧.٢١ مەتر بوو.[١][٢]

یونیکۆد[دەستکاری]

لە سیستەمی یونیکۆد، کۆدی (U+2603) ھێمای بووکەبەفرینەیە ().

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

گالێری[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]


  1. ^ "Topping 122 Feet, Snowman in Maine Vies for World Record". Fox News (Associated Press). 1 March 2008. Retrieved 8 January 2016.
  2. ^ "Tallest snowman". Guinness World Records. Archived from the original on 16ی Marchی 2016. Retrieved 8 January 2016. {{cite web}}: Check date values in: |archive-date= (help)