شەڕەبەفر

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
شەڕەبەفرێکی گەورە، لەجێی ڕووباری وشکبووی زایندەڕوود، ئێران

شەڕەبەفر یان شەڕەتۆپەڵ گەمەیەکە کە تێیدا یاریکەرەکان تۆپەبەفر دەھاوێژنە یەکتر بە مەبەستی لێدانیان لە کەسی بەرانبەریان. ئەم یارییە ھاوشێوەی (Dodgeball)ە، ئەوە نەبێت کە ئەم یارییە کەم ڕێکخراوترە. ئەم چالاکییە لەو وەرزانە ئەنجام دەدرێت کە تێیاندا ڕێژەیەکی زۆری بەفر دەبارێت، بەتایبەتی لە زستاندا. یارییەکە ھەرچەندە ڕێکخراو و فەرمی نییە، بەڵام زۆرجاران لە کاتی یارییەکەدا پەیڕەوی لە کۆمەڵێک ڕێسا و مەرج کراوە؛ وەک دروستکردنی دوو گرووپ کە بەرانبەر یەکتری شەڕ بکەن، و تۆپەبەفرھاوێژ نابێت لەبەر ڕق و کینە تۆپەکەی ئاراستەی کەسێکی دیاریکراو بکات، و کەسی تۆپپێکەوتووش نابێت نەفرین و جنێو بۆ کەسی بەرانبەری بنێرێت. لە یارییەکەدا کەمترین بەریەککەوتن ھەیە، ناکرێ وەک زۆرانبازی لێبێت. بە گشتی یارییەکە بۆ خۆشییە و نابێت ببێتە ھۆی ئازار و زیان گەیاندن بە یەکتری.

لەنێو خەڵکی کوردستانیشدا، بەتایبەتی ناوچە شاخاوییەکان، ئەم یارییە باوە، لە وەرزی بەفرباریندا. زۆرێک لە خەڵکی ئەو ناوچە و شارانەی بەفر نایان گرێتەوە، بۆ کردنی ئەم یارییە و چێژوەرگرتن لە بەفر، ڕوو لە ناوچە بەفرگرتووەکان دەکەن، بەتایبەتی سەر چیاکان.

گەورەترین شەڕەبەفرەکان[دەستکاری]

لە ٨ی شوباتی ٢٠١٣، نزیکەی ٢٫٥٠٠ خوێندکاری زانکۆی بۆستن بەشداربوون لە شەڕەبەفرێک.

لە ١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣، بە فەرمی ٥٫٨٣٤ کەس لە شاری سیاتڵ لە واشنتۆن لە شەڕەبەفرێکدا توانیان ڕیکۆردێکی جیھانی تۆماربکەن و ناویان لە ڕیکۆردەکانی گینس نووسرا. ئەم ڕیکۆردە لە ٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠١٦ لە کەنەدا شکێنرا، کاتێک ٨٫٢٠٠ کەس بەشداربوون لە گەورەترین شەڕەبەفر لە جیھاندا.[١][٢]

لە جیھاندا نموونەی شەڕەبەفرە گەورەکان زۆرن، و تەنانەت لەماوەی جەنگەکان و لەنێو یەکە سەربازییەکاندا شەڕەبەفر ھەبووە.

کێشەکان لە شوێنە گشتییەکان[دەستکاری]

لە زۆرێک لە خوێندنگە و پارکەکاندا لە سارتاسەری جیھان، کردنی شەڕەبەفر دژی یاسایە. کێشەکە لەوەیە کە لەوانەیە لەنێو تۆپەبەفرەکاندا شتی تر دابنرێت، ئەمەش دەبێتە ھۆی ئازاردان و بریندارکردنی خەڵک.

زیادتر ببینە[دەستکاری]

پێشانگا[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "Seattle stages 'biggest' snowball fight". Orlando Sentinel. Retrieved 13 January 2013.
  2. ^ "Seattle breaks record for world's biggest snowball fight". KOMO News. Retrieved 13 January 2013. ١ی کانوونی دووەمی ٢٠١٥ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.