ئەنجومەنی حوکمڕانی عێراق

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
پۆڵ بریمەر لەگەڵ چەند ئەندامێکی ئەنجومەنی حوکمڕانی عێراق

ئەنجومەنی حوکمڕانی عێراق (بە عەرەبی: مجلس الحكم العراقي‎) دووەم دەستەی کارگێڕییە کە بەپێی زنجیرەی کاتیی لە عێراق پێکھێنراوە، دوای شەڕی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ سەر عێراق لە مانگی ئازاری ٢٠٠٣، کە بە داگیرکردنی بەغدا لە ٩ی نیسانی ٢٠٠٣ کۆتایی ھات، دەسەڵاتی ھاوپەیمانی یەکگرتوو، بە سەرۆکایەتی پۆڵ بریمەر، یەکەم دامەزراوە بوو کە دەستی بەسەر کارووباری عێراقدا گرت دوای داگیرکاری. ئەنجومەنی حوکمڕانی لە ١٢ی تەمموزی ٢٠٠٣ بە بڕیاری دەسەڵاتی ھاوپەیمانی یەکگرتوو پێکھێنرا و دەسەڵاتی بەشەکی لە بەڕێوەبردنی کارووباری عێراقدا پێبەخشرا، دەسەڵاتی ھاوپەیمانی یەکگرتوو بە پێی یاساکانی جەنگ و داگیرکاری سەربازی دەسەڵاتی تەواوی ھەبوو بەپێی ڕێککەوتنی نەتەوە یەکگرتووەکان کە واژووی لەسەر کراوە.

ماوەی دەسەڵاتە سنووردارەکانی ئەنجومەنی حوکمڕانی ئینتقالی لە ١٢ی تەمموزی ٢٠٠٣ تا ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٤ درێژ بووەوە، پاشان ئەنجومەنەکە ھەڵوەشایەوە و حکوومەتی کاتیی عێراق جێگەی گرتەوە. ئەنجومەنی حوکمڕانی لەو لایەن و پارچە جیاجیانەی عێراق پێکھاتبوو کە پێشتر دژی سەددام حوسێن بوون.

کۆمکاری عەرەبی لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٤ ئەنجومەنی حوکمڕانی عێراقی وەک نوێنەری یاسایی عێراق ناساند، کاتێک کۆمکاری عەرەبی ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ئەوەی نوێنەری ئەنجومەنی حوکمڕانی لەسەر ئەو کورسییە دابنیشێت کە بۆ عێراق دیاریکراوە لە کۆمکاری عەرەبیدا. سەرۆکایەتی ئەنجومەنی حوکمڕانی بە شێوەی دەستاودەست ئەنجام دەدرا، بەو پێیەی سەرۆکی پارچە بەشداربووەکان لە ئەنجومەنەکەدا بە نۆرە بۆ ماوەی یەک مانگ سەرۆکایەتییان دەکرد. ھەرچەندە کۆمکاری عەرەبی و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ژمارەیەک وڵات ئەنجومەنی حوکمڕانی عێراقیان وەک نوێنەری یاسایی عێراق ناساند، بەڵام دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە دەستی ھێزەکانی ئەمریکا و نوێنەرەکەی بوو بەناوی پۆڵ بریمەر.

یەکێک لەو بڕیارە مشتومڕاویانەی ئەنجومەنی حوکمڕانی داویەتی، ھەڵوەشاندنەوەی یاسای باری مەدەنی بوو کە لە سەردەمی سەددام حوسێن جێبەجێ دەکرا و گۆڕینی ئەم یاسایە بە یاسایەکی تر کە پابەندە بە یاساکانی شەریعەتی ئیسلامییەوە، ئەم بڕیارە بووە ھۆی ناڕەزایەتی لە ڕیزەکانی عەلمانییەکان و ئافرەتان لە عێراق. بڕیارێکی دیکەی مشتومڕاوی ئەوە بوو کە ڕۆژی کەوتنی بەغدا لە ٩ی نیسانی ٢٠٠٣ بکرێتە جەژنێکی نیشتمانیی لە عێراق، ئەمە جگە لە بڕیاری گۆڕینی ئاڵای عێراق. ئەم بڕیارانە لەلایەن کەرتە فراوانەکانی گەلی عێراقەوە ئیدانە کران.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

بەشداربووانی ویکیپیدیا، «مجلس الحكم العراقي»، ویکیپیدیای عەرەبی. سەردان لە ٢٩ی ٩ی ٢٠٢٣.