ئێد گێین

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ئێد گێین
بە ئینگلیزی: Ed Gein
لەدایکبوون٢٧ی ئابی ١٩٠٦
La Crosse، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
مردن٢٦ی تەممووزی ١٩٨٤(١٩٨٤-٠٧-٢٦) (٧٧ ساڵ ژیاوە)
Madison, Wisconsin، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
ناوی کاتی لەدایکبوونEdward Theodore Gein
ناسناوThe Plainfield Ghoul
ھۆی مەرگrespiratory failure
شوێنی ناشتنPlainfield Cemetery
زمانی زگماکیئینگلیزی
زمانەکانی ئاخاوتنئینگلیزی
Place of detentionMendota Mental Health Institute
تاوانبار بەکوشتنی بە مەبەست، grave robbery
پیشەبکوژی زنجیرەیی
دانیشتوویPlainfield
ئایینLutheranism

ئێدوارد «ئێد» تیۆدۆر گێین (بە ئینگلیزی: Ed Gein یان Edward Theodore Gein) ( ٢٧ی ئابی ١٩٠٦ [١] - تەممووزی ١٩٨٤) ناسراو بە قەسابی پلاینفیڵد یان غولی پلاینفیڵد، بکوژێکی ئەمریکی بوو. تاوانەکانی کە لە دەوروبەری شارەکەی خۆی لە شاری پلاینفیڵد لە ویلایەتی ویسکۆنسێن ئەنجامدراوە، ناوبانگێکی بەرفراوانی بەدەستھێناوە دوای ئەوەی دەسەڵاتداران بۆیان دەرکەوتووە کە گێین تەرمەکانی لە گۆڕستانە ناوخۆییەکاندا دەرھێناوە و لە ئێسک و پێستیانەوە شتی لێ درووستکردوون.

گێین دان بەوەدا دەنێت کە دوو ژنی کوشتووە: یەکەمیان لە ساڵی ١٩٥٤ و دووەمیان لە ساڵی ١٩٥٧. سەرەتا گێین بە ناشایستە بۆ دادگاییکردن دەرکەوت و لە دامەزراوەیەکی تەندرووستی دەروونیدا بەندکرا. لە ساڵی ١٩٦٨ گێین تاوانبار کرا بەڵام لە ڕووی یاساییەوە شێت بوو، و لە دامەزراوەیەکی دەروونیدا بەندکرا. بەھۆی شێرپەنجەی جگەر و لەکارکەوتنی کۆئەندامی ھەناسەدانەوە لە ٢٦ی تەممووزی ١٩٨٤ لە تەمەنی ٧٧ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. لە تەنیشت خێزانەکەی لە گۆڕستانی پلاینفیڵد نێژرا، لە گۆڕێکدا کە ئێستا نیشانەی لەسەر نییە.

گێین ئیلھامبەخشی کۆمەڵێک فیلمی وەک سایکۆ (١٩٦٠)، بێدەنگی بەرخەکان (١٩٩١) و کۆمەڵکوژی منشاری تەکساس (چەند بەشێک) بووە.

سەرەتای ژیان[دەستکاری]

منداڵی[دەستکاری]

ئێد گێین لە ٢٧ی ئابی ١٩٠٦ لە شاری لاکرۆس لە ویلایەتی ویسکۆنسێن لەدایکبووە، دووەم کوڕی دوو کوڕی جۆرج فیلیپ گێین (١٨٧٣–١٩٤٠) و ئۆگستا ویلھێلمین گێین (١٨٧٨–١٩٤٥) بووە. گێین برایەکی گەورەی ھەبوو بە ناوی ھێنری (١٩٠١–١٩٤٤).[٢][٣][٤][٥]

ئۆگستا ڕقی لە ھاوسەرەکەی بوو چونکە کەسێکی مەیخۆر بوو و نەیدەتوانی کارەکەی خۆی بھێڵێتەوە. جۆرج بۆ چەند ساڵێک خاوەنی فرۆشگایەکی خواردن بوو، بەڵام فرۆشتی و خێزانەکە شارەکەیان بەجێھێشت بۆ ئەوەی لە کێڵگەیەکی تایبەتدا بژین کە ١٥٥ دۆنم (٦٣ ھێکتار) بوو لە شارۆچکەی پلاینفیڵد لە ناوچەی واسارا لە ویلایەتی ویسکۆنسێن، کە بووە شوێنی نیشتەجێبوونی ھەمیشەیی خێزانی گێین.

ئۆگستا سوودی لە تەنیایی کێڵگەکە وەرگرت بۆ درووخستنەوەی ئەو کەسانەی کە دەیانتوانی کاریگەرییان لەسەر کوڕەکانی ھەبێت. گێین تەنیا بۆ ئەوەی بچێتە خوێندنگە کێڵگەکەی بەجێھێشت. لە دەرەوەی خوێندگەکە زۆربەی کاتەکانی بە کاری ماڵەوە لە کێڵگەکەدا بەسەر دەبرد. ئۆگستا بە قووڵی کەسێکی ئایینی بوو، و لۆتەری (ڕێبازێکی مەسیحییە کە ناوی مارتن لووسەر دامەزرێنەری ڕێبازی پڕۆستانت لێ نراوە) بوو.

ئەو بانگەشەی بۆ منداڵەکانی دەکرد سەبارەت بە مەترسییەکانی بێ ڕەوشتی زگماکی لە جیھاندا و خراپی ئاڵوودەبوون بە مەی و باوەڕی وا بوو کە ھەموو ئافرەتەکان (جگە لە خۆی) لەشفرۆشن و ئامرازێکن کە شەیتان بۆ پیسکردنی زەوی بەکاریدەھێنێت. ھەموو نیوەڕۆیەک کاتێکی بۆ خوێندنەوەی پەرتووکی پیرۆز تەرخان دەکرد، بەزۆری ئەو بڕگانەی ھەڵدەبژارد کە پەیوەندییان بە مردن و کوشتن و سزای خوداییەوە ھەیە.

ئێد گێین شەرمن بوو، و لەلایەن ھاوپۆل و مامۆستاکانییەوە لەبیریان بوو کە ڕەفتاری سەیر و سەمەرەی ھەبوو، وەک پێکەنینێکی بەڕواڵەت ھەڕەمەکی، وەک ئەوەی بە وتە گاڵتەجاڕیەکانی خۆیەوە پێبکەنێت. و ئەوەی دۆخەکە خراپتر کرد دایکی ھەرکاتێک بیزانیبا کە ئێد ھەوڵی ھاوڕێیەتی دەدا، ئەوا سزای دەدا سەرەڕای لاوازی گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی خۆی، بەڵام لە خوێندنگە بە تایبەتی لە خوێندنەوەدا ئاستێکی باشی بەدەستھێنا.[٦][٧]

مردنەکان لە خێزانەکەدا[دەستکاری]

لە ١ی نیسانی ساڵی ١٩٤٠ باوکی بەھۆی سستبوونی دڵەوە بەھۆی مەیخواردنەوە گیانی لەدەستدا و تەمەنی ٦٦ ساڵ بوو. ھێنری و ئێد دەستیان کرد بە وەرگرتنی کار لە دەوروبەری شارەکەدا بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان. ھەردووکیان بە گشتی لەلایەن دانیشتوانەوە بە جێی متمانە و ڕاستگۆ دادەنران. لە کاتێکدا ھەردووکیان وەک کارمەندی چاککردنەوە کاریان دەکرد، ئێد زۆرجار چاودێری منداڵەکانی دەکرد بۆ دراوسێکان. چێژی لە پیشەکە دەبینی، و پێدەچوو ئاسانتر پەیوەندی لەگەڵ منداڵانەوە ھەبێت زیاتر گەورەکان. ھێنری برای دەستی کرد بە پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ بێوەژنێکی تەنیا کە دایکی دوو منداڵ بوو و نەخشەی دانا لەگەڵیدا بژی؛ ھێنری نیگەران بوو لە وابەستەیی براکەی بە دایکییەوە و زۆرجار باسی ئێدی دەکرد بۆ دایکی بەڵام دایکی بە وتەی تووند وەڵامی دەدایەوە.

لە ١٦ی ئایاری ١٩٤٤دا ھێنری و ئێد خەریکی سووتاندنی ھەندێک شت بوون لەسەر موڵکەکە. ئاگرەکە لە دەست دەرچوو و سەرنجی بەڕێوەبەرایەتی ئاگرکوژێنەوەی ناوچەکەی بۆ خۆی ڕاکێشا. تا کۆتایی ڕۆژەکە، دوای کوژانەوەی ئاگرەکە و نەمانی ئاگرکوژێنەوەکان، ئێد ھەواڵی ونبوونی براکەی دا. بە بەکارھێنانی فانۆس و چرای دەستی، کۆمەڵەی گەڕان بەدوای ھێنریدا گەڕا و تەرمەکەی دۆزرایەوە کە لەسەر زەوی بوو.

دیارە ماوەیەکی زۆر لەمەوبەر کۆچی دوایی کردبوو، و پێدەچوو ھۆکاری مردنەکەی لەکارکەوتنی دڵی بووبێت بەو پێیەی نە سووتاوە و نە بریندار نەبووە. سەبارەت بە گێین، ھارۆڵد شێختەر ڕاپۆرتی دا کە ھێنری لێدان لە سەری ھەبووە.

پۆلیس ڕەتیکردەوە ھێنری بە کوژراو ھەژمار بکات و دواتر پزیشکی دادوەری پارێزگاکە بە فەرمی خنکانی وەک ھۆکاری مردنەکەی خستەڕوو. دەسەڵاتداران بەڵگەنامەی مردنەکەیان پەسەند کرد، بەڵام ھیچ لێکۆڵینەوەیەکی فەرمی ئەنجام نەدرا و ھیچ پشکنینی جەستەی بۆ نەکرا. ھەندێک گومانیان دەکرد کە ئێد گێین براکەی کوشتبێت. لە کاتی لێکۆڵینەوەکانیدا، لێکۆڵەر جۆ ویلیمۆڤسکی پرسیاری سەبارەت بە مردنی ھێنری کرد. جۆرج ئارێنت کە لێکۆڵینەوەی لە کەیسی گێین کردووە، نووسیوویەتی کە بە گەڕانەوە بۆ دواوە «ئەگەری ھەیە» کە مردنی ھێنری ھاوشێوەی مردنی قابیل و ھابیل بێت.

گێین و دایکی ئێستا بە تەنیان. ئۆگستا دوای ماوەیەکی کەم لە مردنی ھێنری تووشی جەڵتەی مێشک بوو و ئیفلیج بوو و ئێد خۆی تەرخان کرد بۆ چاودێریکردنی. دواتر گێین لە ساڵی ١٩٤٥دا باسی لەوە کرد کە ئەو و دایکی سەردانی پیاوێکیان کرد بە ناوی سمێس کە لە نزیکیانەوە دەژیا، بۆ کڕینی کا. بەپێی وتەی گێین، دایکی گەواھیداری ئەوە بووە کە سمێس لە سەگێکی دا. ئافرەتی ماڵی سمێس ڕایکردە دەرەوە و ھاوارێکی لێکرد کە بوەستێت بەڵام سمێس لە سەگەکەی دا تا کوشتی.

دایکی گێین زۆر دڵتەنگ بوو بەم دیمەنە. بەڵام پێدەچێت ئەوەی بێزاری دەکرد، دڕندەیی بەرامبەر سەگەکە نەبوو بەڵکو بوونی ژنەکە بوو. ئۆگستا بە ئێدی وتووە کە ئەو ژنە ھاوسەرگیری لەگەڵ سمێس نەکردووە، بۆیە لەوێ ھیچ کارێکی نییە. «ئەو ژنە لەشفڕۆش بوو بۆ سمێس». ئۆگستا پەیوەندی بە ئافرەتەکە کرد تا بە تووڕەییەوە سەرزەنشتی بکات، ھەر زوو دوای ئەوە جەڵتەی مێشکی دووەمی لێکەوتەوە و تەندروستی بە خێرایی تێکچوو. لە ٢٩ی کانوونی دووەمی ١٩٤٥ لە تەمەنی ٦٧ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. بە وتەی نووسەر ھارۆڵد شێختەر، «گێین تاکە ھاوڕێ و خۆشەویستی ڕاستەقینەی خۆی لەدەستدا، و بە تەواوی تەنیا بوو لەم جیھانەدا».[٨][٩][١٠][١١]

کارکردن[دەستکاری]

گێین کێڵگەکەی پاراست و لە چەند کارێک پارەی دەستکەوت. وازی لەو ژوورانە ھێنا کە دایکی بەکاریان دەھێنا لەوانەش نھۆمی سەرەوە و خوارەوە و ژووری میوان بەبێ دەست لێدان؛ لە کاتێکدا کە شوێنەکانی تری ماڵەکە تا دێت پیستر دەبوون، ژوورەکانی دایکی زۆر بە پاکی مانەوە. پاشان گێین لە ژوورێکی بچووکی تەنیشت چێشتخانەکەدا ژیا. لەم کاتەدا ئارەزووی لە خوێندنەوەی گۆڤارە ھەستبزوێن و سەرکێشییەکان بوو، بەتایبەتی ئەوانەی چیرۆکی مرۆڤخۆرەکان یان کارە دڕندەییەکانی نازییەکانیان تێدایە. گێین جووتیارێکی لێھاتوو بوو و لە ساڵی ١٩٥١ەوە یارمەتی کشتوکاڵی فیدراڵی وەرگرت، زەوییەکی ٨٠ دۆنم (٣٢ ھێکتار)ی فرۆشت کە ھی ھێنری برای بوو.[١٢][١٣]

تاوانەکان[دەستکاری]

بەیانی ١٦ی تشرینی دووەمی ١٩٥٧، بێرنیس وۆردن خاوەنی فرۆشگای ڕەقەکاڵای پلاینفیڵد دیارنەما. گەواھیدەرێک ڕای گەیاندووە کە بارھەڵگرێکی سەر بە فرۆشگاکە لە دەوروبەری کاتژمێر ٩:٣٠ خولەکی بەیانی لە پشتەوەی بیناکە دەرچووە. فرۆشگاکە بە درێژایی ڕۆژ داخراو بوو؛ بەشێک لە دانیشتووانی ناوچەکە پێیان وایە کە ئەمەش بەھۆی وەرزی ڕاوکردنی ئاسکەوە بووە. کوڕەکەی بێرنیس و جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی ناوچەکە نزیکەی کاتژمێر ٥:٠٠ی پاشنیوەڕۆ چوونە ناو فرۆشگاکە. ئامێری تۆمارکردنی فرۆشگاکە بە کراوەیی و ھەندێک پەڵەی خوێن لەسەر زەویەکە دۆزرایەوە.[١٤]

کوڕەکەی بە لێکۆڵەرانی وتووە کە گێین ئێوارەی پێش دیارنەمانی دایکی لە فرۆشگاکە بووە، و ڕای گەیاندووە کە بەیانییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کڕینی ھەندێک پێویستی دیکە.[١٥][١٦]

ئێوارەی ھەمان ڕۆژ پۆلیس گێینیان دەستگیرکرد و چوونە کێڵگەکەی بۆ گەڕان و پشکنین. لە یەکێک لە ژوورەکاندا تەرمی پارچە پارچەکراوی وۆردن دەدۆزنەوە، کە سەرووخوار کراوە بە قاچەکانییەوە ھەڵواسراوە و پەت لە مەچەکیدایە. بە تفەنگێکی عەیار ٢٢ تەقەی لێکراوە و دوای مردنی تەرمەکەی شێوێندراوە.[١٧][١٨][١٩]

چارەنووسی موڵک و ماڵی گێین[دەستکاری]

خانوو و موڵکەکەی ئێد گێین کە ڕووبەری ١٩٥ دۆنم (٧٩ ھێکتار) بوو، بەھای ٤٧٠٠ دۆلار بووە (یەکسانە بە ٤٢ ھەزار دۆلار لە ھەژمارەکانی ساڵی ٢٠١٩). بڕیار بوو لە ٣٠ی ئازاری ١٩٥٨ موڵکەکەی بخرێتە مەزادەوە، لەکاتێکدا دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە خانووەکە و ئەو زەوییەی کە لەسەری وەستاوە ڕەنگە ببێتە شوێنێکی سەرنجڕاکێشی گەشتیاری. بەیانی زووی ٢٠ی ئازار، موڵکەکەی گێین لەلایەن دانیشتووانی ناوچەکەوە ئاگری تێبەردرا.

ئۆتۆمبێلەکەی گێین لە ساڵی ١٩٤٩ کە تەرمی قوربانییەکانی پێ دەردەھێنا، لە مەزادێکی ئاشکرادا بە ٧٦٠ دۆلار فرۆشرا (کە یەکسانە بە ٦٧٠٠ دۆلار لە ھەژمارەکانی ساڵی ٢٠١٩دا).

مردن[دەستکاری]

گێین لە پەیمانگای تەندروستی دەروونی مێندۆتا لە ٢٦ی تەمموزی ١٩٨٤ لە تەمەنی ٧٧ ساڵیدا بەھۆی شێرپەنجەی سییەکانەوە کۆچی دوایی کرد. بەدرێژایی ساڵان، ئەوانەی بەدوای شتەکانی ئێددا دەگەڕان گۆڕەکەیان لە گۆڕستانی پلاینفیڵد ھەڵکەندەوە، تاوەکو کێلی گۆڕەکە خۆی لە ساڵی ٢٠٠٠ دزرا، لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٠١ لە نزیک سیاتڵ دۆزرایەوە و لە بەشی شەریف لە ویلایەتی واشارا ھەڵگیرا. خودی گۆڕەکە ھێشتا نیشانەی لەسەر نییە، بەڵام نەزانراو نییە؛ گێین لە نێوان دایک و باوکی و براکەی لە گۆڕستاندا بە خاک دەسپێردرێت.[٢٠]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Vital Records, Pre-1907 Wisconsin.
  2. ^ https://www.wisconsinhistory.org/Records/Birth/BR2625292
  3. ^ Schechter, Harold (2010). Deviant. New York City: Simon & Schuster. p. 50. ISBN 978-1-4391-0697-6.
  4. ^ Schechter 1989, p. 59.
  5. ^ Schechter 1989, p. 54.
  6. ^ Williams, Anne; Head, Vivian; Williams, Amy (2007). Fiendish Killers: Perpetrators Of The Worst Possible Evil. London: Futura Publishing. ISBN 978-0708807255.
  7. ^ Alex Flaster (producer) (2004). Biography: Ed Gein. Los Angeles, California: A&E Television Networks.
  8. ^ Harold Schechter (2010). Deviant. Simon & Schuster. ل. 50. ISBN:978-1-4391-0697-6.
  9. ^ Schechter 1989، لاپەڕە 59.
  10. ^ https://web.archive.org/web/20170304040855/http://www.historicmapworks.com/Map/US/58945/Plainfield+Township/Waushara+County+1924/Wisconsin/
  11. ^ Flaster, Alex. (producer) Biography: Ed Gain. 2004. Biography. Los Angeles, California: A&E Television Networks.
  12. ^ The Psycho Records, p.2, by Laurence A. Rickels, 2016
  13. ^ https://books.google.com/books?id=6m2pCQAAQBAJ&q=80+acre
  14. ^ "Widow, 58, Found Slain in Wisconsin". Star Tribune. November 17, 1957. p. 1. Archived from the original on March 3, 2017. Retrieved March 3, 2017 – via Newspapers.com.
  15. ^ https://newspaperarchive.com/stevens-point-daily-journal-nov-18-1957-p-1/
  16. ^ "Gein Admits Killing Woman, Kileen Reveals". The Oshkosh Northwestern. November 18, 1957. p. 1. Archived from the original on March 4, 2017. Retrieved March 3, 2017 – via Newspapers.com.
  17. ^ https://archive.org/details/obsession00john
  18. ^ Stone, Michael H.; Brucato, Gary (2019). The New Evil: Understanding the Emergence of Modern Violent Crime. Amherst, New York: Prometheus Books. p. 8. ISBN 978-1633885325.
  19. ^ https://archive.today/20130121060258/http://www.crimerack.com/2012/04/ed-gein-case-file/
  20. ^ Bie, Michael (2007). It Happened in Wisconsin. Guilford, Connecticut: TwoDot. p. 97. ISBN 978-0-7627-4153-3. OCLC 76820808.