ئیساگۆجی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ئیساگۆجی پێشەکییەکە بۆ ناساندنی کاتەگۆرییەکانی ئەرەستوو کە فەیلەسووفی نەوئەوفلاتوونی، پۆرفیریۆس، نووسیویەتی و خستوویەتە سەرەتایەوە. نووسرانی دەگەڕێتەوە بۆ چەن سەدە دوای ئەرەستوو، لە نێوان ساڵەکانی ٢٦٨ تا ٢٧٠دا.[١]

دەسنووسی عەرەبیی ئیساگۆجی

پۆرفیریۆس ئەم نامیلکە چکۆلەیەی کاتێ لە دوورگەی سیسیلدا ژیانی بە سەر بردووە، لەسەر داواکاریی سیناتۆری ڕۆمی، خریسایۆریۆس، نووسیووە. ئیساگۆجی لە واقیعا شەرحێکە لەسەر ئەو شتانەی کە بە لای ئەرەستووەوە بە تێگەیشتەگەلی تێکڕایی حیساب دەکران و لە سەرچاوە عەرەبییەکانی مەنتیق و لە سەرچاوە لاتینییەکانی سەدەکانی ناویندا بە کوللیاتی خەمس یان پێنج تێکڕایی ناسرابوون. پۆرفیریۆس لە نووسراوەکەی خۆیدا بەبێ ئەوەی زۆری لێ ورد بێتەوە دەپەرژێتە سەر چۆنایەتیی بوونی ئەم پێنج تێکڕایییە و پەیوەندییان لەگەڵ یەکترا. گەرچی ئەم نووسراوەیە بە ھیچ بارێکا گرنگایەتییەکی وای نییە، بەڵام چارەنووسی وا بوو کە چەن کەسێک لە شرۆڤەکارانی نووسراوەکانی ئەرەستووە ڕاڤە و شرۆڤەیان لەسەر نووسی کە بەرچاوترینیان بۆیتیۆس بووە. ئەو جگە لە شرۆڤە، سەرلەنوێ وەریشی گەڕاندەوە. ئەم نووسراوەیە لە سەدەکانی ناویندا وەھا ناوبانگ و گرنگایەتییەکی بە دەست ھێنا کە لە سەرانسەری ئەو سەردەمانەدا بە گرنگترین سەرچاوەی پوختەی مەنتیق دەژمێردرا. لە ڕۆژھەڵاتیشدا، سەرەتا بە سوریانی و پاشان بە عەرەبی وەرگێڕدرا و بە لای فەیلەسووفانی موسڵمانیشەوە خاوەن گرنگایەتیی تایبەت بوو.[٢]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "Porphyry, Introduction (or Isagoge) to the logical Categories of Aristotle. Preface to the online edition". www.ccel.org. Retrieved 2022-07-25.
  2. ^ "ایساغوجی | دائرةالمعارف بزرگ اسلامی | مرکز دائرةالمعارف بزرگ اسلامی". www.cgie.org.ir. Retrieved 2022-07-27.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]

دەقی ئینگلیزیی ئیساگۆجی