ئایبووپرۆفێن

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Coated 200 mg ibuprofen tablets

ئیبۆپرۆفێن (Ibuprofen) ، دەرمانێکی دژەھەوی ناسترۆئیدییە، کە بۆ ھێور کردنەوەی نیشانەکانی ئارتریتیس ( ھەوکردنی جومگە)، دیسمینۆریا (سووڕی مانگانەی ژاناوی) ، ھەڵمەتەکانی نەخۆشی نیقریس و ئازارەکانی نێو وەرزش و ھەروەھا وەک دژەتا و ئازارشکێن بە تایبەت لە ئازارەکانی ھەودا بە کار دێت.

ئەم دەرمانە زۆرتر بە ناوی جێنێریکی بروفێن (Brufen) ناسراوە، ئادویل (Advil)، مۆترین (Motrin) و نورفێن (Nurofen) لە ناوە جێنێریکەکانی تری ئەون. ڕێکخراوەی تەندروستیی جیھانی ئەم دەرمانەی لە ڕیزی دەرمانە سەرەکییەکانی خۆی داناوە. ئەم پێڕستە دەبێ لە ھەموو دەرمانخانەکاندا ھەبێ.

تایبەتمەندییەکان[دەستکاری]

فۆرمۆڵی بروفێن بریتییە لەC۱۳H۱۸O۲، خاڵی توانەوەی ٧٦ پلەی سەدییە، لە سەدا ٩٩ بە پرۆتەیینەکانی پلاسمادا دەنووسێ، لە ڕێگەی میزەوە دەردەچێت، نیوە تەمەن ی ٢ڕۆژە، بە سێ شێوەی خۆراکی، شیاف و ھەتوان به‌رهه‌م دێ، ھەتوانی بروفێن لە ئازارەکانی وەرزشدا بە کار دێت.

مێژوو[دەستکاری]

بروفێن لە دەیەی ١٩٦٠ لە لایەن گرووپێکەوە بە سەرپەرستی ستوارت ئادامز لە وڵاتی بریتانیا بەرھەم ھات، لە ١٩٦٩ وەک دەرمانی ڕوماتیسمی جومگە چووە سەر خوانی دەرمانخانەکانی بریتانیا و ئەمریکا. گرووپی بوتس، دەستەی بەرھەمھێنەری بروفێن، لە ساڵی ١٩٨٧ خەڵاتی تایبەتی شاژنی بریتانیای دەسخست.

بەکارھێنان[دەستکاری]

بروفێن لە دۆزی ٢٠٠ و ٤٠٠مگدا بە بێ ڕاسپاردەی دوکتور لە زۆربەی وڵاتاندا دەفرۆشرێت، ماوەی کاریگەری بە پێی دۆز ٤ تا ٨ کاتژمێرە. ڕێژەی بەکارھێنان بە پێی توندی نەخۆشی و ڕادەی کێش دەسنیشان دەکرێت؛ بە شێوەی ئاسایی ٢٠٠ تا٤٠٠مگ (مناڵان ١٠-٥ مگ/کگ) لە ٤تا٦ کاتژمێر و لانیزۆر ٨٠٠ تا ١٢٠٠مگ لە ڕۆژدا. بە پێی ڕاسپاردەی پزیشک لەوانەیە تا ٣٢٠٠مگیش ڕێ بدرێت.

بە گوێرەی دوامین لێکۆڵینەوەکان، بروفێن لە ترامادۆڵ یش لە ھێور کردنەوەی ژانەکانی پاش نەشتەرگەری کاریگەرترە. بروفێن بە ھۆی دژەھەو بوونەوە بڕێجار بۆ دەرمانی زیپکەی جوانەزوە ش بەکار دێت، ھەندێ لێکۆڵینەوە دەریدەخا کە بەکار ھێنانی بەردەوامی بروفێن ریسکی نەخۆشی پارکینسۆن دادەبەزێنێ و لەوانەشە لە دابەزینی کتوپڕی پەستانی خوێندا کاریگەر بێت.

لێکەوتە خراپەکان[دەستکاری]

بەکارھێنانی بەردەوامی بروفێن وەک دیکەی دژەھەوە ناسترۆئیدییەکان ئەگەری جەڵتەی دڵ بەرز دەکاتەوە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

[١]