ئاستی خزمەت

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ئاستی خزمەت یا ترازی خزمەت (بە ئینگلیزی: Levels of service) چەمکێکی بەڕێوەبەرایەتیی سامانە کە ئاماژە بە کواڵیتیی خزمەتێکی پێشکەشکراو دەکات. پێناسەکردن و پێوانی ئاستی خزمەت یەکێ لە کارە سەرەکییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی سامانی ژێرخانەکانە.[١][٢] ئاستی خزمەت دەکرێت بە پێوەرە فیزیکییەکان یا بە ئاستی دڵخۆشیی مشتەری یا بەکارھێنەری خزمەتەکە پێناسە بکرێت.[٣][٤] یەکەم بە ئاستی خزمەتی سامان-تەوەر دادەنرێت و دووھەم بە ئاستی خزمەتی مشتەری-تەوەر دەناسرێت. بۆ نموونە بۆ پێناسەکردن یا پێوانی ئاستی خزمەتی ڕێگەیەک دەکرێت پێوەرێکی فیزیکی وەک نیشانەی بارودۆخی ڕووی ڕێگە بەکار بھێنرێت کە تەندروستیی فیزیکیی ڕێگەکە دەپێوێت، یا دەکرێت کەڵک لە پێوەرێکی تر وەربگیرێت کە زیاتر پەیوەندیی بە بەکارھێنەرەکانی ڕێگەکەوە ھەیە وەک ژمارەی ئەو شکاتانەی دەربارەی ئەو ڕێگەیە لە مانگێکدا تۆمار کراون.

ئاستی خزمەتی ئیستە و دڵخواز[دەستکاری]

ئاستی خزمەتی ئیستە بریتییە لە کواڵیتییەک کە خزمەتێک لە حاڵی حازردا ھەیەتی. ئەمە لە بەرامبەری ئاستی خزمەتی دڵخوازدایە، واتە ئەو ترازەی لە خزمەت کە پێشکەشکەری خزمەتەکە یا بەکارھێنەرەکەی حەز دەکەن پێی بگەن. بۆ نموونە ئەگەر نیشانەی بارودۆخی ڕووی ڕێگە لە ئەمڕۆدا بۆ سەرجەم ڕێگەکانی شاڕێک ٧٥ بێت ئەوە ئاستی خزمەتی ئیستە یا ھەنووکەییە، بەڵام ئەگەر بەرپرسانی شارەکە یا خەڵکەکەی حەز بکەن ھەمووی ڕێگەکان بگەنە پی سی ئایی ٨٥ یا زیاتر ئەوە دەبێت بە ئاستی خزمەتی دڵخواز. پێویستە ڕێکخراوەکان ھەمیشە ئاستی خزمەتەکەیان ئەندازەگیری بکەن و لەگەڵ ئاستی خزمەتی دڵخواز ھەڵیسەنگێنن و کار بکەن بۆ باشتر کردنی.[٤]

ئاستی خزمەتی تەکنیکی و ستراتژیک[دەستکاری]

ئاستی خزمەتی تەکنیکی ئەو لایەنەی ئاستی خزمەتە کە پێشکەشکاری خزمەتەکە بەکاری دەھێنێت. واتە زیاتر پسپۆڕان، ئەندازیاران و کەسانی بە زانیاریی تەکنیکییەوە کەڵکی لێ وەردەگرن.[٣] بۆ نموونە ڕەنگە بۆ پێوانی ئاستی خزمەتی ڕێگەکانی شارێک پسپۆڕان کەڵک لە نیشانەی بارودۆخی ڕووی ڕێگە یا نیشانەی نێونەتەوەیی زبری بگرن، بەڵام ئەم پێوەرانە ڕەنگە بۆ بەکارھێنەران مەعناکەیان ڕۆشن نەبێت. بۆیە پێویستە بۆ شرۆڤەکردنی خزمەتەکە بۆ مشتەری یا بەکارھێنەر کەڵک لە ئاستی خزمەتی ستراتژیک یا ئاستی خزمەتی مشتەری وەربگیرێت. لە نموونەی ڕێگەدا ڕەنگە ئەم پێوەرە بگۆڕدرێت بە ژمارەی سکاڵا یا شکاتە تۆمارکراوەکان دەربارەی ناکارامەیی ڕێگەکە یا ژمارەی چاڵەکانی ناو ڕێگەکە لە ھەر کیلۆمەتردا.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "Piryonesi, S. M. (2019). The Application of Data Analytics to Asset Management: Deterioration and Climate Change Adaptation in Ontario Roads (Doctoral dissertation)".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  2. ^ El-Diraby, Tamer E.; Kinawy, Sherif; Piryonesi, S. Madeh (2017). "A Comprehensive Review of Approaches Used by Ontario Municipalities to Develop Road Asset Management Plans". Transportation Research Board. ١٢ی حوزەیرانی ٢٠١٨ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  3. ^ ئ ا El-Diraby, Tamer E.; Kinawy, Sherif; Piryonesi, S. Madeh (2017). "A Comprehensive Review of Approaches Used by Ontario Municipalities to Develop Road Asset Management Plans". Transportation Research Board. ١٢ی حوزەیرانی ٢٠١٨ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  4. ^ ئ ا "MFOA Ontario (2018). Asset Management Framework: A Guide to Asset Management for Municipalities in Ontario".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)