کاردانەوە نەتەوەییەکان بەرامبەر پەتای جیھانیی کۆڤید-١٩

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

کاردانەوە نەتەوەییەکان جیاواز و ھەمەجۆر بوون بەرامبەر پەتای جیھانیی کۆڤید-١٩ (COVID-19) و کاردانەوەکان چەند پێوەرێکی چواردەورگرتنی لەخۆدەگرت وەک (داخستنی تەواوەتی، کەرەنتین (ڤارێز) و قەدەغەکردنی ھاتووچۆ.) لە کۆتاییەکانی مانگی نیسان دا، ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسەکە ٢٫٩ میلیۆن کەس بوون و ژمارەی مردووانیش لە ٢٠٣٬٨٠٠ کەس تێپەڕیوبوو لە ٢١٠ وڵات و ناوچەی جیاوازی سەر ڕووی زەوی دا. ئەو وڵاتانەی خاوەنی زۆرترین ژمارەی تووشبووی پشتڕاستکراو بوون بریتیی بوون لەمانە: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئیسپانیا، ئیتاڵیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، شانشینی یەکگرتوو، تورکیا و چین.[١][٢]

داخستنەکان[دەستکاری]

ئەم پەتا جیھانییە بووە ھۆی قەدەغەکردنی ھاتووچۆی سەرتاسەری لە زۆربەی وڵاتانی دونیا و چەند سنووردارکردنێکی ھاوشێوەش ھاتنە کایەوە بەمەبەستی ڕێگریکردن لە زیاتر بڵاوبوونەوە و تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ (وەک: فەرمانکانی لە ماڵەوە مانەوە، فەرمانەکانی مانەوە لە پەناگەکان، داخستن و قەدەغەکردنی ھاتووچۆ.) ھەروەھا ئەم پەتایە بۆتە ئەنجامی گەورەترین (داخستن/قەدەغەکردن) لە زۆربەی وڵاتان دا لە ھەمان کاتی مێژوودای دا. ھەتا ڕێکەوتی ٢٦ مانگی ئازار، ١٫٧ میلیارد کەس لەژێر شێوەیەک لە شێوەکانی داخستن دا بوون و دواتر لە یەکەم ھەفتەی مانگی نیسان دا زیادیکرد بۆ ٣٫٩ میلیارد کەس کە دەکاتە نیوەی ژمارەی دانیشتوانی سەر ڕووی زەوی.

لە ڕێکەوتی ١٢ نیسان دا، نزیکەی ٣٠٠ میلیۆن کەس (نزیکەی لە ٩٠٪ ھەموو دانیشتوان) ی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، زیاتر لە ٥٠ میلیۆن کەس لە فلیپین، نزیکەی ٥٩ میلیۆن کەس لە باشوری ئەفریقا، و ١٫٣ میلیارد کەس لە ھیندستان لەژێر یەکێک لە شێوەکانی داخستن دا بوون.[٣][٤]

چین[دەستکاری]

یەکەمین مرۆڤ کە پشتڕاسکرابێتەوە نەخۆش کەوتبێت بەھۆی ڤایرۆسە نوێیەکەوە لە شاری وھان بوو لە ڕێکەوتی ١ کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩. لە ٣١ی کانوونی یەکەم دا ئاگادارییەکی گشتی بڵاوکرایەوە دەربارەی سەرھەڵدانی نەخۆشییەکە لەلایەن دەسەڵاتی تەندروستی (وھان) ەوە و ئاگادارییە سەرەتاییەکە بە دانیشتوانی وھانی ڕادەگەیاند کە ھیچ بەڵگەیەکی ڕوون لەبەردەستا نییە لەسەر گواستنەوەی ڤایرۆسەکە لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ و توانای تەواوەتی ھەیە بۆ ڕێگریکردن و دەستبەسەردا گرتنی نەخۆشییەکە و خەڵکی دەتوانن دەمامک (پارێزەری دەم و لوت) بەکاربێنن لە کاتی چوونە دەرەوەدا. ھەر لە ھەمان ڕۆژدا (٣١ کانوونی دووەم) (ڕێکخراوی جیھانی تەندروستی - WHO) لە نەخۆشییەکە ئاگادارکرایەوە. لە مانگی کانوونی دووەم ٢٠٢٠ دا، ئەنجومەنی سیاسی حیزبی شیوعی چینی ھەستان بو گفتووگۆکردن لەسەر ڕێگریکردن و دەستبەسەرداگرتنی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ.

حکومەتی وھان ھەستا بە دانان و ڕاگەیاندنی چەند ڕێکارێکی نوێی ڕووبەربوونەوەی ڤایرۆسەکە وەک ھەڵوەشاندنەوەی ئاھەنگەکانی سەری ساڵی چینی و بۆ یەکەمین جار لە ڕێکەوتی ١٤ کانوونی دووەم دا ڕێکاری پشکنینی پلەی گەرمی سەرنشینان لە ناوەندەکانی گواستنەوەدا جێبەجێ کرا. لە ٢٣ کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ دا کەرەنتینە (ڤارێز - پارێز) ڕاگەیەندرا کە ھەموو ھاتووچۆ و گەشتێک بۆ ناوەوە و دەرەوەی وھان بە تەواوەتی قەدەغەکرا. ھەروەھا لە ٢٦ کانوونی دووەم دا، ئەنجومەنێک دامەزێنرا کە ئەرکی ڕێگریکردن و دەستبەسەرداگرتنی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنایان پێ بەخشرا.[٥][٦]

لە ٢٦ کانوونی دووەم دا گومرگی چین داوای لە ھەموو سەرنشینان و گەشتیاران دەکرد لە کاتی چوونە ژوورەوە و ھاتنەدەرەوەیان لە چین بە پڕکردنەوەی فۆرمێکی تەندروستی زیادە. لە ٢٧ کانوونی دووەم دا، (نووسینگەی گشتی ئەنجومەنی دەوڵەت) ی چینی ھەستا بە ڕاگەیاندنی ھەڵوەشاندنەوەی پشووی سەری ساڵی چینی لە تەواوی وڵاتەکە و دواخستنی وەرزی خوێندنی بەھارە بۆ کاتێکی تر.

لە ڕێکەوتی ٢٥ کانوونی دووەم دا بەرێوبەری دەسەڵاتداری ھۆنگ کۆنگ (کاری لام) ھەستا بە ڕاگەیاندنی باری لەناکاو لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی دا کە حکومەت خوێندنگە سەرەتایی و ناوەندییەکان بۆ دوو ھەفتەی دیکە دادەخات.

لە ١ی شوباتی ٢٠٢٠، ناوەندی ھەواڵی شینوا ڕایگەیاند کە (نوێنەرایەتی باڵای گەلی چین) لەسەر ئاستی نەتەوەیی داوای لە نوێنەرانی کردووە بە تەواوی ئەرکەکانی خۆیان بگێرن لە ھێنانەکایەی ژینگەیەکی دادوەری گونجاو لە ڕووبەربوونەوە دژی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا. ئەم ڕێکارە سزادانی توندی لەخۆدەگرت بەرامبەر ھەموو ئەو کەسانەی تاوانبار بوون بە کەمترخەمیی لە ئەرکەکانیان و پێنەدانی زانیاری تەواو و دروست بە بەرپسیارانی فەرمی دەوڵەت.

تەنانەت تۆمەتی سەختتر دانرا بۆ چالاکییە تاوانە بازرگانییەکانی وەک (بەرزکردنەوەی نرخ، ھەل قۆزتنەوە، بەرھەمھێنان و فرۆشتنی ئامێری پارێزگاری و پزیشکی ساختە) ھەروەھا دادگایکردن دژی ئەو نەخۆشانەی بەمەبەست ھەڵدەستن بە بڵاوکردنەوەی نەخۆشییەکە یان پشکنین و گۆشەگیرکردنی ناچاریی ڕەت دەکەنەوە. لەگەڵ زۆر بە توندی سزادانی ئەوانەی بە نایاسایی ڕاوی ئاژەڵە کێوییەکان دەکەن کە لەژێر پارێزگاری دەوڵەتدان بەپێی یاسا و بەرەوپێشبردنی پشکنین و ڕێکارەکانی کەرەنتین بەرامبەر خۆراک و گۆشتی تازە و تەڕ.[٧]

ئێران[دەستکاری]

ئێران لە ڕێکەوتی ١٩ شوباتی ٢٠٢٠ دا یەکەمین تووشبووە پشتڕاستکراوەکانی ڤایرۆسی (SARS-CoV-2) لە شاری قوم ڕاگەیاند کە بەپێی وەزارەتی تەندروستی و پەروەردەی پزیشکی ھەردوو نەخۆشەکە دواتر لە ھەمان ڕۆژدا گیانیان لەدەستداوە.

ڕێکارە سەرەتاییەکانی لەلایەن حکومەتەوە ڕاگەیەندرابوو بریتیی بوون لە ھەڵوەشاندنەوەی ئاھەنگە مویزیکییەکان، بۆنە کلتوورییەکان، بۆنە وەرزشییەکان، نوێژەکانی ھەینی، داخستنی زانکۆ و پەیمانگاکانی خوێندنی باڵا و قوتابخانەکان و ھەروەھا تەرخانکردنی ٥ تریلیۆن ڕیالی ئێرانی بۆ ڕووبەروبوونەوەی ڤایرۆسەکە. سەرۆک حەسەن ڕۆحانی لە ٢٦ شوباتی ٢٠٢٠ لێدوانی دا کە ھیچ بەرنامەیەک لەئارادا نییە بۆ کەرنتینە کردنی ناوچەکانی تووشبووی ڤایرۆسەکە و تەنھا تاکەکەسە تووشبووەکان کەرەنتینە دەکرێن. ھەرچەندە مەزارگە شیعییەکان لە شاری قوم بە کراوەی مابوونەوە بۆ ئەنجامدانی کردەی سەردانیکردنەکان (حەج).

لە دوای وڵاتی چین، ئێران ببووە ناوەندی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە. لە کاتی ھەوڵ و بانگەشەکانیان بۆ داپۆشینی ڕادەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە وڵاتەکدا زیاد لە ١٠ وڵاتی جیاواز سەرچاوەی تووشبووەکانیان دەگەڕایەوە بۆ وڵاتی ئێران کە ئەمە دەرخەری ئەوە بوو ڕادەی ڕاستی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە دەکرێت زۆر لەوە زیاتر بێت کە حکومەتی ئێرانی دانی پێدادەنا و ئاشکرای دەکرد. دواتر پەرلەمانی ئێران داخرا کە لە کۆی ٢٩٠ ئەندامی پەرلەمان ٢٣ ئەندامیان پشکنینەکانیان بۆ ھەبوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەرێنی بوو. ھەروەھا چەند بەرپرسێکی باڵای حکومەت و دوو ئەندام پەرلەمان بەھۆی نەخۆشییەکەوە گیانیان لەدەستدا.[٨][٩]

ڕەخنەکان بەرامبەر کاردانەوەکانی حکومەتی ئێرانی[دەستکاری]

ھاونیشتمانیانی ئێران ڕەخنەیان لە دەسڵاتدارانی حکومەت دەگرت لە بەردەوام بوونی ھەڵبژاردنەکان لە کاتی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە و داخستنی ناوەندە نائایینییەکان بەڵام بە کرانەوە مانەوەی ناوەندە ئایینییەکان و مەزارگەکان بەتایبەتی لە شاری شیعی پیرۆز (شاری قوم).

ھەروەھا نائامەدەگیی حکومەتی ئێرانی لە جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی کەرەنتین کردن لەسەر ئاستێکی ناوچەیی و شاریی گەورە ھاوشێوەی وڵاتانی چین و ئیتاڵیا کە بەرپرسانی فەرمی ئێران کەرەنتینیان پێ «کۆن» و دواکەتوو بووە. بە ھەمان شێوە نیگەرانیی ھەبووە ژمارەی تووشبووە فەرمییەکان لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە کەمتەرخەمی و خەمساردیی تێداکراوە.[١٠]

ئیتاڵیا[دەستکاری]

لە ڕێکەوتی ٣١ کانوونی دووەم دا بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە پشتڕاستکرایەوە کاتێک دوو گەشتیاری چینی پشکنینەکانیان ئەرێنی دەرچوو بۆ ڤایرۆسی (SARS-CoV-2) لە شاری ڕۆمای پایتەخت. لە بەرامبەردا حکومەتی ئیتاڵی ھەستا بە دواخستنی ھەموو گەشتەکانیان بۆ چین و لە چینەوە بۆ وڵاتەکەیان پاشان ھەستان بە ڕاگەیاندنی باری لەناکاو کە سەرۆک وەزیران جوزێپێ کۆنتی ڕایگەیاند ئیتاڵیا یەکەم وڵاتە لە یەکێتی ئەوروپادا ھەستێ بە گرتنەبەری ڕێکاری خۆپارێزی. لە ٣١ کانوونی دووەم دا، ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی ئیتاڵیا، لێپرسراوی بەرگری شارستانی ئەنجێلۆ بۆرێلی دەستنیشان کرد وەک ڕاسپێردراوی تایبەت بۆ باری لەناکاوی پەتای نەخۆشی کۆڤید-١٩. دواتر لە ٢١ شوبات دا چەند کۆمەڵەیەک تووشبووی دیکە دەستنیشانکران کە لە ١٦ حاڵەتی پشتڕاستکراوەوە دەستیپێکرد لە لۆمباردی، پاشان لە ٢٢ شوبات دا ٦٠ حاڵەتی پشتڕاستکراوی دیکە و ھەر لە ھەمان ڕۆژیش دا یەکەمین بارەکانی گیان لەدەستدان تۆمارکران.

لە ٢٢ مانگی شوبات دا، ئەنجومەنی وەزیرانی ئیتاڵیا ھەستا بە ڕاگەیاندنی چەند بڕیارێکی نوێ بۆ دەورەگرتنی نەخۆشییەکە لەڕێی کەرەنتینەکردنی زیاد لە ٥٠ ھەزار کەس لە ١١ شارەوانی جیاواز لە باکوری ئیتاڵیا. سەرۆک وەزیران جوزێپێ کۆنتی لێدوانی دا کە لە ناوچە تووشبووەکان دا، ڕێگەنادرێت بە چوونەژوورەوە و ھاتنەدەرەوە و کار و بۆنە وەرزشییەکان بەھەموو شێوەیەک ھەڵپەسێردراوە. ھەر پێشێلکارییەک لە بڕیارەکان سزاکەی لە نێوان ٢٠٦ یۆرۆ پێبژاردن بۆ ٣ مانگ زیندانی کردن دەبێت. ڕێنامی درابوو بە سوپای ئیتاڵیا و دەزگا ئاسایشییەکان بۆ جێبەجێ کردن و پاراستنی کردەی داخستنی ناوچەکان. لە ڕێکەوتی ٤ی ئازاری ٢٠٢٠دا، لەگەڵ گەیشتن ژمارەی گیان لەدەستدانەکان حکومەتی ئیتاڵی فەرمانی دا بە داخستنی تەواوەتی قوتابخانە و زانکۆکان لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا.[١١][١٢]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ داڕێژە:Cite url
  2. ^ Gutiérrez, Pablo. "Coronavirus map: how Covid-19 is spreading across the world". The Guardian. Retrieved 20 April 2020.
  3. ^ "Coronavirus: Half of humanity now on lockdown as 90 countries call for confinement". Euronews. 3 April 2020.
  4. ^ "A third of the global population is on coronavirus lockdown—here's our constantly updated list of countries and restrictions". Business Insider. 28 March 2020.
  5. ^ Nair, Supriya (29 March 2020). "For a billion Indians, lockdown has not prevented tragedy". The Guardian. {{cite news}}: Unknown parameter |name-list-format= ignored (help)
  6. ^ "Chaos and hunger amid India coronavirus lockdown". Al Jazeera. 27 March 2020.
  7. ^ Ramaphosa, Cyril. "South Africa's coronavirus lockdown extended by 2 weeks". BusinessTechSA. Retrieved 16 April 2020.
  8. ^ ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگی <ref> ھەڵە؛ ھیچ دەقێک بۆ ژێدەری people33744294 نەدراوە
  9. ^ "First 30 viral pneumonia patients admitted in Leishenshan Hospital". CGTN. 9 February 2020. Retrieved 10 February 2020.
  10. ^ "Coronavirus: China says disease 'curbed' in Wuhan and Hubei". BBC. 10 March 2020.
  11. ^ "The true cost of China's coronavirus cover-up: How state censorship let the outbreak spread". Financial Times. 7 February 2020. Retrieved 7 March 2020 – via Nationalpost.com.
  12. ^ Griffiths, James. "Wuhan is the latest crisis to face China's Xi, and it's exposing major flaws in his model of control". CNN. Archived from the original on 8 February 2020. Retrieved 10 February 2020.