ڕیالیزمی فەلسەفی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ڕیالیزم یا واقیعباوەڕی بۆچوونێکی فەلسەفییە کە پێی وایە جۆرێکی دیاریکراو لە شتەکان (لە شتگەلی دەرھەست وەک ژمارەوە بگرە، تا فەرمانەکان و ڕێچکە و ڕێبازەکانی ئەخلاق، تا خودی جیھانی فیزیکی) ھەبوونیان سەربەخۆ و ئازاد لە زەینە. یانی تەنانەت ئەگەر ھیچ زەینێکیش نەبێ کە ھەستیان پێ بکا و پێیان بزانێ، ئەوان ھەر ھەن و، بوونیان ھەر تەنیا دەرکەوتنێک نییە لە چاوی بینەردا و بەس.[١][٢][٣][٤] ئەمە ڕێک پێچەوانەی بڕێ بۆچوون و ڕوانگەی فەلسەفیی دیکەیە. ڕوانگە ناڕیالیستییەکان باوەڕیان ئەوەیە کە مرۆڤ ناتوانێ بەدڵنیایییەوە قسەی ئەو واقیعە بکا کە لە ئەوپەڕی زەینیەوە ھەڵکەوتووە. تەنانەت ھەندێکیان ھیچ باوەڕیان بە واقیعی دەرەوەی زەین نییە.

ڕیالیزم کەمتر بۆ خۆی بە ھەڵوێست حیساب دەکرێ و، زۆرتر بە شێوەیەک دادەنرێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و مامەڵە لەگەڵ بابەتەکانی تردا. ئەمەش ژمارەیەک لە بابەتەکانی ماریفەتناسی و میتافیزیک لە خۆ دەگرێ، کە ھەموویان وای بۆ دەچن کە «شتێ» لە دەرەوەی زەیندا ھەیە، ڕەھا و سەربەخۆ و ئازاد لە ناسیاری و فکر و تێگەیشتن.[٥][٦] ئەم شتە دەتوانێ جیھانی فیزیکی بێ، دەتوانێ ڕابردوو یا داھاتوو بێ، دەتوانێ زەینگەلی تر بێ، یا دەتوانێ «خۆ» بێ. تەنانەت دەشتوانێ تێکڕایییەکان یا ڕاستییە ماتماتیکییەکان یا ڕاستییە ئەخلاقییەکان یا خودی فکر بێ.

شێوەکان[دەستکاری]

ڕیالیزمی ئۆنتۆلۆژیک[دەستکاری]

تیۆرییەکە لەبارەی ئەوەوە کە ھەیە. دەڵێ ئێمە لە جیھانێکا دەژین کە بوونی ھەڵنەواسراوە بە ئێمە و فکرەکانمانەوە و، بەم بۆنەوە ھەندێ فاکتگەل ھەن کە قەت ناتوانین چنگیان لێ گیر بخەین، بەو مانایە کە بە ھیچ شێوەیەک ناتوانین بەدەستھاتنیان بسەلمێنین.[٧]

ڕیالیزمی تێگەیشتەیی[دەستکاری]

بۆچوونێکە کە دەڵێ تێگەیشتە تێکڕایییەکان (universal concepts) ھەن، ئەویش بە شێوەی ئۆبژەکتیڤ و سەربەخۆ؛ یانی ھەبوونیان نە منەتباری ئەو تاکانەیە کە ئەمان تایبەتمەندیی ئەوانن و، نەش بەستراوە بە زەینێکەوە کە پێیان بزانێ و ھەستیان پێ بکا. ئەم ڕوانگەیە لە تیۆریی فۆرمەکانی ئەفلاتوونەوە سەرچاوەی گرتووە و دژی نۆمیناڵیزمە کە پێی وایە تێگەیشتە تێکڕایییەکان لە ناوێ زیاتر نین.[٧]

ڕیالیزمی زانستی[دەستکاری]

باوەڕێ کە زۆربەی ھەبووەکانی تیۆرییە زانستییە سەلماوەکان، وەک ئەلیکترۆنەکان و کوارکەکان، کە بۆ ڕوونکردنەوەی دیاردەگەلی جێی ڕوانین بە کار دەبرێن، بە واقیعی دەزانێ.[٧]

ڕیالیزمی ئەخلاقی[دەستکاری]

ئەو شێوە ڕوانینە کە پێی وایە فاکتە ئەخلاقییەکان سەربەخۆ و ئازادن لە باوەڕەکان و ھەڵوێستەکانی مرۆڤ، یا لە خواستی خوا و قانوونەکانی کۆمەڵگا.[٧]

ڕیالیزمی ماریفەتناسانە[دەستکاری]

دەڵێ جیھانێکی سەربەخۆ و ئازاد لە زەین ھەیە و ئێمەش بە ھۆی ھەستەکانمانەوە لە ئۆبژەکان و چۆنایەتییەکانی ناو ئەم جیھانە تێ دەگەین. پێچەوانەی ئەم بۆچوونە، ئایدیالیزمە، کە دەڵێ لە کۆتاییدا واقیع ھەر زەینە و جیھانی فیزیکیی دەرەکی پێکەوەنراوییەکە ھەڵواسراو بە زەینەوە. [٧]

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Craig, Edward (1996). "Routledge Encyclopedia of Philosophy: Genealogy to Iqbal". philpapers.org (بە ئینگلیزی). Retrieved 2024-02-01.
  2. ^ Miller, Alexander (2021), Zalta, Edward N. (ed.), "Realism", The Stanford Encyclopedia of Philosophy (Winter 2021 ed.), Metaphysics Research Lab, Stanford University, retrieved 2024-02-01
  3. ^ Honderich, Ted (1995). "The Oxford companion to philosophy". philpapers.org (بە ئینگلیزی). Retrieved 2024-02-01.
  4. ^ Elkana, Yehuda (1978). "Two-Tier-Thinking: Philosophical Realism and Historical Relativism". Social Studies of Science. 8 (3): 309–326. ISSN 0306-3127.
  5. ^ Khlentzos, Drew (2016), Zalta, Edward N. (ed.), "Challenges to Metaphysical Realism", The Stanford Encyclopedia of Philosophy (Winter 2016 ed.), Metaphysics Research Lab, Stanford University, retrieved 2024-02-01
  6. ^ Kasavin, Ilya (2015-10-02). "Philosophical Realism: The Challenges for Social Epistemologists". Social Epistemology (بە ئینگلیزی). 29 (4): 431–444. doi:10.1080/02691728.2014.971913. ISSN 0269-1728.
  7. ^ ئ ا ب پ ت Mautner, Thomas. The penguin dictionary of Philisophy. pp. 520, 521.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]