میکانیکی کلاسیکی

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان

لە ناو بابەتە فیزیکییەکاندا، میکانیکی کلاسیکی یەکێکە لە دوو ژێربابەتی سەرەکی بۆ خوێندن و کۆڵینەوە لە زانستی میکانیکدا. ئەو ژێربابەتەکەی تر، پێدەوترێ میکانیکی کوانتەم. میکانیکی کلاسیکی سەروکاری ھەیە لەگەڵ کۆمەڵێک یاسای فیزیکیدا کە خەریکی بەڕێوەبردنی ڕووداوەکانی سروشتن و بە کەڵکوەرگرتن لە زانستی بیرکاری، جووڵەی تەنەکان ڕاڤە دەکەن. میکانیکی کلاسیکی یەکێک لە کۆنترین و بەربڵاوترین مژارەکانە لە زانست، ئەندازیاری و پیشەزانیدا.

میکانیکی کلاسیکی بۆ ڕاڤەی جووڵەی شتە ماکرۆسکۆپییەکان (شتگەلێک کە بە چاوی پەتی دەبینرێن، وەکوو پاژەکانی پێکھێنەری ئامێرە میکانیکییەکان) و ھەروەھا تەنە ئاسمانییەکان وەکوو ھەسارەکان و ئەستێرەکان زۆر بەسوودە و لەم بوارانەدا وەڵامی زۆر ڕیکوپێک و وردبینانە بە پرسیارەکان دەداتەوە.

زاراوەی میکانیکی کلاسیکی یەکەمجار لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا و بۆ ئاماژەکردن بە ئەو فیزیکەی کە لە لایەن ئیساک نیوتن و زۆرێک لە فەیلەسووفە سروشتییەکانی سەدەی حەڤدەھەمەوە بنەڕەتی دانرا، ھێنرایە کایەوە.

زۆربەی جارەکان بە قۆناغی سەرەتایی لە پەرەگرتنی میکانیکی کلاسیکیدا، کە پێوەندیی بە چەمکە فیزیکییە بەکارھێنراوەکان و پێڕەوە بیرکارییە داھێنراوەکان لە لایەن ئیساک نیوتن و ھەروەھا لایبنیتز و کەسانی ترەوە ھەیە، دەوترێ میکانیکی نیوتنی. پێڕەوگەلی دەرھەستتر و گشتیتر میکانیکی لاگرانژی و میکانیکی ھامیلتۆنی لەخۆدەگرن. زۆربەی ناوەرۆکی میکانیکی کلاسیکی لە سەدەکانی ١٨ھەم و ١٩ھەمدا بەدیھاتووە و بە چەشنێکی بەرچاو ھەر پەرە بە کارەکەی نیوتن (بەتایبەتی سوودوەرگرتنی نیوتن لە بیرکاریی شیکارانە) دەدا.