عەلی گەلاوێژ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

عەلی گەلاوێژ (١٩٢٢-١٩٨٨) ساڵی ١٩٢٢ لە ناوچەی بۆکان لە دایک بووە. ئەم پیاوە ناودارە لە باوکەوە بە ھۆزی فەیزوڵڵابەگی موکری و و لە دایکەوە دەچێتەوە سەر بنەماڵەی ئەردەڵان. باوکی دکتۆر عەلی گەلاوێژ، برایم سەلاح فەرماندەی سوپای کۆماری کوردستان بووە. عەلی گەلاوێژ بەھۆی ئەوەی کە باوکی لە تەورێز ئەفسەر بووە ھەر لە منداڵییەوە لە تەورێز دەرسی خوێندووە و لە قوتابخانەی ناوەندی فێردەوسی ئەو شارە لە ساڵی ١٩٤٠ دیپلۆمی ناوەندی وەرگرتووە.

پاش ساڵی ١٩٤١ کە دەوڵەتە سەرکەوتووەکانی شەڕی دووەمی جیھانی ئێرانیان داگیر کرد باوکی عەلی گەلاوێژ لە سوپای ئێران دێتە دەرەوە و دەچێتە ناو سوپای کۆماری کوردستانەوە. ھەر لە بەر ئەمە بە ماڵەوە دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان. لە کاتێکدا کە کۆمار دادەمەزرێ دەوڵەتی کۆماری کوردستان لە مەھاباد نزیکەی ٦٠ کەس لە لاوە کوردەکان دەنێرێ بۆ شاری باکۆ لە کۆماری ئازەربایجان بۆ دەرس خوێندن کە یەکێک لەو خوێندکارانە عەلی گەلاوێژ بووە.

عەلی گەلاوێژ بەر لە رۆیشتنی بۆ دەرس خوێندن لە دەرەوەی وڵات رۆمانێکی نووسیبوو کە ھەرگیز چاپ نەکرا و ئێستاش دەستنووسەکەی نەماوە، بەڵام ئەو رۆمانە ھەر بەسەرھاتی داھاتووی خۆی بوو. ناوی رۆمانەکەش بارام و گوڵنار بوو.

کاتی گەیشتن بە کۆماری ئازەربایجان (باکۆ) بە دەستووری کۆماری کوردستان عەلی گەلاوێژ لە زانکۆی ئەفسەری ناونووسی دەکا تا پاش دەرس تەواو کردن وەک ئەفسەرێکی پسپۆڕ و لە سوپای کوردستان دا خزمەت بکا. بەڵام کاتێ کە زل ھێزەکان لە تاران فەرمانی رووخاندنی کۆماری کوردستان دەدەن و قازی محەمەد و ھەڤاڵانی لە دار دەدەن عەلی گەلاوێژ لە زانکۆی ئەفسەری دێتە دەرەوە و لە زانکۆی ئابووریی ڕامیاری ناونووسی دەکا و دوای چەند ساڵ دەرەجەی دۆکتۆرای ئابووریی سیاسی وەرگرت. ناو دۆکتۆرانامەکەی کە بە زمانەکانی ڕووسی و تورکی چاپ کرا ئەوە بوو: پەیوەندی ئابووری کشتوکاڵی لە کوردستانی ئەمڕۆی ئێران.

عەلی گەلاوێژ پاش بەینێک دەبێتە مامۆستای زانکۆی باکۆ. و ھور لە بواری پسپۆری خۆیدا وانە دەڵێتەوە و دوایی دەبێتە ئەندامی ئاکادیمی زانستەکانی ئازەربایجان.

لە ساڵی ١٩٤٦ کە دەگاتە باکۆ و دوای ماوەیەک گەورە ھێزان کۆماری کوردستان دەڕوخێنن عەلی گەلاوێژ لەگەڵ دکتۆر رەحیم قازی (برای محەممەد حوسێن سەیفی قازی) رۆژنامەی کوردستان ئۆرگانی ناوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە باکۆ دەردەکەن و بێژەری رادیۆ حیزبیش دەبێت. دواتر دەچێتە نێو حیزبی توودەی ئێرانەوە و دەینێرن بۆ وڵاتی بولغارستان و لەوێ دەبێتە بێژەری رادیۆ پەیکی ئێران بە زمانەکانی کوردی فارسی و تورکی.

پاش شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٨ دێتەوە بۆ تاران و لەگەڵ ھاوڕێیانی لە حیزبی توودەی ئێران دا دەست دەکەنەوە بە تێکۆشانی سیاسی. دکتۆر عەلی گەلاوێژ لە حیزبی توودەدا ئەندامی کزمیتەی ناوەندی و بەرپرسی ھەرێکی کوردستان بووە. عەلی گەلاوێژ کەوتە بەر شەپۆلی ئیعدامی ناسراو بە ١٩٨٨ بە تاوانی خەباتی سیاسی و لە زیندانی ئێوین لە تاران ئێعدام کرا.