سەنتەری ڕۆشنبیریی بەردەڕەش

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

سەنتەی رۆشنبیریی بەردەڕەش سەنتەرێکی رۆشنبیریی سەربەخۆیە و مۆڵەتی فەرمی کاری خۆی لە وەزارەتی ناوەخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وەرگرتووە و جۆرەھا چالاکیی رۆشنبیریی و ئەدەبی ئەنجامداوە و گۆڤارێک بەناوی خازر دەردەکات کە کۆمەڵە گەنجێکی بەردەرەش خۆبەبەخشانە و بەھیچ بەرامبەرێک پشتیوانییان لەم گۆڤارە دەکرد. ئەم سەنتەرە سەرەتا لە ٤ی ئایاری ١٩٩٥ لەلایەن چەند کەسێکی دەڤەری بەردەرەش ھاتۆتە دامەزراندن و لەوساتەوە لە چالاکییەکانی خۆی دەکات سەرەرای ئەوەی ھەندێ جار بە ھەر ھۆکارێک بووبێ لە چالاکی وەستاوە و دەرگاکەی داخراوە. لەو ساتەوە تاوەکو ئێستا واتە بۆ ماوەی زیاتر لە شانزە ساڵە یەک کەس بەرپرسیارەتی ئەم سەنتەرە دەکات، کە ئەمەش زۆر جار کێشەی گەورەی ناوەتەوە و ململانێ دروست بێت لەوەی کەسێکی نوێ بکرێتە بەرپرسی سەنتەر و سەنتەر شێوازی کاری خۆی بگۆڕێت، تاوەکو وای لێھاتووە وەزارەتی رۆشنبیریش بێتە ناو بابەتەکە بەڵام بەرپرسەکەی ئێستا ڕەتی دەکاتەوە کە بەرپرسیارەتی سەنتەر بە کەسێکی دیکە بدات.[ژێدەر پێویستە]


دامەزراندنی سەنتەر[دەستکاری]

سەنتەی رۆشنبیریی بەردەرەش لە ٤ی ئایاری ١٩٩٥ لە سەنتەری قەزای بەردەرەش بە ھەوڵی چەند کەسێکی ئەو قەزایە دامەزراو دەستی بە کارەکانی خۆی کرد و توانی مۆڵەتی کارکردن لە وەزارەتی ناوەخۆی حکوومەتی ھەرێم وەربگرێ. دەستەی دامەزرێنەری ئەم سەنتەرە نوخبەیەکی رۆشنبیر بوون لە قەزای بەردەرەش کە حەزیان لە کاری رۆشنبیریی بوو و ھیوا و ئاواتیان ئەوە بوو کە کۆمەلگاکەیان وشیار بکەنەوە لەو پاشکەوتنەی کە بەعس وەکو کەلتوورێک دوای دەیان ساڵ داگیرکردن و پرۆسەی بەعەرەبکردن لە ناوچەکە جێی ھێشتبوو. بۆیە ھەموویان خەمخۆرانە و خۆبەخشانە دەستیان بەکاری رۆشنبیریی کرد، بەڵام بەھۆی پەیدابوونی چەند کێشەیەک ئەم دەستەیە وازیان لە سەنتەر ھێنا و تاوەکو ئێستاش ھەندێک تەنانەت وەکو ئەندامیش ناویان لە سەنتەرەکەدا نەماوە.

شوێنی سەنتەر[دەستکاری]

لەسەرەتای دامەزراندنی ئەو سەنتەرە، چالاکییەکان لە بەر نەبوونی بارەگا لە بارەگای لیژنەی ناوچەی بەردەرەش بەرێوە دەبرا تاوەکو حکوومەت بارەگایەکی کاتیی بۆ تەرخان کرد کە کاتی خۆی حکوومەتی عێراقی بۆ کتێبخانەی گشتیی دروستی کردبوو و ئێستاش یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستانی تێدایە. سەنتەر چالاکییەکانی خۆی لەم بارەگایە بەرێوەدەبرد تاوەکو ساڵی ٢٠٠٨ کە دوای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بارەگایەکی ڕێک‌وپێکی بە بودجەی زیاتر لە ٢٠٠ ملیۆن دیناری عیراقی بۆ دروست کرد، لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا سەنتەری رۆشنبیریی لەو بارەگادایە. شوێنی بارەگاکە سەنتەری قەزای بەردەرەشە تەنیشت پەیمانگای تەکنیکی بەردەرەش و نزیک قایمەقامییەتی قەزای بەردەرەش و بانکی بەردەرەش.

چالاکییەکانی سەنتەر[دەستکاری]

چالاکییەکانی سەنتەری رۆشنبیریی بەردەرەش ھەر لەسەرەتاوە زیاتر بریتییە لە کۆڕ و سمینار، بەتایبەتی لەسەر بابەتی سیاسی ، وۆرک شۆپ زۆر بە کەمی دەکرێن و خووڵی رۆشنبیریش بە کەمی بەرچاو دەکەون کە ھەر لە مێژووی دامەزراندنییەوە تاوەکو ئێستا (تەمموزی ٢٠١١) تەنھا سێ خووڵی کردووەتەوە. کۆڕ و سمینارەکانی کە لەم سەنتەرە بەڕێوە دەچێ زۆرتر سیاسییە و ھەر بۆیەش چەندینجار گەنجانی نێو سەنتەر پێشنیارییان کردووە کە کۆڕ و سمینارەکان ھەمەجۆر بن و تەنھا سیاسی نەبن، بەڵام لەلایەن بەرپرسی سەنتەرەکە پشتگوێ خستراوە.[ژێدەر پێویستە]

ئامانجەکانی سەنتەر[دەستکاری]

وەکو لە پەیرەو و پرۆگرامی سەنتەری رۆشنبیریدا ھاتووە کە ئامانجی سەنتەر خزمەتکردنی رۆشنبیریی کوردییە لە دەڤەری بەردەرەش لە بوارەکانی وێژە، ئەدەب و ھونەر. ھەروەھا کۆکردنەوەی توانستە رۆشنبیرییەکانی دەڤەرەکە و رەخساندنی ھەلی گونجاو بۆیان و ھەروەھا پالپشتی کردنی بەھرەمەندییەکانی دەڤەرەکە و بەیەکترناساندنی رۆشنبیرانی دەڤەرەکە بە یەکتری. کە بە رادەیەکی مامناوەند ئەم ئامانجانەی بەدی گەیاندووە بەلام بە پشتیوانی ئەو گەنجانە بووە کە لە دەوری سەنتەر بوون و بەشداربوون لە کاری ئەم سەنتەرە بەڵام لە پالپشتی کردنی بەھرەکاندا کەموکورتی ھەبووە. یەکێک لە کەموکورتییە ھەرە زەقەکانی سەنتەر لە بەدیھێنانی ئامانجەکانی ئەوەبووە کە نەیتوانیوە رۆشنبیرانی بەردەرەش لە باوەش بگرێت و پالپشتییان لێ بکات بەڵکو ھەندێ جار بە پێچەوانەشەوە دژایەتییان کراوە لەلایەن کەسانێک لەناو سەنتەر، ھەروەھا سەنتەر نەیتوانیوە ھەماھەنگی لەگەڵ دام و دەزگاکانی حکومی و حزبی دروست بکات لە ناوچەکە و بەردەوام لە کێشەدا بووە نەک تەنھا لەگەڵ دامودەزگاکانی ناوچەکە بەلکو تەنانەت لەگەڵ بەرێوەبەرایەتییەکان و بەرێوەبەرایەتییە گشتییەکانی رۆشنبیریی لە دھۆک و بەردەرەش و ھەندێ جاریش کێشەکانی گەیشتۆتە وەزارەتیش.[١]

ئەندامانی سەنتەر[دەستکاری]

ئەو مەرجانەی لە پەیڕەوی ناوخۆی سەنتەردا ئاماژەی پێکراوە بۆ وەرگرتنی ئەندام پێوەرێکی باشن بۆ ھەر رێکخراوو سەنتەرێک، بەڵام زۆر جار مەرجەکان بووەتە قوربانی ناسیاوی یاخود لە پێناو زۆرکردنی دەنگی خزم و کەسان بۆ ئەوەی کۆنفرانسەکانی دەرچوونی کەسێک لە کەسەکانی مسۆگەر بێت، ئەمە بووەتە ھۆی ئەوەی زۆر کەس بێنە ناو سەنتەر کە ئەو ئاستەیان نەبێ و لە کاری رۆشنبیریی بڕ نەکەن، بۆ نموونە کردنی کەسانی نەخوێندەوار بە ئەندام یاخود تەنانەت ئەندامی کارگێر (کە بەگوێرەی پەیرەوی سەنتەر ئەندامی کاران و لە کۆنفرانسەکاندا دەتوانن خۆیان بپاڵێون بۆ دەستەی کارگێری سەنتەر) کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا کارەساتە لەکاری رۆشنبیریدا. یاخود وەکو ئاماژەمان پێدا ھێنانی خزمو کەسە نزیکەکان و بە ئەندام کردنیان لە سەنتەر تەنھا لە پێناو بەدەستھێنانی دەنگ لە کۆنفرانسەکان، ئەمە بوو بە ھۆی تووڕەکردنی گەنجانی بەردەرەش و وازھێنانیان لەسەنتەر. لە کۆنفرانسی شەشەمی سەنتەردا کێشەک دروست بوو لەسەر ئەوەی ژمارەیەکی زۆری ئەندامانی سەنتەر ناویان لە لیستی ئەندامان ھاتبووە سڕینەوە و ئەوانە نەیانتوانی بەشداری بکەن لە کۆنفرانسەکە، دوای چەندین دانیشتن و گفتوگۆ بەو مەرجە دان بە کۆنفرانسەکەدا نرا کە دەبێت ھەموو ئەو ئەندامانە بگەرێنتەوە ناو سەنتەر، بەڵام ئەمە ڕووینەدا. لە کۆنفرانسی حەوتەم، کە تاوەکو ئێستا شەرعییەتی بەدەست نەھێناوە، ژمارەی ئەندامانی سەنتەر گەیشتبووە نزیکەی ٤٠٠ ئەندام کە پێش لە کۆنفرانسەکە تەنھا نزیکەی ١٨٠ بوو، زیاتر لە ساڵێکە بەسەر ئەم کۆنفراسە تێپەڕ بوو تاوەکو ئێستا دانی پێنەنراوە و تاوەکو ئێستاش منحەی مانگانەی نەدراوەتێ تاوەکو ئەم مەسەلەیە یەکلایی نەکاتەوە.

بەرژەوەندی کەسی، دەست تێوەردان لە ناو سەنتەردا[دەستکاری]

سەنتەر لە سالی ١٩٩٥-ەوە یەک بەرپرسی ھەیە و تاوەکو ئێستا(تەمموزی ٢٠١١) نەگۆڕاوە، ئەو کەسە چالاکیی رۆشنبیریی کردووە لە قەزای بەردەرەش و دەوروبەریدا، بەڵام زیاتر لەبەر بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیەتی و کەمتر لە پێناو سوودگەیاندن بە کۆمەلگا ئەم چالاکییانە ئەنجام دەدات، جا بەرژەوەندییەکان چ مادی بن یاخود غەیرە ماددی. ئەوەی زۆر ئەو گەنجانەی کە لەناو سەنتەر بوون توڕە کرد و وای کرد کە واز بێنن دەست تێوەردانی بێسنوور بوو لە کاروبارەکانی سەنتەر لەلایەن کەسە نزیکەکانی بەرپرس وەکو کوڕو برا و ھتد، بە رادەیەک تەنانەت کاروباری ئەندامان کە دەبوایە لەدەست بەرپرسی لیژنەی دارایی بوایە، بەڵام لە دەستی کوڕەکەی بەرپرس بوو و ئەو دەسەڵاتی ھەبوو بەسەر ئەندامان و ئەندامانی کارگێر و تەنانەت دەستەی کارگێریشەوە، لە سەپاندنی بڕیارەوە بگرە تاوەکو بچووکترین شت، تاوەکو ئێستاش کوڕەکەی بەرپرس خۆی بە ھەموو شتێک دەزانێت لە سەنتەری رۆشنبیریی بەردەرەش. لەبەر ئەو مونحە باشەی کە سەنتەر ھەیبوو کە بریتی بوو لە ٣ ملیۆن دینار و پێشتریش کەمتر نەبوو لە ملیۆن و نیوێک، بەرپرسی سەنتەر بەھیچ شێوەیەک ئامادە نەبوو واز لە کورسییەکەی بێنێت و دەرفەت بە کەسانی دیکە بدات بۆ ئەوەی چانسی بەرێوەبردنی پرۆسەی رۆشنبیرییان ھەبێت لە دەڤەرەکە، بەبیانووی ئەوەی کە ئەو خاوەن کتێبی زۆرە و ھەر ئەو رۆشنبیریی بەردەرەشە و کەسی لە خۆی لە گونجاوتر دانەدەنا کە سەنتەرەکە بەرێوە ببا. ئەوەی جێگای سەرنج و تێرامانە، لە سالی ١٩٩٥ ەوە تاوەکو ئێستا، ھیچ دەستەیەک لەگەڵ ئەو بەرپرسە نەیانبردۆتە سەر و ھەموویان لەسەنتەر بوونەتەوە ، تەنانەت دەستەی دامەزرێنەریش.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ پەیڕەوى ناوەخۆی سەنتەری ناوبراو هەموارکراوی کۆنفرانسی شەشەم