لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
خولی نایابی کوردستان (بە ئینگلیزی: Kurdistan Preimer League - کوردستان پڕیمەیەڕلیگ) بەرزترین پاڵەوانییەتی وەرزشی یانەکانی تۆپی پێییە لە ھەرێمی کوردستاندا. یەکێتی تۆپی پێی کوردستان ڕێکخەرییەتی کە لە وەرزی ٢٠٠٦–٢٠٠٧ دا دەستی پێکرد، ١٦ یانە تێیدا بەشداری دەکەن و لە ھەر وەرزێکدا ٢ یانەی خوار خوارەوەی خشتەی ڕیزبەندی دادەبەزن بۆ خولی پلەیەکی کوردستان، پاڵەوانی خولەکە لە ئێستادا یانەی ئاکرێیە بۆ یەکەم جار لە مێژوویدا توانی ببێت بە پاڵەوانی خولی نایابی کوردستان.
یانەی وەرزشی زێرەڤانی توانیویەتی چوار جار ببێتە پاڵەوانی خولی نایابی کوردستان، یەکەمین پاڵەوان یانەی وەرزشی دھۆک بوو
مێژووی سەرھەڵدانی خولی نایابی کوردستان[دەستکاری]
خولی نایابی کوردستان پێشبڕکێیەکی ساڵانەیە، کە لەلایەن یەکێتی تۆپی پێی کوردستانەوە ڕێکدەخرێت، سەرەتا ئەم خولە لە وەرزی ٢٠٠٦–٢٠٠٧ دەستی پێکرد، بە بەشداری ٣٢ یانە، کە دابەشکران بۆ چوار کۆمەڵە، وە ھەر کۆمەڵەیەک لە ھەشت یانە پێکھاتبوو، چوار یانە لە ھەر کۆمەڵەیەک دابەزی بۆ خولی پلەیەک، واتا ١٦ یانە لە ھەر چوار کۆمەڵەکە، و ١٦ یانەش مایەوە لە خولی نایاب، لە ھەر کۆمەڵەیەک ٢ یانە سەرکەوتن بۆ قۆناغی کۆتایی، دواتر لە کۆتایی یانەی دھۆك بووە پاڵەوانی یەکەم وەرزی «خولی نایابی کوردستان». یانەی ھەولێریش بووە خاوەنی پلەی دووەم، لە وەرزی دووەمی واتا ساڵی ٢٠٠٧–٢٠٠٨ خولی نایابی کوردستان بە بەشداری ١٦ یانە بەڕێووە چوو ٢ یانەی کۆتایی ڕیزبەندی دابەزین بۆ خولی پلەیەک، لە وەرزی ٢٠٠٧–٢٠٠٨ یانەی بروسک توانی بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا ببێتە پاڵەوانی دووەم وەرزی خولی نایابی کوردستان، لە وەرزی ٢٠٠٨–٢٠٠٩ بە ھەمان سیستەم بەڕێوەچوو کە تێیدا دووبارە یانەی بروسک بۆ دووەمجار لەسەر یەک بووە پاڵەوانی بە کۆکردنەوەی ٦١ خاڵ و بە جیاوازی ٨ خاڵ لەگەڵ سیروانی نوێ دووەم و یانەی ھەندرێن پلەی سێیەمی بەدەستھێنا، ھەر یەکە لە یانەکانی ئاڵا و سیمێڵ و زاخۆ و سلێمانی دابەزین بۆ خولی پلەیەک، ئەمەش بەھۆی کەمکردنەوەی یانەکان لە ١٦ بۆ ١٤ یانە چوار یانە دابەزین. لە وەرزی ٢٠٠٩–٢٠١٠ خولی نایابی کوردستان پاڵەوانێکی دیکەی بەخۆیەوە بینی لەم وەرزە یانەی ھەولێر بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆی توانی ببێتە پاڵەوانی خولی نایابی کوردستان ھەروەھا ئەم وەرزە بە بەشداری ١٤ یانە بەڕێوەچوو. وەرزی ٢٠١٠–٢٠١١ تێیدا یانەی ھەندرێن توانی ببێتە پاڵەوانی ئەم وەرزە بۆ یەکەم جار لە مێژووی خۆیدا، لە وەرزی ٢٠١١–٢٠١٢ یانەی ھەولێر بۆ دووەمجار لە مێژووی خۆیدا بووە پاڵەوانی ئەم خولە، لە وەرزی ٢٠١٢–٢٠١٣ یانەی زێرەڤانی توانی بۆ یەکەمجار نازناوەکە بەدەستبھێنێت ، وەرزی ٢٠١٣–٢٠١٤ یانەی زێرەڤانی توانی بۆ دووەمجار لەسەریەک ببێتە پاڵەوان و نازناوەکە یەکلایی بکاتەوە و یانەی ھەولێر و سلێمانی پلەکانی دووەم و سێیەم بەدەستبھێنن، ئەوەی جێی سەرسووڕمان بوو لەم وەرزەدا یانەی کەرکووک لە قۆناغی یەکەم لە پلەی یەکەم بوو بەڵام لە کۆتایی پلەی حەوتەمی بەرکەوت، لە وەرزی ٢٠١٤–٢٠١٥ یانەی زێرەڤانی بۆ سێیەم جار لەسەریەک نازناوەکەی بەدەستھێنا دوای ڕکابەرییەکی تووند لەگەڵ ھەریەکە لە دھۆکی خاوەن پلەی دووەم و نەورۆزی پلەی سێیەم، لەم وەرزی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بۆ یەکەمجار دابەزییە خولی یانە پلەیەکەکان ھاوشان لەگەڵ یانەی بروسک پاڵەوانی دوو وەرزی خولی نایاب کە پێش دەستپێکردنی خولەکە کشایەوە بەھۆی کێشەی دارایییەوە، یانەی ھەولێر لە وەرزی ٢٠١٥–٢٠١٦ توانی بۆجاری سێیەم لە مێژووی خۆیدا نازناوەکە بەرزبکاتەوە.[١] وەرزی ٢٠١٦–٢٠١٧ یانەی وەرزشی پێشمەرگەی ھەولێر توانی بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا نازناوەکە بەدەستبھێنێت ، وەرزی ٢٠١٧–٢٠١٨ بۆ جارێکی دیکە یانەی زێرەڤانی پلەی یەکەمی خولی نایابی کوردستانی بەدەستھێنا پاش ئەوەی توانی ٣١ خاڵ کۆبکاتەوە.[٢] پاشان یانەی پێشمەرگەی ھەولێر بووە پاڵەوانی وەرزی ٢٠١٨–٢٠١٩. بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە خولی نایابی کوردستان بۆ وەرزی ٢٠١٩–٢٠٢٠ نەکرا و یارییەکان بەڕێوەنەچوو، بەڵام یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بڕیاریدا یارییەکانی وەرزی ٢٠٢٠–٢٠٢١ ئەنجام بدات، دوای ئەنجامدانی یارییەکان یانەی برایەتی توانی بۆیەکەمجار لە مێژووی خۆیدا نازناوەکە بەدەست بھێنێت . لە وەرزی ٢٠٢١–٢٠٢٢ یانەی وەرزشی سیروانی نوێ توانی بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا نازناوەکە بەدەست بھێنێت
. لە وەرزی ٢٠٢٢–٢٠٢٣ یانەی پێشمەرگەی ھەولێر توانی یۆ سیێەم جار لە مێژووی خۆیدا نازناوەکە بەدەست بھێنێت . لە وەرزی ٢٠٢٣–٢٠٢٤دا، ڕکابەرییەکی زۆر لەنێوان هەر ٣ یانەی خولی نایابی کوردستان«شێروانە، پێشمەرگەی هەولێر، ئاکرێ» هەبوو، بەڵام بە جیاوازی تەنها «یەك» خاڵ، یانەی «ئاکرێ» بۆ یەکەم جار لە مێژوویدا، نازناوەکەی بەدەست هێنا.[٣]
تیمەکان بە پێی نەخشە[دەستکاری]
ڕیزبەندی پاڵەوانی خول بە پێی ساڵ[دەستکاری]
ڕیزبەندی پاڵەوانی خول بە پێی نازناو[دەستکاری]