خولی نایابی کوردستان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
خوولی نایابی کوردستان
ڕێکخراوە لەلایەنیەکێتی تۆپی پێی کوردستان
دامەزراندن٢٠٠٦ (١٨ ساڵ)
ناوچەکوردستان
ژمارەی تیمەکان١٦ تیم
جامی نێوخۆییجامی کوردستان - جامی سووپەری کوردستان
کۆتا پاڵەوانپێشمەرگەی هەولێر (سێیەمین نازناو)
سەرکەوتووترین یانەیانەی زێرەڤانی (٤ نازناو)
ماڵپەڕی فەرمیwww.kfa.krd/ckb

خوولی نایابی کوردستان یان خوولی پلە یەکەکانی کوردستان (بەئینگلیزی : Kurdistan Preimer League - کۆردستان پڕیمەیەڕلیگ) بەرزترین پاڵەوانیەتی وەرزشی یانەکانی تۆپی پێییە لە ھەرێمی کوردستاندا. یەکێتی تۆپی پێی کوردستان ڕێکخەریەتی کە لە وەرزی ٢٠٠٦ - ٢٠٠٧ دا دەستی پێکرد ، ١٦ یانە تیایدا بەشداری دەکەن و لە ھەر وەرزێکدا ٢ یانەی خوار خوارەوەی خشتەی ڕیزبەندی دادەبەزن بۆ خوولی پلەدوو، پاڵەوانی خوولەکە لە ئێستادا یانەی پێشمەرگەی هەولێرە کاتێ وەرزی ڕابڕدوو بۆ جاری سێیەم لە مێژوویدا توانی ببێتەوە بە پاڵەوانی خوولی نایابی کوردستان.

یانەی وەرزشی زێرەڤانی توانیویەتی چوار جار ببێتە پاڵەوانی خولی نایابی کوردستان ، یەکەمین پاڵەوان یانەی وەرزشی دھۆک بوو

مێژووی سەرهەڵدانی خوولی نایابی کوردستان[دەستکاری]

خولی نایابی کوردستان پێشبڕکێیەکی ساڵانەیە کە لەلایەن یەکێتی تۆپی پێی کوردستانەوە ڕێکدەخرێت ، سەرەتا ئەم خولە لە وەرزی ٢٠٠٦ - ٢٠٠٧ دەستی پێکرد بە بەشداری ۳۲ یانە کە دابەشکران بۆ چوار کۆمەڵە ھەر کۆمەڵەیەک لە ھەشت یانە پێکھاتبوو ، چوار یانە لە ھەر کۆمەڵەیەک دابەزی بۆ خولی پلەیەک واتا ١٦ یانە لە ھەر چوار کۆمەڵەکە ، و ١٦ یانەش مایەوە لە خولی نایاب ، لە ھەر کۆمەڵەیەک ٢ یانە سەرکەوتن بۆ قۆناغی کۆتایی ، دواتر لە کۆتایی یانەی دھۆك بووە پاڵەوانی یەکەم وەرزی خولی نایابی کوردستان و یانەی ھەولێرش بووە خاوەنی پلەی دووەم ، لە وەرزی دووەمی واتا ساڵی ٢٠٠٧ - ٢٠٠٨ خولی نایابی کوردستان بە بەشداری ١٦ یانە بەڕێووە چوو ٢ یانەی کۆتایی ڕیزبەندی دابەزین بۆ خولی پلەیەک ، لە وەرزی ٢٠٠٧ - ٢٠٠٨ یانەی بروسك توانی بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا ببێتە پاڵەوانی دووەم وەرزی خولی نایابی کوردستان ، لە وەرزی ٢٠٠٨ - ٢٠٠٩ بە ھەمان سیستەم بەڕێوەچوو کە تیایدا دووبارە یانەی بروسك بۆ دووەمجار لەسەر یەک بووە پاڵەوانی بە کۆکردنەوەی ٦١ خاڵ و بە جیاوازی ٨ خاڵ لەگەڵ سیروانی نوێ دووەم و یانەی ھەندرێن پلەی سێیەمی بەدەستهێنا ، ھەر یەکە لە یانەکانی ئاڵا و سیمێڵ و زاخۆ و سلێمانی دابەزین بۆ خولی پلەیەک ، ئەمەش بەھۆی کەمکردنەوەی یانەکان لە ١٦ بۆ ١٤ یانە چوار یانە دابەزین.لە وەرزی ٢٠٠٩ - ٢٠١٠ خولی نایابی کوردستان پاڵەوانێکی دیکەی بەخۆیەوە بینی لەم وەرزە یانەی ھەولێر بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆی توانی ببێتە پاڵەوانی خولی نایابی کوردستان ھەروەھا ئەم وەرزە بە بەشداری ١٤ یانە بەڕێوەچوو . وەرزی ٢٠١٠ - ٢٠١١ تیایدا یانەی ھەندرێن توانی ببێتە پاڵەوانی ئەم وەرزە بۆ یەکەم جار لە مێژووی خۆیدا ، لە وەرزی ٢٠١١ - ٢٠١٢ یانەی ھەولێر بۆ دووەمجار لە مێژووی خۆیدا بووە پاڵەوانی ئەم خوولە ، لە وەرزی ٢٠١٢ - ٢٠١٣ یانەی زێرەڤانی توانی بۆ یەکەمجار نازناوەکە بەدەستبھێنێت ، وەرزی ٢٠١٣ - ٢٠١٤ یانەی زێرەڤانی توانی بۆ دووەمجار لەسەریەک ببێتە پاڵەوان و نازناوەکە یەکلایی بکاتەوە و یانەی ھەولێر و سلێمانی پلەکانی دووەم و سێیەم بەدەستبھێنن ، ئەوەی جێی سەرسوڕمان بوو لەم وەرزەدا یانەی کەرکووك لە قۆناغی یەکەم لە پلەی یەکەم بوو بەڵام لە کۆتایی پلەی حەوتەمی بەرکەوت ، لە وەرزی ٢٠١٤ - ٢٠١٥ یانەی زێرەڤانی بۆ سێیەم جار لەسەریەک نازناوەکەی بەدەستھێنا دوای ڕکابەریەکی تووند لەگەڵ ھەریەکە لە دھۆکی خاوەن پلەی دووەم و نەورۆزی پلەی سێیەم ، لەم وەرزی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بۆ یەکەمجار دابەزییە خولی یانە پلەیەکەکان ھاوشان لەگەڵ یانەی بروسک پاڵەوانی دوو وەرزی خولی نایاب کە پێش دەستپێکردنی خولەکە کشایەوە بەھۆی کێشەی دارایەوە ، یانەی ھەولێر لە وەرزی ٢٠١٥ - ٢٠١٦ توانی بۆجاری سێیەم لە مێژووی خۆیدا نازناوەکە بەرزبکاتەوە [١].وەرزی ٢٠١٦ - ٢٠١٧ یانەی وەرزشی پێشمەرگەی ھەولێر توانی بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا نازناوەکە بەدەستبھێنێت ، وەرزی ٢٠١٧ - ٢٠١٨ بۆ جارێکی دیکە یانەی زێرەڤانی پلەی یەکەمی خولی نایابی کوردستانی بەدەستهێنا پاش ئەوەی توانی ٣١ خاڵ کۆبکاتەوە [٢]. پاشان یانەی پێشمەرگەی ھەولێر بووە پاڵەوانی وەرزی ٢٠١٨ - ٢٠١٩. بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە خولی نایابی کوردستان بۆ وەرزی ٢٠١٩ - ٢٠٢٠ نەکرا و یارییەکان بەڕێوەنەچوو ، بەڵام یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بڕیاریدا یارییەکانی وەرزی ٢٠٢٠ - ٢٠٢١ ئەنجام بدات ، دوای ئەنجامدانی یارییەکان یانەی برایەتی توانی بۆیەکەمجار لە مێژووی خۆیدا نازناوەکە بەدەست بھێنێت .لە وەرزی ٢٠٢١ - ٢٠٢٢ یانەی وەرزشی سیروانی نوێ توانی بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا نازناوەکە بەدەست بھێنێت [٣].

پاڵەوانانی خوول[دەستکاری]

وەرز یانە ژمارەی یانەکان شێوازی خول
٢٠٠٦-٢٠٠٧ دھۆک(١) ٣٢ چوار کۆمەڵە
٢٠٠٧-٢٠٠٨ بروسک(١) ١٦ خولی گشتی
٢٠٠٨-٢٠٠٩ بروسک(٢) ١٦ خولی گشتی
٢٠٠٩-٢٠١٠ ھەولێر(١) ١٤ خولی گشتی
٢٠١٠-٢٠١١ ھەندرێن(١) ١٤ خولی گشتی
٢٠١١-٢٠١٢ ھەولێر(٢) ١٤ خولی گشتی
٢٠١٢-٢٠١٣ زێرەڤانی(١) ١٤ خولی گشتی
٢٠١٣-٢٠١٤ زێرەڤانی(٢) ١٤ خولی گشتی
٢٠١٤-٢٠١٥ زێرەڤانی(٣) ١٤ خولی گشتی
۲۰۱٥-۲۰۱٦ هەولێر(٣) ١٤ دوو کۆمەڵە
۲۰۱٦-۲۰۱۷ پێشمەرگەی هەولێر(١) ١٤ دوو کۆمەڵە
۲۰۱۸-۲۰۱۷ زێرەڤانی(٤) ١٤ خولی گشتی
۲۰۱۸-٢٠١٩ پێشمەرگەی هەولێر(٢) ١٤ خولی گشتی
۲۰۲۰-۲۰۱۹ نەورۆز[٤](١) ١٤ خولی گشتی
۲۰۲۱-۲۰۲۰ برایەتی[٥](١) ١٤ خولی گشتی
٢٠٢١-٢٠٢٢ سیروانی نوێ(١) ١٦ خولی گشتی
٢٠٢٢ - ٢٣ پێشمەرگەی ھەولێر(٣) ١٦ خولی گشتی

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "Erbil Sport Club". web.archive.org. 2017-09-22. Retrieved 2022-02-22.
  2. ^ "یانەی زێرەڤانی بووە پاڵەوانی خولی نایابی کوردستان". www.sharpress.net. Retrieved 2022-02-22. ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  3. ^ Corporation, Nalia. "سیروانی نوێ بوە پاڵەوانی خولی نایابی کوردستان". nrttv.com. Retrieved 2022-04-22.
  4. ^ خولی نایابی کوردستان هەڵوەشایەوە، سبەی ، 2020
  5. ^ باشترینه‌كانی خولی نایابی كوردستان بۆ وه‌رزی 2020 -2021 هه‌ڵبژێردران ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.، کوردستان تی وی، 2021