محەممەد حوسێن کەریمی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە حەمەحسەین کەریمیەوە ڕەوانە کراوە)
محەممەد حوسێن کەریمی

لەدایکبوون١٩٤٩
مەرگ١٤ی شوبات (٢٦ی ڕێبەندان)
ھۆکاری مەرگپێکدادانی چەکدارانە
شوێنی گۆڕقەبرانی سەقز
نیشتەجێیسەقز
نەتەوەکورد
پیشەئەندازیاری کشتوکاڵ، کرێکار
حیزبی سیاسیکۆمەڵە
خزمەکانحەمە ڕەئووف کەریمی (برا)، ڕەسوول کەریمی (برا)[١]


محەممەد حوسێن کەریمی (لەدایکبوون ١٩٤٩ لە سەقز – مردووی ١٤ی شوباتی ١٩٧٩ لە سەقز) تێکۆشەر و خەباتکەری سیاسیی کورد و یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە بوو. ڕۆژی ١٤ی شوبات (٢٦ی ڕێبەندان) لە کێشەی گرتنی شارەبانی شاری سەقز گیانی بەختکرد. بە گیانبەختکردنی ئەو، ڕێکخراوەی کۆمەڵە کە تا ئەوکات نھێنی بوو، ئاشکرا کرا. حیزبەکانی کە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا لەژێر ناوی کۆمەڵە چالاکی دەکەن ئەو ڕۆژەی بە ناوی ڕۆژی کۆمەڵە بەرز ڕادەگێرن.

ژیان[دەستکاری]

محەممەد حوسێن کەریمی لە بنەماڵەیەکی بێبەش لە بواری ئابووری، لە شاری سەقز لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان ھاتە دونیا. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی ھەر لەو شارەدا بردەسەر و بۆ خوێندنی ئەندازیاریی کشتوکاڵ ڕەوانەی زانکۆی کەرەج بوو.[٢] ماوەی خوێندنی لە زانکۆ دەرفەتی پێ دەدات بۆ دیتن و بیرکردنەوە لە ژیانی گەلی ژێردەست و چینی کرێکار. ھەر لەوێ چەن کەسی کوردی ھاوبیروڕای خۆی وەک فواد مستەفاسوڵتانی و عەبدوڵا موھتەدی دەناسێت و باس و لێدوانی ناویان دەبێتە ڕێکخستن و ساماندانی بزووتنەوەی کرێکاری و دامەزراندنی ئایدیا سوسیالیستییەکان.

پاش تەواوبوونی زانکۆ لە ساڵانی ١٩٧٠–١٩٧١ کارێک لە شاری مەراغەی ئێران دەگرێتە دەست و سەرقاڵی ئەوە دەبێت. لەو ماوە بە چەندین جار ھاتووچۆی چەن کەسایەتی وەک ئیبراھیم عەلیزادە و خانەی موعینی لەگەڵ ھاوڕێیانی پێشو ھەوڵی ڕێخستنی ڕێکخراوێکی نھێنی بە ناوی کۆمەڵە دەدەن. لە ساڵانی ١٩٧٩–١٩٧٧ واتە بۆ ماوەی ٢ ساڵ لە گوندێک بە ناوی میراوێ خەریکی کرێکاری دەبێت. لەو سەردەمەدا تێکۆشانی نھێنی دەکرد و خەڵکی بە نازناوی وەستا ساڵح (وەسا ساڵە) دەیانناسی و کەسێک کەسایەتی ڕاستەقینەی ئەوی نەدەزانی.

لە ١٣ی ڕێبەندانی ١٣٥٧ (١ی شوباتی ١٩٧٩) ھەواڵی کوژرانی برایەکی (حەمە ڕەئووف کەریمی) لە شاری تاران، پێیگەیشت و بۆ ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی و دیتنی دایک و باوکی خەمباری سەردانی ماڵی خۆیانی لە سەقز کرد.[٣] لەو کاتانەدا دەسەڵاتی ناوەندی ڕژیمی پاشایەتی ئێران بە تەواوی لاواز ببو و لە ماوەی چەن ڕۆژی داھاتوودا شۆڕشی گەلانی ئێران بەرەو سەرکەوتن دەڕۆشت. لە مانگی شوباتی ١٩٧٩ (ڕێبەندانی ١٣٥٧) شاری سەقزیش ھەر تووشی ھەمان بارودۆخ بوو. محەممەد حوسێن کەریمی لە ڕۆژی ١٩ی ڕێبەندانی ئەو ساڵە لە قوتابخانەی سەعدی لە شاری سەقز بە بوونەی ساڵرۆژی ڕووداوی سیاھکەل وتاری خوێند و باسی لە بارودووخی سیاسی ئێران و کوردستان کرد.[٣] لە ڕۆژی ٢٤ی ڕێبەنداندا پێگەی ژاندارمری کە تەنیا شوێنی دەسەڵاتی ناوەندی لە شاردا بوو خەریک بوو دەکەوتە دەستی خەڵک. ھەواڵی ھەوڵی ئاگرتێبەردانی ئەو شوێنە دەبێتە ھۆی ڕۆیشتنی محەممەد حوسێن بۆ بەرگری لەوە. کاتێ لەگەڵ جەماوەر ھەوڵی چوونەناوە دەدەن لە حەوشەی ژاندارمریدا، بەر تەقەی چەن فیشەک دەکەوێت.[٣][٤]

محەممەد حوسێن کەریمی دگەیێننە نەخۆشخانە، بەڵام بە دوای تێپەڕبوونی دوو شەو، لە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕیبەندانی ١٣٥٧ (١٤ی شوباتی ١٩٧٩) لە نەخۆشخانەدا بەھۆی برینی فیشەک کۆچی دوایی دەکات و لە قەبرانی شاری سەقز دەنێژرێت و ئێستاش گۆڕەکەی ھەر لەوێیە. کۆمەڵە کە تا ئەو کات ڕێخراوێکی نھێنی بوو، خۆی ئاشکرا کرد و لە دوای ئەوە ٢٦ی ڕێبەندان بە ڕۆژی کۆمەڵە ناونرا.[٣]

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا ماڵپەڕی ئاسۆی ڕۆژھەڵات: بەڕێوەچوونی شکۆمەندانەی ڕێوڕەسمی بەخاک سپێردنی دایە ڕەعنا ئیبراھیمی لە سەقزدا (بە فارسی)، نووسراو لە ١٠ی نیسانی ٢٠١١؛ سەردان لە ٢٨ی ئابی ٢٠٢٠. ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگی <ref>ی ھەڵە؛ ناوی «ئاسۆی ڕۆژھەڵات ۱» زیاتر لە یەک جار پێناسە کراوە لەگەڵ ناوەڕۆکی جیاوازدا
  2. ^ ماڵپەڕی ئێران ئۆمید: زەمینەکانی کۆمەڵایەتی و مێژوویی دامەزرانی کۆمەڵە، وتووێژ لەگەڵ ئێرج فەرزاد (بە فارسی)؛ سەردان لە ٢٨ی ئابی ٢٠٢٠.
  3. ^ ئ ا ب پ ماڵپەڕی کۆمەڵەی زەحمەتکیشانی کوردستان: بەڕەو ٢٦ی ڕیبەندان ڕۆژی کۆمەڵە (بە فارسی)، نووسینی ڕزا کەعبی، نووسراو لە ١٥ی شوباتی ٢٠١٥؛ ٢٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٠ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. سەردان لە ٢٨ی ئابی ٢٠٢٠.
  4. ^ ماڵپەڕی ڕۆژی کورد: پەڕەیەک لە ژیانی شەھید فواد مستە‌فا سوڵتانی، بە بوونەی ٣٨ەمین ساڵوەگەڕی شەھیدبوونی (بە فارسی)، نووسراو لە ٣١ی ئابی ٢٠١٧؛ ٢٨ی شوباتی ٢٠٢١ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. سەردان لە ٢٨ی ئابی ٢٠٢٠.