جۆردانۆ برونۆ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
جۆردانۆ برونۆ

لەدایکبوون١٥٤٨
مەرگ١٦٠٠
ھۆکاری مەرگسووتاندن
پیشەفەیلەسووف، کشیش، بیرکار، شاعیر و ئەستێرەناس


جۆردانۆ برونۆ (بە ئیتالی: Giordano Bruno؛ ١٥٤٨–١٦٠٠) فەیلەسووف، کشیش، بیرکار، شاعیر و ئەستێرەناسی ئیتالیایی[١] بوو.

ژیان[دەستکاری]

ساڵی ١٥٤٨ لە شاری نۆلای ئیتالیا پاشایەتیی ناپڵزدا لەدایک بوو. ناوی فیلیپۆی لە سەر نرا، بەڵام لە تەمەنی حەڤدە ساڵیدا ناوەکەی گۆڕی بە جۆردانۆ. لە ١٥٧٦دا لە دوای یانزە ساڵ خزمەت لە کڵێسا و دەیرەکان ھەڵھات. لە دوای ئەوەی کە دەستی لە قەشەیی و کڵێسا کێشا ڕۆشت بۆ پاریس و بوو بە باڵوێزی فەڕەنسا لە ئینگلستاندا.

بە کەرەستە و پێوانە سەرەتایی‌یەکانی چوارسەد و پەنجا ساڵ لەمەوبەر، توانی ھەنگاوی گەورە لە زانستی ئەستێرەناسیدا بھاوێ و بناغەی پتەو بۆ دواڕۆژ دابڕێژێ. دوایین جار پێنج گریمانەی زانستی ھێنایە ئاراوە، کە بریتی بوون لە:

  1. نە تەنیا زەوی بە دەوری ڕۆژدا دەسووڕێ، بەڵکوو ڕۆژیش خۆی لە خول و گەڕان دایە.
  2. زوحەل دوایین گەڕۆکی دەوری ڕۆژ نییە، ئەشێ چەند گەڕۆکی تریش لە پشتی ئەو ھەبن.
  3. ئەستێرەکان ھەر کام ڕۆژێکن لە چەشنی ڕۆژەکەی ئێمە.
  4. ھەر کام لە ئەستێرەکان، بۆیان ھەیە چەند گەڕۆکێک بە دەوریانەوە بسووڕێتەوە.
  5. ھەمووی ئەم کۆمەڵە گەڕۆکانە، دەسپێک و دوایی‌یان ھەیە و جیھانی ئێمە بەردەوام لە ئاڵوگۆڕ دایە.

چونکە ھەر پێنج گریمانە، دژی زانیارییەکانی کڵێسا و کتێبی پیرۆز بوو، دادگای پشکنینی بیروڕا، بە پێی ١٣٠ خاڵ، برونۆی مەحکووم بە ئیعدام کرد و پاپ کلیمێنتی ھەشتەم حوکمەکەی سەلماند و فەرمانی جێبەجێ‌کردنی دا.

بۆ گەمەی ڕۆژگار، ھەر پێنج گریمانەی برونۆ، ئێستا لە کتێبە دەرسییەکانی منداڵاندا، وەک زانیارییەکی سەرەتایی دەخوێندرێ.

کۆچی دوایی[دەستکاری]

لە ١٥٩٣دا لە دوای گەڕانەوە بۆ ئیتالیا لە زیندان کرا. برونۆ لە ساڵی ١٦٠٠دا بە حوکمی دەزگای ڕاپشکنینی بیروڕای کڵێسەی کاتۆلیک سووتا.[٢]

ڕۆژی ١٧ی شوباتی ساڵی ١٦٠٠ی زایینی، ھەر لەو گۆڕەپانەی شاری ڕۆم، کە ئێستا پەیکەرەی برونۆی لێیە، لە کاتێکدا شەبکەیەکی قووچی ڕەنگاوڕەنگیان نابووە سەری، ھەوەڵ زمانیان بڕی و پاشان بە زیندوویی سووتاندیان. لە ئەو کاتەدا پاپ کلێمەنتی ھەشتەم سەرۆکی ویلایەتە پاپییەکان بوو.

پەڕاوێز[دەستکاری]

  1. ^ ویکیپیدیای ئینگلیزی
  2. ^ Durant, W. and Durant, A. (1989). “The Story of Civilization: Age of Reason Begins,” pp. 736- 746, World Library, Inc. , USA.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • بولتن درسی آموزشکدە اخترشناسی ایران، سرفراز غزنی، ص ٣٤و٣٥
  • گۆڤاری مەھاباد، ساڵی دوازدەیەم، ژ: ١٣٥، جۆزەردانی ١٣٩١، ل:٩
  • سەید عەبدوڵڵا سەمەدی