Cataract

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search

ماشاو (یان ئاوی سپی) ھەوکردنێکە لە ھاوێنەی چاو. ماشاو دەبێتە ھۆی لاواز بوونی بینین. ماشاو بە ھێواشی گەشە دەکات و دەکرێت کار لە یەک یا ھەردوو چاو بکات. لە نیشانەکانی ماشاو: کال بوونەوەی رەنگەکان، لێل بینین، کێشە لەگەل روناکی گەش و کێشەی بینین بە شەو. ئەمە دەبێتە ھۆی دروستبونی کێشە لە کاتی لێخورینی ئۆتۆمبێل، خوێندنەوە، یاخود ناسینەوەی خەلک. بینینی لاواز بە ھۆی ماشاوەوە ئەگەری بەربوونەوەو خەمۆکی زیاد دەکات. نیوەی حالەتەکانی کوێر بوون و لە ٣٣٪'ی لاوازبونی بینین لە سەرانسەری دونیا بە ھۆی ماشاوەوەن.

بە شێوەکی گشتی ماشاو بە ھۆی گەورەبوونی تەمەن روو ئەدات بەلام ھەندێک جار زەبر و کەوتنەبەر بۆ تیشکدانەوەش ئەگەری ئەوەیان ھەیە ببنە ھۆ بۆ گەشەپێدانی ماشاو. ھۆیەکانی مەترسی شەکرە، کێشانی جگەرە، بەرکەوتنی خۆری درێژخایەن، لەگەل ماددە کحولیەکان دەگرێتەوە. کەلەکە بوونی پرۆتین یاخود بۆیەی زەرد-قاوەیی لە ھاوێنەی چاو کەوا گواستنەوەی رووناکی بۆ تۆری چاو کەم دەکات، بە میکانیزمی سەرەکی ماشاو دادەنرێت. دەستنیشانکردنەکەی بە پشکنینی چاو ئەنجام دەدرێت.

خۆ پاراستن بەکارھێنانی چاویلکەی خۆر و دوور کەوتنەوە لە جگەرە کێشان دەگرێتەوە. نیشانە سەرەتایییەکانی ماشاو بە بەکارھێنانی چاویلکە ئەگەری باشبونەوەیان ھەیە. ئەگەر ئەمەش سوودی نەبوو، تەنھا چارەسەر نەشتەرگەرییە ئەویش بە لادانی ھاوێنە ھەوکردووەکەو دانانی ھاوێنەی دەستکرد لە شوێنی. نەشتەرگەرییەکە تەنھا لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێت ئەگەر گرفتی ھەبێت و بە شێوەیێکی گشتی ژیان ئاسوودەتر دەکات. نەشتەرگەری ماشاو لە زۆرینەی ولاتەکان بەردەست نییە بە تایبەتی بۆ ئەو ئافرەتانەی کە لە ناوچە گوند نشینەکان دەژین و ئەوانەی کە نەخوێندەوارن.

نزیکەی ٢٠ میلیۆن کەس بە ھۆی ماشاوەوە بینینیان لە دەست دەدەن. لە ٥٪'ی دۆخەکانی کوێر بوون لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ھۆکارەکەی ماشاوە و ھەروەھا ٦٠٪ لە ئەفریقیا و ئەمریکای باشوور بە ھەمان شێوە. کوێر بوون بە ھۆی ماشاوەوە لە ١٠–٤٠ لە ١٠٠٬٠٠٠ مندال لە ولاتە پێشکەوتووەکان روودەدات. زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تووشی ماشاو دەبن کە دەگەن بە تەمەنی ٨٠ سالی.

نیشانەکان[دەستکاری]

نیشانەکان لەگەل جۆری ماشاوەکە دەگۆرێن بەلام ئەگەری تێکەلبوونێکی بەرچاویان ھەیە. ئەو کەسانەی رەق بوونی ناوکییان ھەیە زۆر جار تێبینی لاوازبوونی بینینن دەکەن. ماشاوی ناوکی زیاتر دەبێتە ھۆی لاوازبوونی بینینی دوور وەک لە بینینی نزیک. ئەوانەی کە ماشاوی بن کەپسوولی پشتەکییان ھەیە، دیارترین نیشانەیان درەوشاندنەوەیە.

توندی دروستبونی ماشاو (لە کاتی نەبوونی ھیچ نەخۆشیێکی تری چاو) بە ھۆی پشکنینێکی تیژی بینین بریاری لەسەر دەدرێت. نیشانەی تریش زوو زوو گۆرینی چاویلکەو بینینی خەرمانە بە ھۆی تێر ئاو بوونی ھاوێنەی چاو دەگرێتەوە.

ھۆکارەکانی ماشاو[دەستکاری]

تەمەن[دەستکاری]

تەمەن باوترین ھۆکارە. پرۆتینەکانی ھەوێنە لەگەل گەورە بوونی تەمەن ژمارەیان کەم دەبێتەوە، ئەم پرۆسەیەش بە ھەبوونی نەخۆشی وەک شەکرە و بەرزی فشاری خوێن خێراییەکەی زیاد دەکات. ھۆکاری ژینگەیی وەک ژەھرو تیشکدانەوە، لە نێوانیاندا رووناکی سەرووی وەنوشەیی، کاریگەریێکی بەرچاویان ھەیە. ئەم کاریگەرییانەش بە ھۆی نەمانی میکانیزمە پارێزەرەکانی چاوەوە خراپتر دەبن لە ئەنجامی پەیدابوونی گۆرانکاری لە دەربرینی جین و کردارە کیمیاوییەکانی چاو.

زەبر[دەستکاری]

زەبری راستەوخۆ دەبێتە ھۆی ئاوسان، ئەستوربوون، ھەروەھا سپی بوونی رێشالەکانی ھەوێنە. ھەرچەندە ئەوسانەکە لەگەل کات کەم دەبێتەوە، بەلام رەنگە سپییەکە ئەگەری مانەوەی ھەیە. لە زەبری راستەوخۆی توند یاخود لەو برینداریانەی کە چاو دەبرێت، ئەو کەپسوولەی کە ھەوێنەکە لەسەری دادەنیشێت ئەگەری تووشبوون بە زیانی ھەیە. ئەم زیانە وا لە شلەی ناوچەکانی تری چاو دەکا بە خێرایی بچێتە ناو ھەوێنەی چاو و ببێتە ھۆی ئاوسان ئینجا سپی بوون ئەمەش رێگری لە رووناکی دەکات لە گەیشتن بە تۆری چاو. ماشاو ئەگەری روودانی لە ٠٫٧٪ تا ٨٪'ە لە دوای زیانی کارەبایی.


سەرچاوەکان[دەستکاری]