یاسای ھەرھەمانی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

لە لۆژیکدا، یاسای ھەرھەمانی (law of identity) دەڵێ ھەموو شتێ کوتومت ھەر خۆیەتی. بە زمانێکی تر، ھەر شتێ ھەر ھەمان خۆیەتی، عەینەن خۆیەتی، ھەر تەواو لە خۆی دەچێ، لفی خۆیەتی، ھەر وەک خۆیەتی.

ئەم یاسایە وێڕای یاسای ناتەبانەبوون و یاسای وەدەرنانی ناوەڕاست یاساکانی بیرکردنەوەیان پێ دەوترێ.

مێژوو[دەستکاری]

فەلسەفەی دێرین[دەستکاری]

کۆنترین بەکارھاتنی تۆمارکراوی یاساکە لە دیالۆگی تیائەتیتۆسی ئەفلاتووندایە کە تێیدا سوقرات تێدەکۆشی ئەوە دەسنیشان بکا کە «دەنگەکان» و «ڕەنگەکان» دوو پۆلی جیا لە یەکترن:

سوقرات: بە سەرنجدانەوە بە دەنگ و ڕەنگ، لە پلەی یەکەمدا، ئایا فکرت لە بابەت ھەردووکیانەوە ئەوەیە کە ھەن؟

تیائەتیتۆس: بەڵێ.

سوقرات: وە ھەر کامێکیان لەگەڵ ئەوی ترا فەرقی ھەیە و، عەینی خۆیەتی.[١]

تیائەتیتۆس: بێگومان.

سوقرات: وە بەیەکەوە دوو شتن و ھەر کامیان بەجیا یەک شتە؟

تیائەتیتۆس: بەڵێ، ئەوەش.

بەڕاشکاوی تەنیا جارێک لە بەرھەمەکانی ئەرەستوودا ھاتووە، ئەویش لە ئانالیتیکای یەکەم (یا پێشین) -دایە:

بەڵام کاتێ کە A بە تەواوی B و بە تەواوی C ببڕدرێ و بە ھیچ شتی تر ھەڵنەگیردرێ و، Bش بە ھەمووی C ببڕدرێ، پێویست دەبێ کە A و B شیاوی ئاڵوگۆڕکردن پێکەوە بن، چونکە A ھەر تەنیا بە B و C دەوترێ، بەڵام B ھەم بە خۆی ھەڵدەگیردرێ و ھەم بە C، کەوایە ئاشکرایە ھەر شتێ کە Aی پێ دەوترێ، Bشی پێ دەوترێ، جگە لە A خۆی. [٢]

فەلسەفەی سەدەکانی ناوەڕاست[دەستکاری]

ئەرەستوو باوەڕی ئەوە بوو کە یاسای ناتەبانەبوون بنەڕەتیترین یاسایە. تۆماس ئەکویناس و دانس سکەوتەس -یش شوێن ئەرەستوو کەوتن لەم پەیوەندەدا. ئانتۆنیوس ئاندریاس، شاگردە ئیسپانیایییەکەی سکەوتەس، مشتومڕی ئەوەی دەکرد کە دەبێ جێگەی یەکەم بدرێ بەو یاسایە کە دەڵێ «ھەموو خاوەنبوونێ خاوەنبوونێکە»، بەڵام فرانسیسکۆ سوارەز -ی نووسەری کۆتایییەکانی بزاڤی سکۆلاستیک لەگەڵ ئەوەدا نەبوو، ئەویش ھەروەھا، شوێن ئەرەستوو کەوتنی بە لاوە پەسەندتر بوو.

لە نووسراوەکانی نیکۆلاسی کووسی -شدا دەتوانین ئاماژەیەک بە یاسای ھەرھەمانی بەدی بکەین، لەوێدا کە دڵێ:

ناکرێ چەند شت کوتومت عەینی یەکتر بن، چونکە ئەگەر وا بێ، ئەوە چەند شت نین، بەڵکوو ھەر ھەمان شت خۆیەتی. جا کەوابێ ھەموو ئەو چەند شتە ھەم ڕێک وەک یەکن و ھەم جیاوازیشن.

فەلسەفەی مۆدێرن[دەستکاری]

گۆتفرید ڤیلھێلم لایبنیتس ئیددیعای ئەوە بوو کە یاسای ھەرھەمانی، کە ئەو بە شێوەی «ھەموو شتێ ئەوەیە کە ھەیە» دەریدەبڕی، یەکەمین و سەرەتاییترین ڕاستییەکە کە ئەقڵ پەی پێ دەبا و، ئەرێنیشە. لەو لاوە، یاسای ناتەبانەبوونیش یەکەمین ڕاستیی نەرێنییە کە ئەقڵ دەیدۆزێتەوە. ئەو دەیگوت «قەزیەی شتێ ئەوەیە کە ھەیە، پێشترە لەو قەزیەیە کە دەڵێ ئەو شتە شتێکی تر نییە». یاسای لایبنیتس دەڵێ ئەگەر دوو شت ھەر چییەک ھەیانە کوتومت وەک یەک بێ، ئەو دوو شتە لە واقیعدا یەکێکن و عەینی شتن.

پەراوێزەکان[دەستکاری]

  1. ^ مەحموود سەناعی، کە ئەو دیالۆگەی کردووە بە فارسی، ئاوای وەرگێڕاوە: «و هر یک غیر دیگری است و عین خودش است؟»
  2. ^ فارسییەکەی ئاوایە: «ولی هنگامی که A به کل B و به کل C تعلق بگیرد و بر هیچ چیز دیگر حمل نشود، و B نیز به همه C تعلق بگیرد، ضروری خواهد بود که A و B برگردانده شوند؛ زیرا چون A تنها به B و C گفته میشود، ولی B هم بر خود حمل میشود و هم بر C، پس آشکار است که آنچه A بدان گفته میشود، B نیز به همه آن گفته میشود بجز خود A» — منطق ارسطو، آناکاویک یکم، دفتر دوم، فرگرد ۲۲، 68a؛ ترجمه میرشمس الدین ادیب سلطانی؛ انتشارات نگاه.