ھەموومان مردووین (زنجیرەی تەلەڤیزیۆنی)
ھەموومان مردووین (بە کۆری: 지금 우리 학교는) زنجیرەیەکی تەلەڤیزیۆنی ترسناکی کۆریای باشوورە، لەسەر ژانەری کارەساتی زۆمبی دروستکراوە، ئەستێرەکانی زنجیرەکە بریتییە لە: پارک جی-ھوو، کیم بیونگ-چول، یون چان-یۆنگ، چۆ یی-ھیون،پاڕک سۆ لۆمۆن، یۆ ئین-سو، لی کیو-ھیونگ، جیۆن بای-سو. زنجیرەکە زیاتر لە قوتابخانەیەکی ئامادەیی لە کۆریای باشوور ڕوودەدات کە لەناکاو ڤایرۆسی زۆمبی دەردەچێت و مەترسی لەسەر سەلامەتی خوێندکارەکان دروست دەکات. لەسەر بنەمای کۆمیکی وێبتۆن لە پلاتفۆرمی Naver بە ھەمان ناو لەلایەن جو دونگ-گیون لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١١ دروست کراوە.[١][٢] ئەم زنجیرەیە لە قوتابخانەی ئامادەیی کچانی سونجی لە شاری ئەندۆنگی کۆریای باشوور وێنەگیراوە. زنجیرەکە لە ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢، لە نێتفلێکس بڵاوکرایەوە.[٣] دوای بڵاوبوونەوەی، زنجیرەکە لە ماوەی ٣٠ ڕۆژی یەکەمیدا لە خزمەتگوزارییەکەدا زیاتر لە ٤٧٤٫٢٦ ملیۆن کاتژمێر بینرابوو. لە ٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ زنجیرەکە بۆ وەرزی دووەم نوێکرایەوە.[٤] دوای تاقیکردنەوەیەکی زانستی شکستخواردوو، قوتابخانەیەکی ئامادەیی ناوچەکە پڕ دەبێت لە زۆمبی و خوێندکارە گیریخواردووەکان خەبات دەکەن بۆ ئەوەی بژین. بەھۆی نەبوونی خواردن و ئاو، و پچڕانی پەیوەندی لەلایەن حکوومەتەوە، دەبێت ئامێرەکان لە دەوروبەری قوتابخانەکە بەکاربھێنن بۆ ئەوەی لە ناوەڕاستی گۆڕەپانی شەڕدا خۆیان بپارێزن یان دەبنە بەشێک لە تووشبووەکان. زنجیرەکە بەھۆی دووبارە بڵاوبوونەوەی پەتای جیھانیی کۆڤید-١٩ لە کۆریای باشور لە مانگی ئابی ٢٠٢٠ بەرھەمھێنانی بۆ ماوەیەکی کاتی ڕاگیرا.[٥] ماڵپەڕی کۆکەرەوەی پێداچوونەوەکان ڕاتن تۆمەیتۆز بە پشتبەستن بە ٢٣ پێداچوونەوە، ڕیزبەندی پەسەندکردنی ٨٧٪ی ڕاگەیاندووە، بە تێکڕای ڕیزبەندی ٦٬٩٠/١٠.[٦] مێتاکریتیک بە پشتبەستن بە پێداچوونەوەکانی ٥ ڕەخنەگر، تێکڕای نمرەی قورسایی ٦٧ لە کۆی ١٠٠ی پێبەخشیوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ «پێداچوونەوەی بەگشتیی لەبار».[٧] ئای جی ئێن زنجیرەکەی بە ٧ لە کۆی ١٠ ھەڵسەنگاند و ئاماژەی بەوەدا کە زنجیرەکە «زیرەکی و ورووژێنەرە».[٨] ڤارایتی ستایشی زنجیرەکەی کردووە و ڕای گەیاندووە کە «زۆرترین سوود لە شوێنی ناوەندی کابوساوییەکەی وەردەگرێت بۆ کاریگەرییەکی جیھانی دیکە و سەرسووڕھێنەر». زنجیرەکە بەگشتی پێداچوونەوەی ئەرێنی وەرگرت بەھۆی نمایشەکانی و سیناریۆ و زنجیرە ئەکشنەکانی، ھەرچەندە ماوەی درێژخایەنی نمایشکردنی ڕەخنەی لێگیرا.[٩]
ڕۆڵەکان
[دەستکاری]- یون چان-یۆنگ وەک لی چۆنگ-سانگ، خوێندکاری پۆلی ٢–٥، دراوسێی ئۆن-جۆ و ھاوڕێی منداڵییەتی.[١٠]
- پارک جی-ھوو وەک نام ئۆن-جۆ، خوێندکاری پۆلی ٢–٥، دراوسێی چیۆنگ-سانە و ھاوڕێی منداڵییەتی.
- چۆ یی-ھیون وەک چۆی نام-را، سەرۆکی پۆلی ٢–٥.
- لۆمۆن وەک لی سوو-ھیۆک، خوێندکارێکی پۆلی ٢–٥ کە تاوانبارێکی پێشووی چاکسازیکراوە.
- یۆ ئین-سو وەک گوی-نام، تاوانبارێکی قوتابخانەیە، کە خوێندکاری پۆلی ٢–١ و دژبەری سەرەکی زنجیرەکەیە.
- کیم بیونگ-چول وەک لی بیۆنگ-چان، مامۆستای زانستی ژیانە لە ئامادەیی ھیۆسان و دروستکەری ڤایرۆسەکە، وەک دژبەری سەرتاسەری زنجیرەکە خزمەت دەکات. سەرەتا وەک توێژەر لە کۆمپانیایەکی دەرمانسازی کاری کردووە بەڵام وازی لە کارەکەی ھێناوە.
ئەڵقەکان
[دەستکاری]زنجیرەی ھەموومان مردووین لە یەک وەرز پێکھاتووە و دوازدە ئەڵقەی ھەیە و ماوەی نمایشکردنەکەی ٥٣ بۆ ٧٢ خولەکە. زنجیرە تەواوەکە لە ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ لە سەرجەم بازاڕەکانی جیھانی نێتفلێکس بڵاوکرایەوە.[١١] سەرەتایی ڕووداوەکان لەم زنجیرەیە لەوێوە ڕوودەدات، کە کۆمەڵێک خوێندکاری چەوسێنەر لەسەربانی قوتابخانەیەکەوە یەکێک لە خوێندکارەکانی فڕێ دەدەنە خوارەوە، پاشان کە دەبردرێت بۆ نەخۆشخانە، لەوێدا باوکی سەردانی دەکات، و پاشان پێی دەزانێت کە ڤایرۆسێک تووشی کوڕەکەی بووە، لەوێوە دوابەدوا ڕووداوەکان دەست پێدەکات و ڤایرۆسەکە ھەموو شارەکە دەگرێتەوە، و حکوومەت ھێڵی پەیوەندییەکان دەپچڕێنێت، و دەبێت خوێندکارەکان خۆیان لە قوتابخانەکە دەرباز بکەن، یان دەبێت ببنە زۆمبی.
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ^ https://www.gmanetwork.com/news/lifestyle/hobbiesandactivities/820041/here-s-why-you-should-definitely-watch-the-korean-zombie-series-all-of-us-are-dead/story/
- ^ https://www.marca.com/en/lifestyle/tv-shows/2022/01/29/61f55cb922601d617d8b45b1.html
- ^ https://www.whats-on-netflix.com/news/zombie-k-drama-all-of-us-are-dead-season-1-what-we-know-so-far-01-2022/
- ^ https://deadline.com/2022/06/all-of-us-are-dead-renewed-season-2-netflix-1235038221/
- ^ https://deadline.com/2020/04/netflix-all-of-us-are-dead-korea-series-zombie-1202906726/
- ^ https://www.rottentomatoes.com/tv/all_of_us_are_dead/s01
- ^ https://www.metacritic.com/tv/all-of-us-are-dead
- ^ https://www.ign.com/articles/all-of-us-are-dead-review-netflix-zombies
- ^ https://variety.com/2022/tv/news/all-of-us-are-dead-review-netflix-1235165425/
- ^ https://entertain.naver.com/now/read?oid=629&aid=0000125921
- ^ https://www.nationalworld.com/culture/all-of-us-are-dead-netflix-release-date-cast-and-trailer-of-south-korean-school-zombie-attack-drama-3545992
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە ھەموومان مردووین (زنجیرەی تەلەڤیزیۆنی) تێدایە. |