کارەساتی زۆمبی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
کۆمەڵێک ئەکتەر کە جل و بەرگی زۆمبییان لەبەر کردووە بۆ فیلمێک

کارەساتی زۆمبی (بە ئینگلیزی: Zombie apocalypse) ژانەرێکی خەیاڵییە و لە بەرھەمە ھونەرییەکانی ئەم شێوازەدا شارستانێتی مرۆڤایەتی بەھۆی قەرەباڵغی و پەرشوبڵاوی زۆمبییەکانەوە دەڕووخێت. بە شێوەیەکی ئاسایی لە بەرھەمەکانی ئەم شێوازەدا، تەنیا چەند تاکێک یان کۆمەڵەیەکی بچووک لە ڕزگاربووان لە ژیاندا دەمێننەوە. لە ھەندێک بەرھەمی ھونەریدا ھۆکاری دەرکەوتن و ھێرشی مردووەکان نادیارە و ئەمەش وا دەکات ھەموو دۆخەکە ڕوون نەکرێتەوە. لە ھەندێک بەرھەمی تردا مشەخۆرێکی دیاریکراو یان ھەوکردن وەک ھۆکاری سەرھەڵدانی زۆمبییەکان ناسێنراوە. لە ھەندێک بەرھەمی ئەم ژانرەدا ھەر لاشەیەک بەبێ گوێدانە ھۆکاری مردنەکەی دەبێتە زۆمبی، لە ھەندێکی تردا تەنھا ئەو کەسانەی تووشی ڤایرۆسەکە بوون دەبنە زۆمبی. لە ھەردوو حاڵەتدا خزمەتگوزارییە سەرەتایییەکانی وەک ئاو و کارەبا، میدیای گشتی ڕادەگیرێن و ھێزە چەکدارەکان و حکوومەتەکان دەڕووخێن یان خۆیان دەشارنەوە. لەم شێوازەدا بەزۆری ڕزگاربووان لە جیھانێکی جیاوازدا دەست دەکەن بە گەڕان بەدوای خۆراک و چەک و پێداویستییەکانی دیکەدا. بەزۆری "ناوچەیەکی سەلامەت" ھەیە کە تووشنەبووەکان دەتوانن پەنا ببەن و سەردەمێکی نوێ دەستپێبکەن، بەزۆری لەلایەن ڕزگاربووانی دیکە یان حکوومەتەوە دەپارێزرێت. بەپێی توێژینەوە پەتازانییەکان لە زانکۆی کارلێتۆن، دەرکەوتنی زۆمبییەکان دەتوانێت شارستانییەتەکانی مرۆڤ بخاتە خوارەوە و لە کۆتاییدا ببێتە ھۆی لەناوچوونی مرۆڤ. پەیمانگای زۆمبی بۆ لێکۆڵینەوە تیۆرییەکان (ZITS) پڕۆژەیەکی توێژینەوەیە لە زانکۆی گلاسکۆ. ئامانجی ئەم پڕۆژەیە بەکارھێنانی زانستە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە چاوەڕوانی چی بکرێت لە ئەگەری ڕوودانی کارەساتی زۆمبی ڕاستەقینە.[١] زۆربەی ئەم لێکۆڵینەوەیە بۆ پووچەڵکردنەوەی بیروباوەڕی باو سەبارەت بە کارەساتی زۆمبی بەکاردەھێنرێت. لە ١٨ی ئایاری ٢٠١١، سەنتەری کۆنتڕۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشی (CDC) بابەتێکی بەناونیشانی ئامادەکاری ١٠١: زۆمبی ئەپۆکالیپس بڵاوکردەوە، کە ئامۆژگاری دەخاتە ڕوو بۆ چۆنییەتی خۆئامادەکردن بۆ ڕزگاربوون لە ھێرشی زۆمبی.[٢] ئەم بابەتە بانگەشەی ئەوە ناکات کە زۆمبی یان نزیکە، بەڵام دەڵێت: «ڕاستە!، وتم ئەپۆکالیپسی زۆمبی ئەگەری ھەیە.[٣] ڕەنگە ئێستا پێبکەنیت، بەڵام کاتێک ڕوودەدات دڵخۆش دەبیت کە ئەمەت خوێندووەتەوە». لە بەڵگەنامەیەکی نھێنی نەکراودا بە ناوی "CONOP 8888"، ئەفسەرانی فەرماندەیی ستراتیژی ئەمریکا سیناریۆی کارەساتی زۆمبییان وەک مۆدێلێکی ڕاھێنان بۆ ئۆپەراسیۆنە فریاگوزارییەکان و ئامادەکاری بۆ وەڵامدانەوەی کارەساتەکانی وەک لافاو، بوومەلەرزە، گڕکان و زۆر شتی تر بەکارھێناوە، ئەوان حاڵەتی وەک ئەمانەیان بەکارھێناوە.[٤] یەکەم ئیلھامبەخش بۆ ئەم ژانرە ڕۆمانی من ئەفسانەم لە ساڵی ١٩٥٤ی ڕیچارد ماتیسۆن بوو کە چیرۆکی ڕزگاربووێکی تاقانە بە ناوی ڕۆبەرت نێڤڵ دەگێڕێتەوە. ڕۆمانەکە وەرگێڕدراوە بۆ چەندین سیناریۆ، لەوانە دوا ڕۆمانی پیاوی سەر زەوی (١٩٦٤) کە ڤینسێنت پرایس ڕۆڵی سەرەکی تێدا گێڕاوە، ئۆمیگا مان (١٩٧١) کە چارڵتۆن ھێستۆن ڕۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت و فیلمی من ئەفسانەم لە ساڵی ٢٠٠٧ کە ویڵ سمیت ڕۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت، وەرگێڕدراون.[٥] کارەکتەری ئەم جۆرە بەرھەمانە بەزۆری کۆمەڵێک لە ڕزگاربووانن کە لەناکاو لەم کارەساتە گیردەخۆن. ڕەفتارانەکانی وەک ترس و فشار و کاردانەوەی ڕزگاربووان، بابەتی سەرەکی ئەم بەرھەمانەن. بەگشتی زۆمبییەکان لەم بارودۆخانەدا خاون و تێگەیشتن و زیرەکییان نییە. ئەمانە بۆ یەکەمجار لە فیلمی شەوی مردووە زیندووەکان لە ساڵی ١٩٦٨دا وێنا کراون؛ بەڵام کارە بینراوەکانی دواتر کە لە دەیەی ٢٠٠٠دا دروستکراون زۆمبییەکان نیشان دەدەن کە چالاکیتر و خراپتر و زیرەکتر و بەھێزترن لە زۆمبییەکانی پێشووتر. جگە لەوەش لە یارییە ڤیدیۆیییەکانی وەک نیوە ژیان بەشی ٢ و دوایینی ئێمە جۆرە تایبەتەکانی زۆمبی توانای تایبەتیان ھەیە وەک توندوتیژی و بازدان و ھێز و خێرایی و دڕندەیی بەھۆی ھۆکارەکانی وەک گۆڕانی بۆماوەیی.

پێڕستی چەند فیلم و زنجیرەیەک لەسەر ئەم چەشنە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]