ھەبوون

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search

ھەبوون بە گشتی ئەو قەبوڵکردنەیە کەوا شتێک بابەتیانە ھەبێت بەبێ ئەوەی پەیوەندی بە بوونی کەسێکەوە ھەبێت. مادەییەت (فەلسەفەی ماددی) بانگەشەی ئەوە دەکات ھەموو ئەو شتانەی ھەن تەنھا مادە و وزەن، کە ھەموو شتەکان لە ماددە دروست بوون و ھەموو کردارەکان پێویستان بە وزە ھەیە و ھەموو دیاردەکان دێنە کایەوە (تەنانەت ھۆشداریش) لە دەرئەنجامی کارلێک کردنی نێوان ماددەکان.[١]

پێناسەییەکی وردی بوون یەکێکە لە گرنگترین و سەرەکیترین بابەتەکانی ئەنتۆلۆجی کە ئەنتۆلۆجی بریتییە لە زانست و فەلسەفەی لێکۆڵینەوە دەربارەی بوون یان ڕاستی بە شێوەیەکی گشتی و ھەروەھا پۆلە جیاوازەکانی بوون و پەیوەندیان پێکەوە.

بە شێوەیکی گشتی ئەنتۆلۆجی وەک بەشێکی سەرەکی لە فەلسەفەی دەرەوەی سروشت (دەرەوەی فیزیا) ھەژماردەکرێت. ئەنتۆلۆجی ھەوڵی ڕوون کردنەوەی ئەم پرسیارانە دەدات: چ قەوارەیەک یان شتێک بوونیان ھەیە یان دەکرێت بوترێت کە بوونیان ھەیە، چۆن ئەو شتانە یان ئەو قەوارانە دەکرێت پۆلێن بکرێن، خشتە بکرێن یان جیا بکرێنەوە بەپێی لێکچوون و جیاوازییەکانیان.

سەرچاوەی زمانەوانی[دەستکاری]

وشەی "بوون" (بە ئینگلیزی: Existence) لە وشەی لاتینی "Exsistere" ھاتووە کە بە واتای دەرکەوتن، سەرھەڵدان یان ھاتنەکایەوە دێت.[٢][٣]

بۆچوونە مێژووییەکان[دەستکاری]

لە دابونەریتە فەلسەفییەکانی ڕۆژئاوادا، سەرەتاترین و یەکەمین چارەسەرە وردەکان دەربارەی بابەتەکە لەلایەن فەیلەسوف و نووسەر پلۆتۆ لە بەرھەماکانی (Phaedo، Republic و Statesman) وە ئەرستۆ لە بەرھەمی (Metaphysics) دا دەردەکەوێت، ھەرچەندە پێشووتر چەند نووسینێکی کەم و پچر پچر بوونیان ھەبووە بەڵام ھیچیان وەکو ئەو دوو نووسەرە تێر و تەسەل و قووڵ نابنەوە دەربارەی پرسیاری بوون و بوونگەرایی. ئەرستۆ ھەستا بە پەرەدان بە بیردۆزێکی ورد و تێروتەسەل دەربارەی بوون کە پێی وابوو تەنھا شتە تاکەکان (کە ناوی دەنا بە ماددە) بە تەواوی بوونیان ھەیە بەڵام شتەکانی دی وەک پەیوەندی، بڕ، کات و شوێن (کە ناوی دەنا بە بەشەکان) بوونێکی داتاشراویان ھەیە و بەندن لەسەر شتە تاکەکان (ماددەکان). لە بەرھەمی (دەرەوەی سروشت - Metaphysics)ی ئەرستۆ، چوار ھۆکاری بوون ھەن: ھۆکاری مادی، ھۆکاری فەرمی، ھۆکاری چوستی و ھۆکاری کۆتایی.

پلاتۆنیە نوێیەکان (ئەوانەی لەسەر ڕێچکەی بیرۆکەکانی پلاتۆ دەرۆن) و ھەندێک لە فەیلەسوفە مەسیحییەکان مشتومڕیان لەسەر ئەوە دەکرد کە ئایا بوون ھیچ ڕاستییەکی ھەیە تەنھا لە مێشکی خودا خۆی دا نەبێت. ھەندێکی تریان پێیان وابوو کە بوونی دونیا و شەیتان و جەستەی زیندوو تەڵە و خەیاڵێکە بۆ لەخشتەبردنی مرۆڤی لاواز و دوورخستنەوەی لە خودا. فەیلەسوفی چاخەکانی ناوەڕاست، تۆماس ئەکواینس باوەڕی وابوو کە خودا بوونەوەرێکی پوخت و ڕەسەنە، وە لە خودادا ناوەڕۆک و بوون ھەمان شتن.[٤] ھەر لە ھەمان سەردەم دا، فەیلەسوف ویڵیەم لە کتێبی یەکەم لە بەرھەمی (Summa Totius Logicae - Treatise on all Logic – تێزێک دەربارەی ھەموو ژیربێژییەکان) گفتوگۆی لەسەر ئەوە دەکرد کە بەشەکان خۆیان شێوەیەک نیین لە بوون بەڵکو داتاشراوەن لەسەر بوونی تاکەکان (ماددەکان).

فەلسەفەی نوێ[دەستکاری]

دەیڤد ھیوم پێی وابوو کە بانگەشەی زیادکردنی بوونی شتێک بۆ چەمکی شتی ڕاستی، ھیچ سوودێکی نییە بۆ چەمکەکە. بۆ نموونە، ئەگەر چەمکێکی تەواوی مۆسا بێنینە کایەوە، ھەستین بە زیادکردنی ئەوەی کە موسا بوونی ھەبووە یا ن نا بۆ چەمکەکە ئەوا ھیچ زانیارییەکی نوێ یان بەسوودمان زیادنەکردووە بۆ چەمکی موسا. کانت پێی دادەگرت لەسەر ئەوەی کە بوونی شتێک واتای "ڕاستی" بوونی ئەو شتە نییە و بەڵام ھیچ ڕوونکردنەوە و زانیارییەکی زیاتری ئاشکرا نەکرد کە چۆن دەکرێت پێناسەی "بوون" بکرێت.

شۆپنھاوەر باوەڕی وابوو کە "ھەموو شتێک بوونی ھەیە بۆ زانیاری، بۆیە تەواوی ئەم دونیایە پەیوەستە بە خود و بکەرەکەیەوە، یان کە شێواز و چۆنیەتی بینین لەلایەن بکەرەکەوە."[٥] بە بیروبۆچوونی ئەو "ھیچ بابەتێک بوونی نییە بەبێ بکەر" لەبەر ئەوەی "ھەموو بابەتێک دارێژراو و داتاشراوە لەسەر زانیارییەکان و دیدگەی خودی تاکەکەس، بە شێوە و بۆچوونی تایبەت بە خۆی."

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگی <ref> ھەڵە؛ ھیچ دەقێک بۆ ژێدەری ZaltaEN نەدراوە
  2. ^ داڕێژە:OEtymD
  3. ^ داڕێژە:OEtymD
  4. ^ The Buddhist Publication Society. "The Three Basic Facts of Existence". لە ڕەسەنەوە ئەرشیڤ کراوە لە ٩ی تەممووزی ٢٠١٩. لە ڕێکەوتی ٢٠٠٩-٠٧-١٤ ھێنراوە. (ref.1) Change or impermanence is the essential characteristic of all phenomenal existence. We cannot say of anything, animate or inanimate, organic or inorganic, "this is lasting"; for even while we are saying this, it would be undergoing change. All is fleeting; the beauty of flowers, the bird's melody, the bee's hum, and a sunset's glory. 
  5. ^ Marenbon، John (٢٠٠٦). Medieval Philosophy: An Historical and Philosophical Introduction. Routledge. پەڕەکان ٢٣٩. ISBN 978-1-134-46183-7.