گیۆرگ زیمۆن ئۆم

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
گیۆرگ زیمۆن ئۆم

گیۆرگ زیمۆن ئۆم (ماوەی ژیان: لە ١٦ی ئازاری ساڵی ١٧٨٩ - ٦ی تەمموزی ١٨٥٤) لە ویلایەتی باڤاریا لەباشووری ئەڵمانیا لەدایکبووە، زانایەکی ئەڵمانی بووە لەبواری فیزیادا و تایبەتبووە بەزانیاری گشتی و فیزیا بەتایبەتی و لەژمارەیەک لە پەیمانگاکان وانەی وتۆتەوە دواترینیان لە میونخ بووە.

باوکی خەریکی دروستکردنی قوفڵی ئاسنین بووە، دایکیشی کجە بەرگدروو بووە و ھەردووکیشیان زانکۆیان تەواو نەکردووە، بەڵام باوکی خۆی فێری خوێندەواری کردووە و لەکاتی خوێندندا یارمەتی مناڵەکانی داوە، کاتێک کە منداڵ بووە ژمارەیەک لە خوشک و براکانی کۆچی دواییان کردووە و تەنھا خوشک و برایەکی ماونەتەوە براکەشی دواتر بووە بە زانا لەبواری بیرکاریدا.

ئۆم کاتێک کە تەمەنی ١٠ ساڵان بووە دایکی کۆچی دوایی کردووە، ھەر بۆیە باوکی لەمنداڵیەوە فێری خوێندن و زانستی کردووە و بە ئاستێکی بەرزی گەیاندووە لەڕۆشنبیری و بۆتە زانا لەبورای فیزیادا، لەتەمەنی ١١ ساڵیەوە تاکو تەمەنی ١٥ ساڵی لەناوەندی ئەرلنجن خوێندۆێتی، لەسەدەی نۆزدەھەمدا تاقیکردنەوەیەکی بۆ پێوانەی گۆڕانکاری ئەو ھەوڵە کارەباییە کردووە کە بەووزەی سووڕی کاره‌بادا تێپەڕدەبێت.

ئۆم بیرۆکەی بیرکاری بۆ وزەکانی کارەبا داھێناوە و لەکتێبێکدا بڵاویکردۆتەوە، یاسایەکی لە کارەبادا دۆزیوەتەوە و بەناو خۆیەوە ناونراوە، یەکەی پێوانەیی بەرەنگاربوونەوەی داناوە کە بە یۆنانی پێی ئەوترێت ئۆمیگا و بەناو خۆشێوە ناونراوە.

جۆرج سیمۆن ئۆم بڕوانامەی دکتۆرای لە فیزیادا بەدەستھێناوە و ساڵی ١٨٤١ لەلایەن کۆمەڵگەی شاھانەی لەندەنەوە میدالیای کۆبڵی پێدراوە و لە ٦ی تەممووزی ساڵی ١٨٥٤ لە تەمەنی ٦٥ ساڵیدا لە ئەڵمانیا کۆچی دوایی کردووە.

سەرچاوە[دەستکاری]