کار (ڕێزمان)

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

کار، کردار، کردە، کاروشە (بە ئینگلیزی: verb) بریتییە لە وشەیەک کە بەڕێوەچوونی کار یان بارودۆخێک لە ڕابردوو، ئێستا یان داھاتوودا نیشان دەدات.[١]
بە واتایەکی تر، کار ئەو بەشە لە ڕستەیە کە ڕوودانی کار یان بارودۆخێک، لە کاتێکی دیاریکراودا نیشان دەدات. (وەک: خوێندم، بردبووم، دەمبرد، لێدرابام)[٢]

ھەر کارێک لە زمانی کوردیدا ھەڵگری پێنج چەمکە:

  1. کات (ڕابردوو، ئێستا، داھاتوو)
  2. کەس (یەکەم کەس، دووھەم کەس و سێھەم کەسی تاک و کۆ)
  3. دۆخ (دۆخی ھەواڵی، دۆخی ھاوڕایی، دۆخی مەرجی، دۆخی دەستووری، دۆخی ڕاڤەیی)
  4. کرانی کار یان ڕوودانی دۆخێک
  5. نواند (نموود) لە ھەر کاروشەیەکدا بەشێکی نەگۆڕ و چەقبەستوو ھەیە کە واتای بنەڕەتی کار دەگەیێنێ، ئەم بەشە ڕەگ یان بنەکارە. ھەر کاروشەیێ دوو جۆر ڕەگی ھەیە:
  • ڕەگی ڕابردوو
  • ڕەگی ئێستا

پێکھاتەی کار[دەستکاری]

لە زمانی کوردیدا، لە باری پێکھاتەوە ٦ جۆر کارمان ھەیە:[٣]

  1. کاری سادە: کارێ کە چاوگەکەی لە یەک وشە پێک ھاتبێ؛ وەک: ھێنان، ھاتن، بردن، کێشان، چوون، گەڕان
  2. کاری پێشگردار: کارێ کە چاوگەکەی لە پێشگرێک و چاوگێکی سادە پێک ھاتبێ؛ وەک: ھەڵچوون، داھێنان، ڕابردن، وەرگەڕان، ھەڵکێشان
  3. کاری لێکدراو: کارێ کە چاوگەکەی لە ناو یان ئاوەڵناو و چاوگێک پێک ھاتبێ و واتایەکی سەربەخۆ بدات؛ وەک: فێربوون، ڕووت کردن، قسەکردن، کۆڵدان
  4. کاری پێشگرداری لێکدراو: کارێکی پێشگردار کە لەگەڵ وشەیەکی تر تێکەڵ دەبێ و واتایەکی سەربەخۆ دروست دەکا؛ وەک: سەر دەرھێنان، خۆڕێخستن، گیان دەرچوون[٤]
  5. دەستەواژەی کار: بە دەستە وشەیێ دەگوترێ کە پێکەوە واتایەکی سەربەخۆ پێک دەھێنن. وەک: لە پێ دەرھاتن، بە سەر بردن، لێ دەر کردن، لە بەر چاو کەوتن، لە بەر چاو گرتن
  6. کرداری تێنەپەڕی یەک کەسە: مەبەست ئەو کردارانەیە کە بە شێوەی تێنەپەڕ و تەنیا لە پێکھاتەی سێھەم کەسدا بەکار دێن و لە باتی ناسە، جێناوی لکاوی بەرکاری و زیادی، کەسی کارەکە دەردەخات؛ وەک: حەزم کرد، ساردت بوو، گەرمتە، تینووتە

کاری تێپەڕ و تێنەپەڕ[٥][دەستکاری]

  • کرداری تێپەڕ: بریتییە لە کارێ کە ئاکامەکەی ڕوو لە بەرکار دەکا[٦] و بێ بوونی بەرکار واتاکەی تەواو نابێ و پێویستی بە بەرکارە؛ وەک: خواردن (نان)، بردن (نامە)، شۆردن (کەوچک)، کڕین (کەلپەل)
  • کاری تێنەپەڕ: ئەو کارانەی کە بێ بەرکار واتاکەیان تەواوە و پێویستیان بە بەرکار نییە؛ وەک: خەوتن، ڕۆشتن، ھاتن، کەوتن، مردن،

کاری دیار و نادیار[٧][دەستکاری]

  • کاری دیار: کردارێ کە بکەرەکەی دیار بێ، وەک: نووسی، بردم، خوێندمان. بکەرە: (ئەو)، (من) و (ئێمە)
  • کاری نادیار: کارێ کە بکەرەکەی نادیار بێ، وەک: خوردرا، کێشرا، نووسرا

کاری ڕابردوو[دەستکاری]

ئەم کردارانەی ئاماژە بە ئەنجام بوونی کارێک لە ڕابردوو دەکەن. لە زمانی کوردیدا چەندین جۆر کاری ڕابردوومان ھەیە کە سەرەکی ترینیان بریتییە لە:
ڕابردووی نزیک، ڕابردووی تەواو، ڕابردووی دوور، ڕابردووی بەردەوام، ڕابردووی ھاوڕایی، ڕابردووی دوورتر،

ڕابردووی نزیک[دەستکاری]

ڕابردووی سادە یان ڕابردووی نزیک[٨] لە ڕەگی ڕابردوو + جێناوی لکاو دروست دەبن. وەک: (خواردم، خواردت، خواردی، خواردمان، خواردتان، خواردیان)

ڕابردووی تەواو[دەستکاری]

ڕابردووی تەواو لە (ئاوەڵناوی بەرکاری+ جێناوی لکاو"+ە") پێک دێت. وەک: (خواردوومە، خواردووتە، خواردوویە، خواردوومانە، خواردووتانە، خواردوویانە)

ڕابردووی دوور[دەستکاری]

ڕابردووی دوور ئاماژە بۆ ڕابردوویەکی دوور دەکا. لە (ڕەگی ڕابردووی چاوگ+ گەردانی بوون(؛ وەک: (خواردبووم، خواردبووت، خواردبووی، خواردبوومان، خواردبووتان، خواردبوویان)

ڕابردووی بەردەوام[دەستکاری]

ئەم کردارە بەردەوامی کارێک لە ڕابردوودا نیشان دەدات و لە (دە/ئە+جێناوی لکاوی بکەر+ ڕەگی ڕابردوو) وەک: (دەمخوارد، دەتخوارد، دەیخوارد، دەمانخوارد، دەتانخوارد، دەیانخوارد)

ڕێنووسی کاری پێشگردار و لێکدراو[٩][دەستکاری]

  • پێشگرەکانی (ڕا، ھەڵ، وەر، دا، وە، دەر، ڤە، تێ، پێ، لێ و...) کاتێ دەچنە سەر چاوگ یان کار، پێیانەوە دەلکێن بە مەرجێ کە جێناوی لکاو نەکەوێتە نێوانیانەوە، وەک:

ھەڵکردن، ھەڵگرتن، داخستن، دابڕین، داوەرین، وەرگێڕان، دەرھێنان، ڤەکردن، وەدیتن، لێخستن، پێکەوتن

  • پێشگرەکانی (ڕا، ھەڵ، وەر، دا، وە، دەر، ڤە) کاتێ دەچنە سەر کار و جێناوی لکاو دەکەوێتە نێوانیان، بە جیا دەنووسرێن، و جێناوەکە دەلکێ بە پێشگرەکەوە، وەک:

ھەڵم گرت، دام خست، دایان بڕە، دەری ھێنا، دام وەراند، پێم دەکەوت، لێی خست

  • لە چاوگی لێکدراودا، پێشوشە بە چاوگی سادەوە دەلکێ، وەک:

ڕێخستن، ڕێککەوتن، دەسخستن، ناوبردن، پێکھێنان

  • لە کاری لێکدراودا، بە جیا دەنووسرێن، وەک:

ڕێکم خست، دەریان ھێنا، ناویان برد، ڕێک کەوتین، یەکیان گرت

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ فەرھەنگی فارسی-کوردیی زانستگای کوردستان
  2. ^ http://fa.wikipedia.org/wiki/فعل
  3. ^ http://fa.wikipedia.org/wiki/فعل
  4. ^ کتێبی (دستور زبان فارسی ٢، دکتر حسن انوری و دکتر حسن احمدی گیوی - انتشارات فاطمی)
  5. ^ کتێبی (دستور زبان فارسی ٢، دکتر حسن انوری و دکتر حسن احمدی گیوی - انتشارات فاطمی)
  6. ^ فەرھەنگی فارسی-کوردیی زانستگای کوردستان، سێ بەرگی، لاپەڕەی ١٧٥٧
  7. ^ کتێبی (دستور زبان فارسی ٢، دکتر حسن انوری و دکتر حسن احمدی گیوی - انتشارات فاطمی)
  8. ^ کتێبی ڕێزمانی کوردی، پۆلی دوازدەھەمی ئامادەیی، تێبینی و سەرنج، مامۆستای بابەت: سەباح مەجید، لاپەڕەی ٦
  9. ^ ڕێنووسی یەکگرتووی کوردی، ئامادەکردنی بەدران ئەحمەد حەبیب، ئەندامی کارای کۆڕی زانیاری کوردستان