ڕێژەییخوازی
ڕێژەییخوازی بەو تایبەتمەندییەی ھەندێ لە تیۆرییە فەلسەفییەکان دەوترێ کە وایان لێ دەکا لە ناو بوارەکەی خۆیاندا ئۆبژەییبوونی ڕەھا حاشا بکەن و، بایەخەکان بە گەڕانەوە بۆ ڕوانگەی چاولێکەر و بە گوێرەی بارودۆخ و ھەلومەرج دیاری بکەن. بە پێی ئەم تیۆرییانە، ئەوەی کە چی گرنگ و بەبایەخە و گرنگایەتی و بایەخەکەی چەندە، لە چاولێکەرێکەوە بۆ چاولێکەرێکی تر و، لە ھەلومەرجێکەوە بۆ ھەلومەرجێکی تر، دەگۆڕێ. بە زمانێکی تر، بایەخەکە «ڕێژەیی»یە؛ یەعنی لەگەڵ چاولێکەر یا لەگەڵ ھەلومەرجدا ڕێژەیەک ساز دەکا و، بۆ نرخاندن و ھەڵسەنگاندنی، دەبێ بۆ وان بگەڕێینەوە.[١]
پێچەوانەی ڕێژەیی لە فەلسەفەدا دەتوانێ تێکڕایی یا گەردوونی یا دنیاداگر (universal) بێ. بەڵام، زیاتر «ڕەھا»یە (absolute). وەکوو بابەتێکی فەلسەفی، ڕەھا ئەوەیە کە بێمەرج و سەربەخۆ و لە زاتی خۆیدا پڕ و بێکەموکووڕی و نەگۆڕە، پێچەوانەی ڕێژەیی کە دیاردە لە پەیوەند لەگەڵ دیاردەکانی ترا دەگێڕێتەوە.[٢]
ڕێژەییخوازی شێوەی زۆرە. ڕێژەییخوازیی ئەخلاقی باسی ئەو جیاوازییانە دەکا کە لە نێوان مرۆڤەکان و کولتوورەکاندا ھەیە دەرھەق بە کار و کردەوەی ڕەوا و ناڕەوا. ڕێژەییخوازیی ماریفەتناسانە ئەوەیە کە دەڵێ پاساو و باوەڕ و ماریفەتی ڕەھامان نییە و، ئەمانە ھەموو ڕێژەیین و ھەڵواسراوی ئەو ڕوانگەیەن کە لێیەوە ھەڵدەسەنگێنرێن. ڕێژەییخوازیی فەکتمەند (factual relativism) ئەو ڕێبازەیە کە دەڵێ ڕاستی ھەرگیز ڕەھا نییە و، ھەمیشە لەگەڵ ئەو چوارچێوەیەی لێیەوە سەرچاوە دەگرێ، وەک زمان یا کولتوور، ڕێژە دروست دەکا.[١]
یەکێ لەو بەڵگانەی دژی ڕێژەییخوازی دەھێندرێتەوە و زۆریش بەبرەوە ئەمەیە کە دەڵێ ڕێژەییخوازی خۆپووچەڵکەرەوەیە. یانی ھەر بە دەستی خۆی، خۆی پووچەڵ دەکاتەوە: بانگەوازی ڕێژەییخوازی ئەمەیە کە «ھەموو شت ڕێژەیییە». خودی ئەم وتەیە، یا ڕێژەیییە یا ڕەھایە، ناتوانێ بەدەر لەم دووانە بێ. ئەگەر ڕێژەیییە، مانای ئەوەیە کە تەنیا لە ڕوانگەی بێژەرەوە ڕاستە، نەک ھەمیشە. وە ھەر بەم بۆنەوە ناتوانێ بوونی وتە ڕەھاکان بەتەواوی حاشا بکات. ئەگەریش ڕەھایە، دەی ئەوە ئیتر خۆی نموونەیەکە لە وتەی ڕەھا و ئیسپاتی ئەوەیە کە ھەموو ڕاستییەکان ڕێژەیی نین.[٣]
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- 1 2 Baghramian، Maria؛ Carter، J. Adam (٢٠٢٥)، Zalta، Edward N.؛ Nodelman، Uri (eds.)، «Relativism»، The Stanford Encyclopedia of Philosophy (چاپی Spring 2025)، Metaphysics Research Lab, Stanford University، لە ٢٦ی تەممووزی ٢٠٢٥ ھێنراوە
- ↑ بابایی، پرویز. فرھنگ اصطلاحات فلسفە. لاپەڕە ٥.
{{cite book}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: خاڵبەندیی زیادە (بەستەر) - ↑ Keith Dixon. Is Cultural Relativism Self-Refuting? (British Journal of Sociology, vol 28, No. 1)