ڕۆژی جیھانیی زمانی دایکی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ڕۆژی یەکشەممە لە شاری خولنا بۆ ڕێزگرتن لە شەھیدانی زمان لە یادی ڕۆژی جیھانی زمانی دایکیدا، ١٠ ھەزار مۆم داگیرسێندرا. ٢١ی شوبات ڕۆژی یادکردنەوەی ئەو گەنجانەیە کە لە ساڵی ١٩٥٢دا بە تەقەی ڕاستەوخۆی پۆلیس کوژران، ئەویش لە خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتی خوێندکاران بوو لە کەمپی زانکۆی داکا و داوای بە فەرمیکردنی زمانی بەنگلایان دەکرد وەک زمانی دەوڵەت. یوونێسکۆ لە ساڵی ١٩٩٩ ئەو ڕۆژەی وەک ڕۆژێکی نێودەوڵەتیی زمانی دایک ناساند.

ڕۆژی جیھانیی زمانی دایک دەکەوێتە ٢١ی شوباتی ھەموو ساڵێک. ئامانج لەم ڕۆژە بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیارییە بەرامبەر فرەزمانی و فرەفەرھەنگی لە جیھاندا. ئەم ڕۆژە یەکەمجار لە ١٧ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٩٩ لەلایەن ڕێکخراوی یونێسکۆوە ڕاگەیەندرا. ساڵی ٢٠٠٨یش ئەنجومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوانیی خۆی بۆ چالاکییەکانی ئەو ڕۆژە پیشان دا و ساڵی ٢٠٠٨یشی کردە ساڵی نێودەوڵەتیی زمانەکان.

ڕۆژی جیھانیی زمانی دایکی لە ڕۆژی بزاڤی زمانی ساڵی ١٩٥٢ی بەنگلادیش (ڕۆژھەڵاتی ئەوسای پاکستان بەر لە سەربەخۆیی)ەوە سەرچاوەی گرتووە. ساڵی ١٩٥٢ ژمارەیەک قوتابیی زانکۆی داکا کە دژی سیاسەتی زمانیی دەوڵەتی پاکستان ناڕەزایییان دەردەبڕی، بە دەستی ھێزەکانی پۆلیس و سوپای پاکستان کوژران.[١]

سەرچاوەکان[دەستکاری]