بۆ ناوەڕۆک بازبدە

پەیماننامەی نێونەتەوەییی نەھێشتنی ھەموو شێوەکانی جیاکاریی ڕەگەزی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

پەیماننامەی نێونەتەوەییی نەھێشتنی ھەموو شێوەکانی جیاکاریی ڕەگەزی (بە ئینگلیزی: International Convention on the Elimination of All Forms of Racial Discrimination) پەیماننامەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکانە. نەوەی سێیەمی کەرەستەکانی پارێزگاریی مافەکانی مرۆڤ پێکدەھێنێت، پەیماننامەکە ئەندامەکانی پابەند دەکات بە جێبەجێکردنی سڕینەوە و نەھێشتنی جیاکاریی ڕەگەزی و ھاندانی تێگەیشتن لەنێوان ھەموو نەژاد و ڕەگەزەکان. ھەروەھا داوا لە لایەنەکانی پەیماننامە دەکات گوفتاری ڕقوکینە بە نایاسایی بناسێنن لە وڵاتەکانیان و ئەندامێتی لە ڕێکخراوە ڕەگەزپەرستییەکان بکەنە تاوان.[١][٢]

بەھەمان شێوە پەیماننامەکە ڕێکارێکی سکاڵای تاکەکەسیش لەخۆدەگرێت کە وای لێ دەکات بەسەر لایەنەکانی پەیماننامەکە بسەپێنرێت، کە ئەمە بووەتەھۆی ھاتنەکایەی شێوازێکی سنووردار لە لێکدانەوە و شیکردنەوەی پەیماننامەکە.[٣]

پەیماننامەکە لە ڕێکەوتی ٢١ی کانوونی یەکەمی ١٩٦٥ پەسەند کرا و دانرا بۆ واژووکردن لەلایەن ئەنجومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان. لە ڕێکەوتی ٤ی کانوونی دووەم، خرایە بواری جێبەجێ کردنەوە. ھەتا مانگی تەممووزی ٢٠٢٠، ٨٨ واژووکەر و ١٨٢ لایەن لە پەیماننامەکە ھەبوون. پەیماننامەکە لەلایەن دەستەی نەھێشتنی جیاکاریی ڕەگەزی (CERD)ەوە چاودێری دەکرێت.

بنەما سەرەکییەکان

[دەستکاری]

بەندی یەکەمی پەیماننامەکە پێناسەی «جیاکاریی ڕەگەزی» دەکات بە:

«... ھەر جیاکاری، کردنە دەرەوە یان سنووردارکرنێک بە ھۆکاری ڕەگەزی، ڕەنگی پێست، بنەچە، سەرچاوەی نەتەوەیی یان سەرچاوەی ڕەگەزییەوە بێت کە مەبەست لێی پەکخستن یان کەمکردنەوەی بێت لە ناساندن و مامەڵەکردنی نایەکسانانە بەرامبەر بە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنچینەیییەکانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، کولتووری یان ھەر بوارێکی دیکەی کۆمەڵگە.»[٤]

ڕێگرتن لە جیاکاری

[دەستکاری]

بەندی دووەم لە پەیماننامەکە سەرزەنشتی جیاکاریی ڕەگەزی دەکات و لایەنەکان پابەند دەکات بە «ھەوڵدان بە ھەموو ڕێگەیەکی گونجاو و بێ دواکەوتن بۆ دانانی سیاسەتی نەھێشتنی جیاکاریی ڕەگەزی بە ھەموو جۆر و شێوەکانییەوە». ھەروەھا داوا لە لایەنەکانی پەیماننامەکە دەکات ھانی تێگەیشتن لەنێوان ھەموو نەژاد و ڕەگەزەکان بدەن. بۆ بەدەستھێنانی ئەمانە، پەیماننامەکە داوا لە ھەموو واژووکەران دەکات کە:

  • پەیڕەونەکردنی جیاکاریی ڕەگەزی لە دامودەزگا گشتییەکان.
  • نەکردنی پشتگیری و بەرگری لە ھەر کردەیەکی جیاکاریی ڕەگەزی.
  • پێداچوونەوە بە سیاسەتەکان، لەگەڵ ھەموارکردنەوە یان ھەڵوەشاندنەوەی ھەر یاسایەک کە دەکرێت ببێتە ھۆ یان درێژەدان بە جیاکاریی ڕەگەزی.
  • لەڕێی ھەموو کارێکی گونجاو و یاسایییەوە جیاکاریی ڕەگەزی قەدەغە بکرێت لە تاکەکەس، ڕێکخراوە و دامەزراوەکان، لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتانەی پێیان دراوە.
  • ھاندانی کۆمەڵە، جووڵانەوە و چالاکییەکانی دیکە کە بەربەستەکانی نێوان نەژادەکان لادەبەن و سەرزەنشتی دابەشبوونی ڕەگەزی دەکەن.[٥]

لایەنەکانی پەیماننامەکە پابەند کراون بەوەی کە لە کاتی پێویست «سیاسەتی جیاکاریی ئەرێنی» بەکاربێنن بۆ چەند کۆمەڵەیەکی ڕەگەزیی دیاریکراو، بەمەبەستی دڵنیابوونەوە و مسۆگەرکردنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنچینەیییەکان بەشێوەیەکی یەکسان و دادپەروەرانە. بەڵام ئەم ڕێکارانە دەبێت سنووردار بن و لە ھیچ ھەلومەرجێک نەبنە ھۆی نایەکسانی و مافی تایبەت بۆ کۆمەڵەیەکی دیاریکراو.

بەندی پێنجەم پابەندیی گشتی (بەندی ٢) فراوانتر دەکات، پابەندییەکی تایبەتی دەھێنێتەکایەوە کە ھەستن بە مسۆگەرکردن و دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی بنەمای «یەکسانی لەپێش یاسا»ەوە بۆ ھەموو کەسێک بەبێ گوێدانە ڕەگەز، نەژاد، ڕەنگی پێست، سەرچاوەی نەتەوەیی یان سەرچاوەی ڕەگەزی. ھەروەھا زیاتر بەردەوام دەبێت لەسەر مافە دیاریکراوەکانی ئەم یەکسانییە کە دەبێت پەیڕەو بکرێت بەسەر یەکسانیی مامەڵەکردن لەلایەن دادگاکانەوە، ئاسایش و سالامەتیی کەسەکە، بەکارنەھێنانی توندوتیژی، مافە مەدەنی و سیاسییەکان، مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان لەگەڵ مافی توانای گەیشتن بە شوێن و خزمەتگوزارییە گشتییەکان.[٦]

بەندی شەشەم لە پەیماننامەکە لایەنەکان پابەند دەکات کە ڕێکاری کاریگەر بگرنەبەر بۆ پاراستن و ڕێگەگرتن بەرامبەر ھەر جیاکارییەکی ڕەگەزی لەڕێی دادگا و دامەزراوە داداوەرییە یاسایییەکانەوە؛ و ئەم بەندە مافی ڕێگریی یاسایی و قەرەبووی زیانەکان لەخۆدەگرێت، کە دەکرێت ھۆکارەکەی جیاکاری بووبێت.

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ^ ICERD, Article 2.1
  2. ^ ICERD, Article 4
  3. ^ «Parties to the International Convention on the Elimination of All Forms of Racial Discrimination». United Nations Treaty Collection. لە ڕەسەنەکە لە ١١ی شوباتی ٢٠١١ ئەرشیڤ کراوە. لە ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢١ ھێنراوە.
  4. ^ United Nations General Assembly Resolution 1779 (XVII), 7 December 1962.
  5. ^ United Nations General Assembly Resolution 1781 (XVII), 7 December 1962.
  6. ^ Schwelb، Egon (1966). «The International Convention on the Elimination of All Forms of Racial Discrimination». International & Comparative Law Quarterly. 15 (4): 996–1068. doi:10.1093/iclqaj/15.4.996.