بۆ ناوەڕۆک بازبدە

پەنا بۆ کەس بردن

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

پەنا بۆ کەس بردن (appeal to person یا ad hominem) ئەو ھەڵە لۆژیکییەیە کە لە کاتی وەڵامدانەوە بە ھەندێ بەڵگەھێنانەوە ڕوو دەدا و، تیایا لە جیاتیی سەرنجدان بە جەوھەر و ماکی خودی بەڵگەکە، ھێرش دەکرێتە سەر ئەو کەسەی بەڵگەکە دێنێتەوە و، کەسایەتی و ئاکاری دەکەوێتە بەر پەلامار. بەھێزبوون یا لاوازبوونی بەڵگە ھەڵناگەڕێتەوە بۆ ئەو کەسەی دەیھێنێتەوە، بەڵکوو دەگەڕێتەوە بۆ ڕاستیی پێشەکییەکان و ئەوە کە چەندە پاڵپشتی لە ئاکامەکە دەکەن. ئەگەر بەڵگەیەکی لۆژیکی بەڵگەیەکی باشە، ئیتر ئەوە گرنگ نییە کە ئاخۆ لە لایەن ڕێزدارترین کەسی دنیاوە پێشکەش کراوە، یا لە لایەن مناڵێکەوە.[١]

بۆ وێنە، ئەمەی خوارەوە بەڵگەھێنانەوەیەکی گەلێ باشە، ئەگەرچی لە دەمی سەددام حوسێن دەرچووە:

«ئێمە لەو باوەڕەداین کە بە پەروەردەکردنی ژنان و، بە ئاسانکردنی دامەزران و دۆزینەوەی کار بۆیان، ھەم لە بواری ئابووری و ھەم لە بوارە کۆمەڵایەتییەکاندا، کەم تا کورتێ ڕێگەی ڕزگارییان بۆ خۆش دەبێ. ئێمە ھەروەھا دایەنگە و باخچەی مناڵانمان دروست کردووە، بۆ ئەوە ئەو دایکانەی سەر کار دەچن، شووەکانیان بۆڵەبۆڵیان بەسەرا نەکەن و نەڵێن ئەرکی ژن لە ناوماڵەوە دەست پێ دەکا.»[٢]

یا ئەم قسەیە کە «ھەموو ئینسانەکان ھاوپلەی یەکتر خەلق کراون» و تۆماس جێفرسۆن خستوویەتە ناو ڕاگەیەنراوەی سەربەخۆییی ئەمریکاوە، قسەیەکی زۆر جوانە، ئەگەرچی جێفرسۆن بۆ خۆی کۆیلەدار بووە.[٣]

پەنا بۆ کەس بردن بە چەند شێوە دەکرێت. یەکێکی ئەوەیە کە ھێرش بکرێتە سەر خوو و ڕەوشتی ئەو کەسەی بەڵگەکە دێنێتەوە. یەکێکی تریشی ئەوەیە کە تاسە و ھۆگرێتییەکانی وەبەر پەلامار بدرێ. بەڵام، ئەوەی کە زۆرتر باوە و ناسراوترە، ھێرش ھێنان بۆ کار و کردەوە پێشووکانیەتی کە لەگەڵ ئیددیعاکەیا ناخوێنێ. ئەم شێوەی دوایییە tu quoque (تۆش ھەروەھا)ی پێ دەوترێ.[١]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ^ ئ ا Tittle، Peg. Critical thinking, an apeal to reason. p. 113.
  2. ^ Munthe، Turi (2002). The Saddam Hussein reader. Internet Archive. New York : Thunder's Mouth Press. ISBN 978-1-56025-428-7.
  3. ^ Peterson, Merrill. Thomas Jefferson and the New Nation: A biography. p. 90. Oxford University Press, 1970.